بەریتانیاو ئەڵمانیا بەجیا پێشوازی لە بانگەوازەكەی عەبدوڵا ئۆجەلان دەكەن و ئەڵمانیا دەڵێت، بانگەوازەكە دەرفەتێكە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی ئاشتیانەی هەمیشەیی بۆ پرسی كورد.
ئاوێنە: وتەبێژی حكومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئۆلاف شۆڵتز، راوێژكاری ئەڵمانیا پێشوازی لە بانگەوازەكەی ئۆجەلان دەكات بۆ دانانی چەك و هەڵوەشاندنەوەی پەكەكە.
وتوشیەتی، بانگەوازەكەی ئۆجەلان دواجار خستنەڕوی دەرفەتێكە بۆ تێپەڕاندنی ئەو شەڕە سەختەی كە هەیە و گەیشتن بە پێشهاتێكی ئاشتیانەی هەمیشەیی بۆ پرسی كورد.
وتەبێژی حكومەتی ئەڵمانیا ئەوەشی خستۆتەڕو، كۆتاییهێنان بۆ توندوتیژی یەكەم هەنگاوی گرنگە بەڵام پێویستی بە هەنگاوی زیاتر هەیە بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی هەمیشە بۆ گەلی توركیا كە ئەوەش رێزگرتن و پشتیوانی لە مافە كولتوری و دیموكراسییەكانی كورد لەخۆدەگرێت.
هاوكات وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا رایگەیاند، پێشوازی لە بەرەوپێشچون روەو ئاشتی و ئاسایش بۆ گەلی توركیا دەكەین.. هانی هەمو لایەنەكان دەدەین بەشداربن لە پڕۆسەیەكی ئاشتیانەو بونیادنەردا لەپێناو ئاسایش و سەقامگیری و رێزگرتن لە سەروەریی یاسا.
جەختیشی كردۆتەوە كە حكومەتی بەریتانیا پابەندە بە پشتیوانیكردنی ئەو هەوڵانەی دەبنە مایەی كەمكردنەوەی شەڕ و بەهێزكردنی سەقامگیری لە توركیا و هەروەها ناوچەكە بەگشتی.