سێ شه‌ممه‌, 08 ی نیسان , 2025
ئەكسیۆس: ترەمپ لە نامەكەیدا بۆ خامەنەیی مۆڵەتی دو مانگی داوە بە ئێران بۆ رێككەوتن
  2025-03-19       556       

پێگەی "ئەكسیۆس"ی ئەمریكی لەزاری چەند سەرچاوەیەكەوە بڵاویكردۆتەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمریكا لە نامەكەیدا بۆ عەلی خامەنەیی، رێبەری ئێران، مۆڵەتی دو مانگی داوە بە تاران بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی.

ئاوێنە: پێگەی ئەكسیۆسی ئەمریكی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە زاری پەرسێكی ئەمریكی و دو سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویكردۆتەوە، نامەكەی ترەمپ بۆ خامەنەیی "توند بوە"، لەلایەكەوە پێشنیاری بەڕێوەچونی دانوستانی لەبارەی رێككەوتنێكی نوێی ئەتۆمی كردوە بەڵام لەلایەكی دیكەوە هۆشداری داوە لە ئەگەری رەتكردنەوەی پێشنیارەكە لەلایەن ئێران و بەردەوامبونی لەسەر پەرەپێدانی بەرنامە ئەتۆمییەكەی.

دو سەرچاوەكە ئاماژەیان بەوەداوە، ترەمپ لە نامەكەیدا وتویەتی، دانوستانی كراوەی ناوێت و مۆڵەتی دو مانگی بە تاران داوە بۆ گەیشتن بە رێككەوتن.

بەرپرسێكی ئەمریكی و یەكێك لە سەرچاوەكان وتویانە، بەر لە رادەستكردنی نامەكە بە ئێرانییەكان، كۆشكی سپی بەشێكی زۆر لە هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لەوانە ئیسرائیل، سعودیە و ئیماراتی لە ناوەڕۆكی نامەكە ئاگاداركردونەتەوە.

پێگەی ئەكسیۆس ئاماژەی بەوەداوە، دیار نییە ماوەی دو مانگ مۆڵەتەكە لە كاتی رادەستكردنی نامەكەوە دەستپێدەكات یان لە كاتی دەستپێكردنی دانوستانەكانەوە، بەڵام ئەگەر ئێران پێشنیارەكەی ترەمپ رەتبكاتەوەو دانوستان نەكات، ئەوا هەلی بەكارهێنانی بژاردەی سەربازی لەلایەن ئەمریكا یان ئیسرائیلەوە دژبە دامەزراوە ئەتۆمییەكانی ئەو وڵاتە زۆر زیاد دەكات.

دو هەفتە لەمەوبەر دۆناڵد ترەمپ ئاشكرایكرد كە نامەیەكی بۆ رێبەری ئێران ناردوەو پێشنیاری ئەنجامدانی دانوستانی راستەوخۆی كردوە.

چەند رۆژێك لەمەوبەر نێردەی ترەمپ لە كۆبونەوەیەكدا لە ئەبوزەبی، نامەكەی سەرۆكی ئەمریكای گەیاندە محەمەد بن زاید، سەرۆكی دەوڵەتی ئیمارات و رۆژێك دواتر، ئەنوەر قەرقاش، نوێنەری محەمەد بن زاید سەردانی تارانی كردو نامەكەی رادەستی عەباس عیراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران كرد.

هەفتەی رابردو عەلی خامەنەیی، رێبەری باڵای ئێران، نامەكەی ترەمپ و پێشنیارەكەی بۆ دانوستان بە "چەواشەكردنی رای گشتی" ناوبرد بە ئامانجی دروستكردنی تێڕوانینێك كە گوایە ئێران دانوستان رەتدەكاتەوە.

خامەنەیی ئاماژەی بەوەشدا كە دانوستان لەگەڵ ئەمریكا رەتدەكاتەوە، بەڵام چەند سەعاتێك لەدوای ئەو لێدوانانەی خامەنەیی، نوێنەرایەتی ئێران لە نەتەوە یەكگرتوەكان لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەگەر ئامانج لە دانوستانەكان رەواندنەوەی ئەو نیگەرانییانە بێت كە لەبارەی دەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەكی ئەتۆمی هەن، ئەوا دانوستانی لەم جۆرە جێگەی دیراسەكردنە، بەڵام ئەگەر ئامانج بۆ هەڵوەشاندنەوەی بەرنامە ئەتۆمییە ئاشتیخوازانەكەی ئێران بێت، بەهیچ شێوەیەك دانوستانی لەو شێوەیە ناكرێت.

سەرەتای ئەم هەفتەیەش وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، نامەكەی ترەمپ تاوەكو ئێستا دیراسەدەكرێت و ئێران وەڵامی خۆی دەبێت.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×