دوو شه‌ممه‌, 31 ی ئازار , 2025
ئەعرەجی: دوژمنایەتیمان لەگەڵ ئەمریکادا نییە و ڕێککەوتنێکی ستراتیژیمان هەیە
  2025-03-02       199       

قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق  ڕایگه‌یاند، عێراق لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی خۆی دامەزراوە و حکومەتی عێراق ئارەزوی سەروەری دەکات، بەڵام جەختی لە ڕەتکردنەوەی "سیاسەتی دیکتاتۆرەکان" کردەوە، سەبارەت بە تویتەکەی سیناتۆرێكی ئەمریکی، وتی، "زۆر سوپاسی دەکەم و خزمەتگوزارییەکی بێبەرامبەری پێشکەش کردوە، چونکە هەندێک کەس تۆمەتبارم دەکەن بەوەی تامێکی ئەمریکیم هەیە، ئەویش دەڵێت تامێکی ئێرانیم هەیە و عێراقیم".

ئاوێنە: قاسم ئەعرەجی لە میانی وتارێكی ته‌له‌فیزیۆنیدا ڕایگه‌یاند، "لە فڕۆکەخانەی نەجەف هیچ شتێک ڕوینەدا کە نیگەرانی دروست بکات، هەمو شاندێک تیمێکی سیخوڕی پێشی دێت و ئەوەش زۆر ئاساییە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتی عێراق ئاره‌زوی سەروەرییەتی و ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادات سەروەری پێشێل بکات و قەتیسکردنی چەک لە دەوڵەتدا ئەولەویەتی حکومەتە".
 
قاسم ئەعرەجی باسی له‌وه‌شكرد، "حکومەتی عێراق لەگەڵ هەموان کارێکی زۆر دەکات بۆ ئەوەی لەژێر یەک ئاڵادا بن"، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە "عێراق لە ناوچەیەکی زۆر گرنگ و سەرەکییه‌، وڵاته‌كه‌ لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی دامەزراوە و ئەوەندە لاواز نییە دیکتاتۆره‌كان قبوڵ بکات".

ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ڕەتکردنەوەی خۆی بۆ "سیاسەتی دیکتاتۆرەکان" دەربڕی، وتی، "حکومەت توانای دەرکردنی بڕیار و جێبەجێکردنی هەیە"، جەختیشیکردەوە، "ئێمە دوژمنایەتیمان لەگەڵ ئەمریکادا نییە و ڕێککەوتنێکی ستراتیژیمان هەیە".

سەبارەت بە تویتەکەی سیناتۆری ئەمریکی ویلسۆن، ئەعەرەجی وتی، "زۆر سوپاسی دەکەم و خزمەتگوزارییەکی بێبەرامبەری پێشکەش کردوە، چونکە هەندێک کەس تۆمەتبارم دەکەن بەوەی تامێکی ئەمریکیم هەیە، ئەویش دەڵێت تامێکی ئێرانیم هەیە و عێراقیم".
 
په‌یوه‌ست به‌ سه‌ردانی ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی سوریا بۆ قۆناغی ڕاگوزه‌ر، باسی له‌وه‌كرد، "ئه‌وه‌ له‌سه‌ر حكومه‌تی عێراقه‌ به‌ له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌غدا دۆخی ئاسایشی به‌هێزه‌ و بانگهێشتنامه‌ بۆ كه‌سێك نانێرێت كه‌ توانا پاراستنی نه‌بێت".

سەبارەت بە چارەنوسی توێژەرێكی ڕوسی - ئیسرائیلی، قاسم ئەعرەجی ده‌ڵێت، "ئەو کچە بە فەرمی هاتوه‌تە عێراق بە پاسپۆرتی ڕوسییەوە، دواتر دیارنەماوە و هیچ لایەنێک ڕفاندن و داواکارییەکانی ڕانەگەیاندوە، دزەکردنەکان لە عێراقدا بونیان هەیە و دیارنیه‌ كێ له‌ پشت ڕفاندنی ئه‌و توێژه‌ره‌وه‌یه‌".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×