ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە رایگەیاند، بەبێ دیراسەكردن، پەپەكە، بانگەوازەكەی ئۆجەلان بۆ چەك دانان جێبەجێ ناكات. دەشڵێت، ئەگەر هۆكارەكانی هەڵگرتنی چەك لابران، ئەوا چەكیش دادەنرێت.
ئاوێنە: دوای ئەوەی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، پەیامەكەی ئۆجەلان، رێبەری زیندانیكراوی پەكەكە لەلایەن وەفدی ئیمراڵیی دەم پارتییەوە، خرایەڕو كە تێیدا داوا چەكدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە دەكات، ساڵح موسلیم، ئەندامی دەستەی سەرۆكایەتی پەیەدە رایگەیاند، چاوەڕێی ئەوە دەكرێت كە بزانن كۆنگرەی پەكەكە چ بڕیارێك دەدات.
ساڵح موسلیم لە لێدوانێكدا بۆ كەناڵی "ئەلحەدەس" رایگەیاند، هیچ پێویستییەك بۆ هەڵگرتنی چەك لە ئارادا نییە ئەگەر رێگەی كاری سیاسییمان پێ بدرێت.
وتیشی، ئەگەر هۆكارەكانی هەڵگرتنی چەك لابران، ئەوا چەكیش دادەنرێت.
ساڵح موسلیم وتوشیەتی، لەكاتێكدا كە دەستدرێژییەكانی توركیا دوبارەدەبنەوە، هێشتا پێویستی بە چەكهەڵگرتن هەیە.
بەپێی قسەی ساڵح موسلیم، "بەبێ دیراسەكردن، سەركردەكانی پەكەكە بانگەوازەكەی ئۆجەلان جێبەجێ ناكەن."