ئایا ئۆجەلان دەتوانێت ببێت بەماندێلای تورکیا؟
  2025-02-27       607       

زیار گوڵ - پەیامنێری باڵای نێودەوڵەتی بی بی سی

 

عەبدوڵڵا ئۆجەلان دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ نوێنەرانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) لەزیندان، نامەیەکی نووسی‌و داوای هەڵوەشاندنەوەو چەکدانانی لەپەکەکە کرد.

پیاوێک کە ٤٦ ساڵ لەمەوبەر پارتی کرێکارانی کوردستانی دامەزراند، ئەمڕۆ لەپەیامێکدا، نەک هەر داوای لەئەندامانی پارتەکە کرد کە چەکەکانیان دابنێن، بەڵکو داوای هەڵوەشاندنەوەی پارتەکەشی کرد. پەیامی مێژوویی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە دەتوانێت کاریگەری لەسەر دەیان هەزار ئەندامی چەکداری پارتە کوردییەکانی تورکیا، ئێران، عێراق‌و سوریا هەبێت کە باوەڕیان بەفەلسەفەی شۆڕشگێڕانەی ئەوە.

پەیامی ئۆجالان لەلایەن نوێنەرانی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان خوێندرایەوە. ئەم نوێنەرانە لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا توانیویانە سێ جار لەگەڵ بەڕێز ئۆجەلان کۆببنەوە. بەڕێز ئۆجالان داوای لەپەکەکە کردووە کۆنگرە ببەستێت‌و تاوتوێی پێشنیاری چەک دانان‌و هەڵوەشاندنەوەی خۆی بکات.

هەفتەی ڕابردوو زاگرۆس هیڤا وتەبێژی پەکەکە پێی ڕاگەیاندین کە ئەوان پشتگیری لەپەیامەکەی بەڕێز ئۆجالان دەکەن بۆ ئەوەی لە قۆناغی سەربازییەوە بپەڕنەوە بەرەو قۆناغی سیاسی. وتیشی، دەبێت بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت‌و ڕێگەی پێبدرێت لەناوخۆی تورکیاوە بەسەلامەتی سەرکردایەتی ئەم پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی‌و یاساییە بکات.

تا ئێستا هیچ گفتوگۆیەک لەسەر چارەنووسی ئەندامانی پەکەکە نەکراوە، کە ئەگەر چەکەکانیان دابنێن ئایا دەتوانن بگەڕێنەوە بۆ تورکیا یان نا؟ ئایا لێبوردنی گشتی دەدرێت یان نا؟

دانوستانەکانی پشت پەردە لەنێوان نوێنەرانی سیاسی کوردو حکومەتی تورکیاو بەڕێز ئۆجالان لەسێ مانگی ڕابردوودا بەردەوام بووە. هێشتا ڕوون نییە کە تورکیا چ ئیمتیازێک یان بەڵێنێکی بە بەڕێز ئۆجالان داوە لەبەرامبەر ئەوەی داوای لەئەندامانی پارتەکەی کردووە چەکەکانیان دابنێن.

بەڕێز ئۆجالان لەپەیامەکەیدا باسی لەوە کرد کە کاتێک ئەم پارتە دامەزرا، هەموو دەرگاکانی چالاکیی سیاسی داخرا بوون، بەڵام ئەو پێیوایە ئەمڕۆ تورکیە توانای چارەسەرکردنی کێشەی کوردی هەیە لەڕێگەی سیاسییەوە.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان بۆ زۆرێک لەکوردەکان وەک ماندێلاکەیان وایە. وەک نیلسۆن ماندێلا کە سەرەتا بە"تیرۆریست" ناوزەد کرابوو، ساڵانێکە لەزیندانەوە سەرکردایەتی پارتەکەی دەکرد، بەڕێز ئۆجەلان ٢٦ ساڵە لەزینداندایە. بەڵام لەدیدی زۆرێک لەخەڵکی تورکیاوە ئەو پارتێکی دامەزراندو شەڕێکی دژ بە تورکیا دەستپێکرد کە لەماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا دەیان هەزار کەس لەهەردوولا کوژراون.

پەکەکە لەساڵی ١٩٧٨ دامەزراو نزیکەی چل ساڵ لەمەوبەر دەستی بەخەباتی چەکداری کرد. بەڕێز ئۆجالان لەساڵی ١٩٩٩ لەڕێگەی خوونی بەرەو ئەفریقای باشور ڕفێندراو بردیانەوە بۆ تورکیا، حکومەتی ئەوکاتی نیلسۆن ماندێلا بەڵێنی پەنابەری سیاسی پێدابوو.

هێزەکانی سوریای دیموکرات کە کورد سەرکردایەتی دەکات‌و پارتی پژاک لەئێران پەیڕەوی لەفەلسەفەی بەڕێز ئۆجالان دەکەن‌و ئەو بەڕێبەری ڕۆحی خۆیان دەزانن. بەڕێز ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەو لایەنانە نەکرد لەسوریاو ئێران، بەڵام بێگومان پەیامەکەی کاریگەری لەسەر ئەوان دەبێت. بەدڵنیاییەوە حکومەتەکانی ئێران‌و سوریاو عێراق بەدواداچوون بۆ ئەم هەواڵە دەکەن.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×