ساڵح موسلیم: جێبەجێكردنی بانگەوازەكە، پێویستی بە ئازادكردنی ئۆجەلانە
  2025-02-28       277       

ساڵح موسلیم، ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆكایەتی پارتی یەكێتی دیموكرات-پەیەدە رایگەیاند، ئەگەر دەوڵەتی توركیا لەڕوی دیموكراتیزەكردنەوە هەنگاو بنێت، ئەوا هیچ پاساو و پێویستییەك بۆ چەك نامێنێت. جەختیش دەكاتەوە كە جێبەجێكردنی بانگەوازەكەی ئۆجەلان، پێویستی بە ئازادكردنی ناوبراو هەیە.

ئاوێنە: ساڵح موسیلم، ئەندامی ئەنجومەنی سەرۆکایەتی پەیەدە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیای رەسمی پەكەكە، لەبارەی بانگەوازكەی ئۆجەلانەوە جەختی لەوە کردۆتەوە كە جێبەجێ کردنی هەنگاوە مێژوییەکە پێویستی بە ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ هەیە و گتی: "ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازێکی مێژویی کرد و ئیدی تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەوڵەتی تورکە."

ساڵەح موسلیم وتی، ئۆجەلان دەرگای بە ڕوی چارەسەری سیاسیانەی پرسی کورددا کردوە و "لێرە بەدواوە ئەرکەکە لە ئەستۆی دەوڵەتی تورکە. ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی کرد کە پەکەکە کۆنگرەی خۆی ببەستێ و خۆی هەڵوەشێنێتەوە. بۆئەوەی ئەمەش بێتە ئاراوە، دەبێت ڕێبەر ئاپۆ بتوانێک ڕاستەوخۆ لەگەڵ پەکەکەدا بکەوێتە پەیوەندییەوە و ئەوە دەستنیشان بکات کە ڕێگەیەکی چۆن بگرێتەبەر، بۆ پێکهێنانی ئەم کۆنگرەیە دەبێت تورکیا نیازی خۆی دیاری بکات."

ساڵح موسلیم باسی لەوەکرد، ئۆجەلان بە شێوەیەکی ڕون و ئاشکرا ئەوەی نیشاندا کە بۆچی تێکۆشانی چەکداری دەستپێکردوە و وتی"ڕونبوەوە کە لەسەر بنەمای خۆپاراستن بۆ ئاسایشی گەل بو. گەر دەوڵەت لە ڕوی سیاسی، كولتوری، زمان و ئاسایشی گەلەوە هەنگاوی دیموکراسییانە بنێت، پرسی کورد بە سیاسەت چارەسەر بکات. گەر پرۆسەکە بەمشێوەیە ڕێگەی خۆی بگرێت، ئەوا پێویست بە تێکۆشانی چەکداری ناکات. ئیدی پرسی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و بوە بە پرسێکی نێودەوڵەتی. گەلی کورد گەیشتوە بەو ئاستەی تێکۆشانی سیاسی و دیبلۆماسی بەڕێوەبەرێت."

موسلیم ئاشکرای کرد، دەوڵەتی تورک لە هەمو کوردستاندا دوژمنایەتی کوردان دەکات و وتی: "گەر لە سوریادا چارەسەرێك نەیەتەئاراوە، عێراق و ئێرانیش بکەونە کێشە و قەیرانەوە، ئەوا دەوڵەتی تورک هۆکارەکەیەتی. لەبەرئەوەی دەوڵەتی تورک نایەوێت گەلی کورد هیچ مافێکی هەبێت. پەیوەست بەمەوە گەر لە تورکیادا گۆڕانکارییەک بێتەئاراوە، ئەوا ڕاستەخۆ کاریگەری لە پارچەکانی دیکەی کوردستان دادەنێت. بۆیە ڕێبەرێتی بۆ وەرگرتنی بڕیارێک بۆچونی هەمو کەسێک وەردەگرێت، وەک ئەوەی بۆچونی پارتی، یەكێتی و پارتەکانی دیکەی وەرگرت. هەرخۆی دەڵێت بە تێکۆشانی سیاسی و کۆمەڵایەتی پرسی کورد تێدەپەڕێنرێت."

وتوشیەتی"بۆیە دەرگای چارەسەرییەکی سیاسی کردەوە. پرۆسەیەکی زۆر پیرۆزە. پێشکەوتنی هەنگاوێکی لەم شێوەیە دڵخۆشی دێنێتەئاراوە. بونی دەوڵەتی تورک لە سوریادا بۆئەوەبو کە گەلی کورد مافەکانی خۆی بەدەست نەهێنێت. پێشکەوتنی پرۆسەیەکەی لەم شێوەیە بەمانای هێنانەئارای چارەسەرە لە سوریادا و گەر دەڵەتی تورک دەستوەردانی سوریا نەکات، ئەوا پێشکەوتنی ئەرێنی دروستەبن."

ساڵح موسلیم جەختی كردۆتەوە، بۆ ئەوەی پەکەکە کۆنگرەی خۆی ببەستێت، دەبێت دەوڵەتی تورک هەنگاوی ڕون بنێت و وتی"پەکەکە پێشتر ڕاگەیاندوە تا ئازادی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ نەیەتەئاراوە کۆنگرە نابەستێت. بۆیە ئەو هەلومەرجەی کە ڕێبەر ئاپۆی تێدایە پێویستە دەستبەجێ بگۆڕێنرێن و ئازادی جەستەیی ڕێبەریتی بێتەئاراوە کە دەبێتە بەردەوامیدانی هەنگاوە مێژویەکەی ڕێبەر ئاپۆ. ڕێبەر ئاپۆ بانگەوازی مێژویی کرد و ئێستا تۆپەکە لە گۆڕەپانی دەوڵەتی تورکە. بەم شێوەیە ئەم پرۆسەیە هەنگاو بە هەنگاو پێشدەکەوێت. ڕێبەر ئاپۆ دەرگای سیاسەتی دیموکراسیانەی کردەوە و ئیدی کەوتوەتەسەر دەوڵەتی تورک هەنگاوبنێت. لەم هەنگاوانەدا سەرەتا زیندانەکان بەتاڵ بکرێت و قەیوم لاببرێت. دەبێت هەنگاو بە هەنگاو ڕێگەی خۆی بگرێت. هەروەها پرۆسەکە لە ڕۆژێکدا ئەنجام نادات بەدەستەوە و تا ماوەیەکی درێژ بەردەوام دەبێت."

جەختیشی كردۆتەوە "جێگەی قبوڵکردن نییە دەوڵەتی تورک لە لایەکەوە بڵێت چەک دابنێن و لەولایشەوە لە هێرشەکانی بەردەوام بێت. لە لایەک دەوڵەتی تورک دەڵێت چەک دابنێنن و لایەکی دیکەوە هێرش دەکات. ئەگەر بەردەوام بێت پەکەکە چۆن چەک دابنێت؟ ئەم هەڵوێستەی دەوڵەتی تورک بانگەوازی تەسلیمبونە. گەریلا و گەلی کورد تەسلیمبون قبوڵ ناکات. دەوڵەتی تورک ئەگەر دەیەوێت چەک دابنرێت دەبێت گوێ لە لێدوانە مێژوییەکەی ڕێبەر ئاپۆ بگرێت. لە ساڵی 1984وە دەوڵەتی تورک لە دژی گەریلا هێرش دەکات، گەریلا خۆی دەپارێزێت و هێرش ناکات. دەوڵەتی تورک دەبێت ئاگربەست ڕابگەیەنێت. دەبێت دەوڵەتی تورک دوای بانگەوازەکەی ڕێبەر ئاپۆ هەنگاو بنێت. قۆناغی سەرەتای ئەم هەنگاوە، ڕاگەیاندنی ئاگربەستە. ئەگەر لە پراکتیکدا ئاگربەست دروست ببێت، ئەوا دەبێت بە هۆکارێک پەکەکە هەنگاوی دیکە بهاوژێت".

ساڵەح موسلیم وتوشیەتی"چارەسەری پرسی کورد گەیشتە قۆناغێکی نوێ. لە پڕۆسەیەکی نوێی لەم جۆرەدا، هەمو کەسێک خاوەن ئەرک و بەرپرسیارێتییە. دەبێت گەلی کورد و گەلانی دیکە بە ئەرک و بەرپرسیارێتی خۆیان هەستن. بە قۆناغێکی هەستیاردا تێپەڕدەبین، بەڕای من قورسە. بە ئەرێنی و هیواوە لە هەنگاوەکە دەڕوانین."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×