پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕایگهیاند، بانگەوازەکەی رێبەر عهبدوڵا ئۆجهلان دەستپێشخەرییە بۆ دەربازبون لەو چەقبەستوییە و هەروەها دەرفەتێکی مێژویی بۆ دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە بە مەبەستی چارەسەریی و هەنگاونان بەرەو دیموکراسی خولقاندوە، دهشڵێت، "پشتیوانیی خۆمان لە بانگەوازو دەستپیشخەرییەکەی بۆ دەستەبەربونی ئاشتی بەردەوام لە تورکیا رادەگەیەنین و چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتیخوازانەی پرسی کورد لە رێگەی وتوێژ وەک چارەسەری بنەڕەتی هەڵدەسەنگێنین".
ئاوێنە: پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ئهمڕۆ یهكشهممه له بهیاننامهیهكدا باسی لهوهكردوه، "بانگەوازەکەی رێبەر ئاپۆ بە شێوەیەکی تایبەت ئاماژەی بە چارەسەری ئاشتییانەی پرسی کورد، دامەزراندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و هەروەها گۆڕانکاری بنەڕەتی لە رەوتی تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلی کورد کردوە، لە رۆژهەڵاتی ناوییندا ئاڵوگۆڕەکان بە شێوەیەکی بەرفراوان و خێرا بەڕێوەدەچن، ناوچەکە چیتر توانای پەنگخواردنەوەو چەقبەستوویی ئەو کێشەو قەیرانانەی نەماوە کە دەرئەنجامی سیاسەتی پاوانخوازانەی دەوڵەت – نەتەوەکانە".
ئاماژهی بهوهشكردوه، زێهنییەتی نەتەوەپەرەستی هەم وەک سەرچاوەی دروستبونی کێشەگەلی دژوارو ئەستەم بۆ ناوچەکەو هەمیش وەک لەمپەر مکوڕە لە ئاستەنگکردن بۆ چارەسەریی ئەم کێشانە، لەم نێوەداو بەتایبەتی پرسی کورد، کە بە هۆی روانینی ئەمنی و رێگەچارەی سەرکوتکردن بە هێزی سەربازی کە دەرهاوێشتەی زێهنییەتی دەوڵەت – نەتەوەیە، وەک برینێکی قوڵ و گرێکوێرەی لێهاتوە کە نیشانەیەکی تەواوە لە داماوی رژیمە دەسەڵاتدارەکانی رۆژهەڵاتی ناویینە لە چارەسەرکردنی کێشەکان.
پژاک دهڵێت، "بانگەوازەکەی رێبەر ئاپۆ دەستپێشخەرییە بۆ دەربازبون لەم چەقبەستوییەو هەروەها دەرفەتێکی مێژویی بۆ دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتانی دیکەی ناوچەکە بە مەبەستی چارەسەریی و هەنگاونان بەرەو دیموکراسی خولقاندوە، بێگومان بەئاکام گەیشتنی ئەم دەستپێشخەرییەی رێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی، گرێدراوی ئازادیی جەستەیی بەڕێزیان و سەرجەم گیراوانی سیاسی، کۆتاییهێنان بە شەڕ لە لایەن دەوڵەتی تورکیا و هەروەها رەخساندنی کەشی سیاسی دیموکراتیک و لایەنە یاساییەکانە".
ئهوهش خراوهتهڕو، "رێبەر ئاپۆ لە پەیامی مێژویی خۆیدا سەرنجی راکێشاوەتە سەر ئەم بابەتەش کە بزوتنەوەی ئازادیخوازی لە کوردستان سەرەڕای فیداکاریێکی مەزن، لە ئەنجامی تەنگ وچەڵەمەی زێهنییەتی و ئەو پێکهاتەی کە دەرهاوێشتەی روانگەکانی جیهانی دوجەمسەری بو، نەیتوانی بە تەواوی وڵامدەری چارەسەرکردنی ئەم پرسە بنەچینەییە بێت، نیو سەدە تێکۆشانی بێهاوتای پارتی کرێکارانی کوردستان (پهكهكه) نەتەوەی کوردی لە مەترسیی پاکتاوی رەگەزی پاراست و ئەو سیاسەتانەی تێکشکاند کە لە سەر بنەمای حاشاکردن لە هەبونی گەلەکەمان بەڕێوە دەچون".
پژاک ڕونیكردوهتهوه، نەتەوەی کورد قۆناغی "ژیانەوە" و پرسی هەبون وەک نەتەوەی بە سەرکەوتویی تێپەڕکردو گەیشتە قۆناغی خۆییبون، خۆبەڕیوەبەری و پێشەنگایەتیکردنی دیموکراسی، بێگومان سەرخستنی ئەم قۆناغەش پێویستی بە روانگەو رێکاری نوێ بۆ درێژەی تێکۆشان هەیە.
له ڕاگهیهندراوهكهدا ئهوهش هاتوه، "دوا پەیام و بانگەوازی رێبەر ئاپۆ گەلێک بابەتی سەرەکی، بەنرخ و ژیانیی لەخۆگرتوە، ئێمەش وەک پارتێک کە فەلسەفەو پاڕادایمی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی رێبەر ئاپۆمان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان کردوەتە بنەمای تێکۆشانی خۆمان، بە هەمو شێوەیەک پشتیوانیی خۆمان لە بانگەوازو دەستپیشخەرییەکەی بەڕێزیان بۆ دەستەبەربونی ئاشتی بەردەوام لە تورکیا رادەگەیەنین و چارەسەری دیموکراتیک و ئاشتیخوازانەی پرسی کورد لە رێگەی وتوێژ وەک چارەسەری بنەڕەتی هەڵدەسەنگێنین و لەگەڵ ئەمە تێکۆشان بۆ ئافراندنی کۆمەڵگەی دیموکراتیک و کەسایەتی ئازاد بە رێگەی گەیشتن بە ئازادی دەبینین".