موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی پاراستنی گەل (نەپەگە) ڕایگەیاند، پەکەکە خاوەنی چەکی کوشندە و پێشکەوتوە کە توانای گەیشتن بە مەودای 800 کیلۆمەتر هەیە و توانیویانە سود لە زیرەکی دەستکرد وەربگرن بۆ پوچەڵكردنەوەی كاریگەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. دەشڵێت، "توركیا دەبێت هەلومەرج دروست بکات و ئێمە بەبێ مەرج و بێ بەرامبەر چەکەکانمان دانانێین".
ئاوێنە: موراد قەرەیلان، ئەمڕۆ چوارشەممە لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی العهد-ی عێراقی ڕایگەیاند، پەکەکە خاوەنی چەکی کوشندە و پێشکەوتوە کە توانای گەیشتنی بە مەودای 800 کیلۆمەتر هەیە، هەروەها لە ئێستادا هێزەکانیان لە تورکیا چالاکیی سەربازی کاریگەر ئەنجام نادەن و خەریكی گۆڕانکارین لە ستراتیژی جەنگ، ڕەنگە لە هەر ساتێکدا بە شێوەیەکی کاریگەرتر دەست پێبکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هێشتا هەندێک لە سەرکردەکانی پارتەکە بە بیرۆکەی دانانی چەکەکانیان ڕازی نین و پێویستیان بە ڕونکردنەوەی زیاترە. هەروەها لەم دواییانەدا کۆبونەوەیەکی گرنگیان سەبارەت بە شەڕ و ستراتیژەکەی ئەنجامداوە.
قەرەیلان باسی لەوەشكرد، توركیا هەمو جۆرە چەكێكی لە شەڕەكاندا بەكارهێناوە و پەكەكەش هەندێک لە شێوازەکانی بۆ رای گشتی ئاشکرا نەکردوە لەبەر هۆکاری پەیوەست بە نهێنییەکانی سەردەمی جەنگ.
دەشڵێت، "لە نێو ئەو شێوازانەدا بەکارهێنانی رۆبۆتەکان بو لە لایەن تورکیاوە لە دژی گەریلاكانمان لە تونێلەکاندا، بەڵام کاریگەرییان بە سەرکەوتویی پوچەڵکرایەوەو، ئامادەکاریمان بۆ شەڕ و ئاشتی کردوە و لە جاران بەهێزترین".
قەرەیلان ڕونیكردەوە، لە ساڵی 2018ەوە کاردەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە تەکنەلۆژیای دەوڵەتی تورکیا و توانیویانە سود لە زیرەکی دەستکرد وەربگرن بۆ پوچەڵكردنەوەی كاریگەری فڕۆکەی بێفڕۆکەوان. بەو پێیەی زۆربەیان ناتوانن بەسەر ئاسمانی ئەواندا بفڕن.
قەرەیلان دەڵێت "ئێمە بزوتنەوەیەکی سەرکردایەتیین، هەرچی سەرکردە بڵیێت جێبەجێی دەکەین، بەڵام نەک لەسەر بنەمای شکستی لایەنێک و سەرکەوتنی لایەنێكی دیكە، بەڵکو بەپێی پرەنسیپی دو هێز شەڕی یەکتر دەکەن بۆ ماوەی 41 ساڵ".
هەروەها داوای لە بەرپرسانی تورکیا کرد، واز لە قسەکردنی هەڕەمەكیانە بهێنن، ئەگەر ئاشتییان دەوێت، دەبێت هەلومەرجەکە دروست بکەن، ئەگەرنا ئەوان بەبێ مەرج و بەبێ بەرامبەر چەکەکانيان دانانێین.