بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی وەزارەتی كارەبای هەرێم، ئەمشەو لە چوار گەڕەكی دیكەی شاری هەولێر كارەبا دەبێتە 24 کاتژمێری و بەكۆی گشتی 17 گەڕەک و 65 هەزار هاوبەش لە شاری هەولێر لەو خزمەتگوزارییە سودمەند بونە. هەروەها کارە تەکنیکییەکان لە هەردو پارێزگای سلێمانی و دهۆک دەستیانپێکردوە.
ئاوێنە: وەزارەتی كارەبا، ئەمشەو لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە درێژەی هەوڵەکانی حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕوناکی، ئەمشەو وەزارەتی کارەبا هەڵدەستێت بەدابینکردنی کارەبای نیشتیمانی 24 کاتژمێری بۆ چوار گەڕەکی دیکەی شاری هەولێر.
ئاماژەی بەوەشكرد، چوار گەڕەكەكە بریتین لە نیشتیمان، ڕاپەڕین، نەورۆز و ماردین کە نزیکەی 14 هەزار هاوبەشی لەخۆگرتوە. ئەوەش دوای ئەوە هات کە پێشتر 13 گەڕەک بە 51 هەزار هاوبەش سومەند ببون کە بریتین لە گەڕەكەكانی شادی، بەهاری نوێ، نازناز، بەختیاری، سەربەستی، کوران، کوردستان، ماجیداوە، ڕزگاری، بەهار، کرێکاران، ئازادی، ڕاستی.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، بەکۆی گشتی لەسەر ئاستی هەولێر، تا ئێستا 17 گەڕەک و 65 هەزار هاوبەش و نزیکەی 250 هەزار هاوڵاتی لەو خزمەتگوزارییە سودمەند بونە. هاوتەریب لەگەڵ شاری هەولێر، کارە تەکنیکییەکان لە هەردو پارێزگای سلێمانی و دهۆک دەستیانپێکردوە.
ئەوەشی خستەڕو، بەمزوانە چەند گەڕەکێک لە سلێمانی و دهۆك دەکرێن بە کارەبای 24 کاتژمێری. بەشێوەیەکی گشتی ئامانج ئەوەیە کە تا کۆتایی ساڵی 2026 کارەبای سەرتاسەری هەرێمی کوردستان بکرێتە 24 کاتژمێری.