ئەپیكۆر: هیچ رێككەوتنێكمان لەگەڵ نەكراوە بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم
  2025-02-28       152       

دوای ئەوەی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، لە چەند سەعاتی داهاتودا دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم رادەگەیەنن، كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان-ئەپیكۆر دەڵێت، هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەندام لە كۆمەڵەكەمان نەكراوە كە ببێتە مایەی هەناردەكردنەوەی نەوت لە ئەمڕۆدا.

ئاوێنە: كۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی كوردستان-ئەپیكۆر، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا كە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس بڵاویكردۆتەوە، وتویەتی، وەك ئەوەی پێشتر چەندین جار دوپاتمانكردۆتەوە، لەگەڵ گەیشتن بە رێككەوتنی رەسمی بۆ دابینكردنی گەرەنتی پێدانی شایستە داراییەكانی پێشو و داهاتو بەشێوەیەك كە بگونجێن لەگەڵ مەرجە یاسایی و بازرگانییەكانی گرێبەستەكانی ئێستادا، كۆمپانیاكانی ئەندام لە كۆمەڵەكەمان ئامادەن بۆ دەستبەجێ هەناردەكردنەوەی نەوت.

وتوشیەتی، تاوەكو ئێستا هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەندام لە كۆمەڵەكەمان لەوبارەیەوە نەكراوە.

ئەپیكۆر جەختیشی كردۆتەوە كە هیچ رێككەوتنێك لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەندام لە كۆمەڵەكەمان نەكراوە تا ببێتە مایەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە ئەمڕۆدا.

ئەو راگەیەندراوەی كۆمەڵەكە، دوای نزیكەی یەك سەعات دێت لە لێدوانێكی حەیان عەبدولغەنی كە تێیدا وتی، لەماوەی چەند سەعاتی داهاتودا عێراق دەستكردنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی كۆمپانیای سۆمۆ و بەندەرەی جەیهانی توركییەوە رادەگەیەنێت.

وەزیری نەوتی عێراق وتیشی، لە سەرەتادا تێكڕای هەناردەی رۆژانەی نەوتی هەرێم 185 هەزار بەرمیل دەبێت و پاشان پێ بەپێ زیاد دەكرێت تاوەكو دەگاتە ئەو بڕەی كە لە بودجەی گشتی عێراقدا دیاریكراوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×