ئا: ئاوێنە
سەلاحەدین دەمیرتاش، لەوتارێکدا کە بەبۆنەی پەیامەکەی ئۆجەلانەوە بەژێر ناوی "با هەموومان لەگەڵ ئاشتی بین" بڵاویکردوەتەوە، داوا لەکوردو تورک دەکات لایەنگری ئاشتی بنو کۆتایی بەشەڕ بهێنن، ئەو دەڵێت "خوای گەورە تەمەنێکی درێژو تەندروست بەئەردۆغانو باخچەلیو ئۆجەلان ببەخشێت، هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی ئەم سێ سەرکردەیە کە دەستپێشخەرییان کرد بۆ ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئاشتی مێژوویی کورد-تورک، سەرکەوتوو بن".
دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە، کە ئێستا لەزیندانە، لەوتارەکەیدا دەڵێت "ئەو هەوڵە نوێیە کە بەدەستپێشخەری دولەت باخچەلیو ڕەجەب تەیب ئەردۆغانو عەبدوڵڵا ئۆجەلانەو یەکەم نۆبەرەی خۆی لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزاندا وەدیهات، کەسانێک هەن متمانەیان بەو سەرکردانە هەیەو هەریەکەیان بەهێزترین کەسایەتییە لەنێو ئەو گروپانەی کە نوێنەرایەتیان دەکەن، کەسانێکیش هەن متمانەیان پێیان نییەو نیگەرانن .
بێگومان هەردوولا هۆکاری دروستی خۆیان هەیە، کەس ناتوانێت نکولی لێبکات. ڕێک دژواری ئاشتی لێرەدایە؛ ئاشتییەکی بەردەوام تەنیا لەڕێگەی پڕۆسەیەکەوە بەدەست دێت کە زۆرینەی کۆمەڵگا متمانەی پێ بکاتو باوەڕی پێ بکاتو لەناخی دڵەوە پشتگیری بکات".
دەشڵێت "رێگە بدەن ئەوەی کە بڕیارە ئەنجام بدرێت ڕوونبکەمەوە: براکانم ئێمە دەمانەوێت شەڕ و چەک و توندوتیژی و تیرۆر و خوێن و فرمێسک و مردن و ماڵوێرانی کۆتایی پێبێت. دەمانەوێت کۆتایی پێبێت؟! بێگومان بەمەرجێک هەموو ژێرخانی یاسایی و سیاسی پێویست لەسەر زەمینەی ئەنجومەنی گەورەی نیشتیمانی تورکیا دامەزرابێت".
پاشان دەمیرتاش جەغت لەوە دەکات کە "برای بهڕێزم، ئهگهر ئهوانهی چهكیان بهدهسته بڕیاری كۆتاییهێنان به جهنگ بدهن، تۆ بۆچی نیگهران دهبیت؟! ئەگەر بەپشتبەستن بەچەکی پەکەکە یان دەوڵەت سیاسەت دەکەیت، بەدڵنیایی نیگەران دەبیت لەکۆتایی هاتنی شەڕ، بەڵام هەموو شەڕێک کۆتایییەکی هەیەو مۆرالیترینو راسترین شت ئەوەیە پشتگیری لەئاشتی بکەیت و خۆتی بۆ ئامادە بکەیت. - “من کوردم، مافی من چی دەبێت؟” ئەگەر وا دەلێیت، سەرەتا دەبێت متمانەت بەخۆت هەبێت. متمانەت بەئەزموونەکانت، زانستەکانت، متمانەت بەکەسە ڕێکخراوو سیاسیەکانت هەبێت. بەئیمانەوە لەسەر ڕێگاکەت بەردەوام دەبیت، ئەوسا تێدەگەیت لەوەی ڕێگای خەباتی سیاسی ڕێگای خۆبەدەستەوەدان و شکست و دۆڕان نییە".
- “من تورکم، ئەگەر ئیمتیاز بە‘تیرۆر’ بدرێت، ئایا وڵات و دەوڵەتەکەم دابەش نابێت؟” ئەگەر لەمە دەترسی، سەرەتا دەبێت متمانەت بەخۆت هەبێت و پاشان برا هەزار ساڵەکەی خۆت کە کوردە. ئەگەر دەوڵەت ببێتە دەوڵەتی کوردیش، ئەگەر لە پاڵ کورد بوەستین کە بە سیاسەت و ڕێگای ئاشتیانە درێژە بەخەباتی خۆی دەدات بۆ ژیانێکی دادپەروەرانە و یەکسان و ئازاد، ئەگەر دەستیان بگرن، لەبری دووبەرەکی، دەبێت باوەڕ بەوە بهێنن کە ئێمە پێکەوە گەشە دەکەین".
دەشڵێت "چارەسەرەکە سادەیە بەڵام جدییە. جدییە چونکە ئەمە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، دەستەکان هێشتا لەسەر پەلەپیتکەی تفەنگن، هێشتا خوێن دەڕژێت. جدییە چونکە مردن جدییەو تاکە شتێک لەمردن جدیترە ژیانە. هەوڵدان بۆ زاڵکردنی ژیان لەم دوو شتە جدییەوە ئەوەندە ئاسان نییە کە لەدەرەوە دەردەکەوێت.
لە ئاشتی و ئاشتیکردن مەترسە براکەم. تورک و کورد، لەدەست خستنە ناو دەستی یەکترو گەورەتر کردنی تورکیا مەترسن. مەترسن پشتگیری لە هەر هەنگاوێک بکەیت کە ئارامی بۆ ناوچەکە بهێنێتە ئاراوە. مەترسن، ئەمجارە دەتوانین تفەنگەکان بێدەنگ بکەین و لێگەڕی سیاسەت قسە بکات. با پێکەوە لە ڕێگەی خەباتی سیاسییەوە بەسەر هەژاری و بێکاری و برسێتی و نادادپەروەری و نایەکسانی زاڵ بین. با دڵنیابین لەوەی ئەو ملیارەها دۆلارەی بۆ شەڕ خەرج دەکرێت، ڕاستەوخۆ بۆ خەڵک خەرج بکرێت. لەبیرمان نەچێت ئاشتی بەمانای نان و خواردن و کاریش دێت".
لەکۆتایی وتارەکەیدا دەڵێت "خوای گەورە تەمەنێکی درێژو تەندروست بەئەردۆغانو باخچەلیو ئۆجەلان ببەخشێت، هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی ئەم سێ سەرکردەیە کە دەستپێشخەرییان کرد بۆ ئاشتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستو ئاشتی مێژوویی کورد-تورک، سەرکەوتوو بن".
دەشڵێت "نامەوێت نەبرا سەربازەکەم لەگابارو نەبرا گەریلاکەم لەقەندیل بکوژرێت. پێویستە هەردووکیان واز لەتەقەکردن لەیەکتر بهێنن. سەرەتا با وەک تورک و کورد یەکتر لەباوەش بگرن بەڕێزی هەزار ساڵەوە، ئەوەی تر خەباتی سیاسییە، ئەوەیان کاری ئێمەی سیاسەتمەدارانە.
ئەم مانگی ڕەمەزانە ئاشتی و برایەتی و ئارامی هەمیشەیی لەگەڵ خۆی بهێنێت. هەر لەبەر ئەم هۆکارە با هەموومان لایەنگری ئاشتی بین".