ئا: ئاوێنە
حیکمەت چەتین، سیاسەتمەدار، دیپلۆماتکارو ئابووریناسی دیاری تورکیاو بەڕەچەڵەک کورد لە تەمەنی ٨٩ ساڵیدا لەنەخۆشخانەیەکی ئەستەنبوڵ ئەمڕۆ ٢٤ی تشرینی دووەم، کۆچی دوایی کرد، چەتین وەزیری پێشووی دەرەوەو سەرۆکی پەرلەمانو سەرۆکی پارتی کۆماری گەل (جەهەپە) بوو، کە جێپەنجەی خۆی بەسەر سیاسەتی تورکیاوە دیارە.
منداڵی لەگوندێکی ئامەدەوە تا ئەنقەرە
حیکمەت چەتین لەساڵی ١٩٣٧ لەقەزای لیجەی ئامەد لەکوردستانی باکور لەدایک بووە، قۆناغی سەرەتایی لەقەزاکە خوێندوویەتی. پاشان بەهۆی ئەوەی برا گەورەکەی لەئەنقەرە کاردەکات، لەوێ دەستی بە خوێندنی ناوەندی کردووە.
چەتین خۆی لەچاوپێکەوتنێکیدا ڕوونی کردەوە کە لەبەرئەوەی نەیتوانیوە لەلیجە بەزمانی تورکی بەباشی بخوێنێت، ناچار بوو لە قۆناغی ناوەندیدا بەحونجە کتێب بخوێنێتەوەو ئاماژەی بەوەشکردووە، کە لەدایکبوونیەوە تا کۆتایی خوێندنی سەرەتایی جگە لەقەزای لیسێ هیچ شوێنێکی دیکەی نەبینیوەو لەقوتابخانە فێری زمانی تورکی بووە.
"چەتین لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی "ئایا دەتوانیت بەزمانی کوردی قسە بکەیت؟"، لەوەڵامدا دەڵێت ""دەتوانم ڕۆژانە بەزمانی کوردی قسە بکەم، لەڕاستیدا لەقوتابخانە فێری زمانی تورکی بووم. برا گەورەیەکی زۆر بەدیسیپلینم هەیە. ئەو بەردەوام پێداگری دەکرد، چۆن بەتورکی قسە بکەم، لەتەمەنی ١٢ ساڵیدا بەتەواوی فێری تورکی بووم".
دەشڵێت "کە قۆناغی ئامادەییم تەواو کرد، هەمیشە فاکەڵتی زانستە سیاسییەکانم لەبەرچاو بوو، من حەزم لەسیاسەت بوو، لەساڵانی خوێندنی ئامادەییدا زۆر لەنزیکەوە دەستمکرد بە بەدواداچوونی. لەقەزایەکدا گرنگترین کەس کە دەیبینیت قایمقامی قەزاکەیە، لە پارێزگایەکدا گرنگترین کەس پارێزگارە".
چەتین چۆن چووە ناو سیاسەتەوە؟
چەتین دەڵێت "من هەر لەمنداڵییەوە حەزم لەسیاسەت بوو. هاتنە ناو سیاسەتم بەم شێوەیە ڕوویدا: بۆ پێشوازیکردن لەئێمە لەقۆناغی زانکۆدا، تورهان فەیزئۆغڵوم ناسی، پاشان وەک ناڕەزایی بەرامبەر بەفەرمانێکی وەزارەتی خوێندنی باڵا، دەستمان بەبایکۆت کرد. لەو کاتەدا ئیسمەت ئینۆنو تورهان فەیزئۆغڵوی بەدڵ بوو، هێنایە ناو ئەنجوومەنی حیزبەوە (جەهەپە). ئەویش دواتر منی بۆ سکرتێری لقی گەنجانی جەهەپە دیاریکرد، بەم شێوەیە دەستمپێکرد، پاشان لەهەڵبژاردنی ١٩٧٧، بولند ئەجەڤیت پەیوەندی پێوە کردمو وتی "دەمەوێت لەشوێنێکدا خۆت کاندید بکەیت کە بتوانیت سەرکەوتن بەدەستبهێنیت. وتم: من بەهیچ شێوەیەک ئامادەکاریم نییە، هیچم نییە. تەنانەت پارەشم نییە بیدەم. وتی: من پارەت دەدەمێ، دواتر دەتوانیت پارەم بدەیتەوە. ئەوەندە سەرم سوڕما. بە هیچ شێوەیەک لەخەونمیشدا نەبوو، هەرگیز بەمێشکمدا نەدەهات. بەهیچ شێوەیەک بیرم لەوە نەدەکردەوە".
چەتین لەساڵی ١٩٦٠ بەشی ئابووری و دارایی لەکۆلێژی زانستە سیاسییەکانی زانکۆی ئەنقەرە تەواو کردووە. دواتر لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕوانامەی ماستەری لە ئابووریی گەشەپێدان لەکۆلێژی ویلیامز بەدەستهێناوە و لە زانکۆی ستانفۆرد توێژینەوەی ئەنجامداوە.
حیکمەت چەتین لە ماوەی کارکردنیدا چەندین پۆستی باڵای لە تورکیا و دەرەوەی وڵات وەرگرتووە، کە گرنگترینیان ئەمانەن:
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا (TBMM) لەنێوان ساڵانی ١٩٩٧ بۆ ١٩٩٩،
سەرۆکی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (CHP) لە شوباتی ١٩٩٥ تا ئەیلوولی ١٩٩٥.
وەزیری دەرەوەی تورکیا لە نێوان ساڵانی ١٩٩١ بۆ ١٩٩٤و ڕۆڵێکی دیاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەدا هەبووە.
جێگری سەرۆکوەزیران، دوو جار ئەم پۆستەی وەرگرتووە، یەکەمجار لەحکومەتەکەی بولەنت ئەجەڤیت (١٩٧٨–١٩٧٩) و دووەمجار لە حکومەتەکەی تانسو چیلەر (١٩٩٥).
لە ساڵانی ٢٠٠٣ بۆ ٢٠٠٦ وەک نوێنەری باڵای مەدەنیی هاوپەیمانیی ناتۆ لەئەفغانستان دەستنیشان کراوە.
لەخولە جیاوازەکاندا وەک پەرلەمانتاری شارەکانی ئامەد، ئیستەنبوڵ و غازی عەنتاب هەڵبژێردراوە. چەتین لە نێوەندی سیاسیی تورکیادا وەک کەسایەتییەکی میانڕەو، دیپلۆماتکارێکی بەئەزموون و دەوڵەتمەدارێکی سازانخواز دەناسرا کە لە زۆربەی قۆناغە هەستیارەکاندا پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا هەبووە.
"بەشداریی 7 ئەندامی HEP لەکۆنفرانسی کوردی پاریس خاڵی وەرچەرخان بوو"
دوای ئەوەی چەتین پۆستی گرنگی لەجەهەپە وەرگرت، لەساڵی 1977 هاتە ناو پەرلەمانو وەک جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی جەهەپە کاری کرد. دوا بەدوای داخرانی جەهەپە لەدوای کودەتاکەی ساڵی ١٩٨٠، لەگەڵ (SHP) درێژەی بەژیانی سیاسی خۆی دا.
پارتی گەلی سۆسیال دیموکرات (SHP)، دوای داخستنی جەهەپە وەک میراتگری ئەو پارتە درێژەی بەچالاکیەکانی دا. پارتی SHP لە هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ساڵی ١٩٩١دا هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی ڕەنجی گەل (HEP) پێکهێنا کە پارتێکی کوردی بوو. ئەم هەنگاوە بووە هۆی ئەوەی بۆ یەکەمجار چەندین پەرلەمانتاری کورد (وەک لەیلا زانا و ئەحمەد تورک) لەسەر لیستی ئەو پارتە بچنە پەرلەمانی تورکیا.
چەتین دەڵێت "حەوت پەرلەمانتار بەسەرۆکایەتی ئەحمەد تورک لەکۆنفرانسی کوردی پاریسو دامەزراندنی پارتی ڕەنجی گەل (HEP) لەساڵی ١٩٩٠ لەلایەن کۆمەڵێک پەرلەمانتاری کوردو چەپەوە، کە لە (جەهەپە ( یان (SHP) جیاببوونەوە. خاڵی وەرچەرخان بوو لەژیانی سیاسیی مندا. ئەوە پرسێکی سەرنجڕاکێشە، خاڵی وەرچەرخانە، من جێگری سەرۆکی گروپەکەم، ئەحمەد تورک هاتە ئۆفیسەکەم و وتی، حەوت هاوکارمان بانگهێشتنامەیان بۆ کۆنفرانسێک لەپاریس وەرگرتووە، ڕای تۆ چییە؟ من گوتم: من جێگری سەرۆکی گروپەکەم، بەڵام ناتوانم بڵێم.' پەیوەندیم بەئاردال ئینینۆوە کرد، چوارشەممە بوو، هەرگیز هیچم لەبیرناچێت، وتم: ڕای تۆ چییە؟ هەروەها دەنیز بایکال سکرتێری گشتی بوو وتی: با پێنجشەممە لەگەڵ دێنیز بەی پێکەوە نان بخۆین و باسی ئەم بابەتە بکەین.’ دوای گفتوگۆیەکی درێژخایەن بڕیار درا کە نابێت بچن، دوای نانخواردن تەلەفۆنم بۆ ئەحمەد تورک کرد، ئەویش هات وتم: ‘هەردووک سەرۆکی گشتیو سکرتێری گشتی، وەک گروپێک پێکەوە بڕیاریان دا کە گونجاوە بۆ ئێوە نەڕۆن.’ هیچی نەوت، وەک ئەوەی بڵێت ‘باشە’ و ڕۆیشت".
چەتین دەشڵێت "ئەم ڕووداوە ڕۆژی پێنجشەممە ڕوویدا. ڕۆژی شەممە ڕۆژنامەنووسان تەلەفۆنیان بۆ کردم و گوتیان '٧ پەرلەمانتار دەڕۆن. بیرم کردەوە ئای نا! تەلەفۆنم بۆ ئاردال کردو گوتم بەداخەوە هاوکارەکانمان ڕۆیشتوون. ڕۆیشتن، هیچ لێدوانێکیان نەدا؛ هیچیان بەڕۆژنامەنووسان نەگوت، کەسیش لەکۆنفرانسەکەدا قسەی نەکرد. گوێیان گرتو هاتنەوە. هیچی تر لەوەدا نییە. ئێمە ئەوەمان دیاری کردبوو. گەڕانەوە. لەگەڵ ئاردال قسەمان کرد. گوتمان مەسەلەی دیسپلینییە. لەڕاستیدا گونجاوتر دەبێت لەلیژنەی دیسپلیندا ئەو کارە بکرێت. دەکرێت سزای دیسپلینیان پێبدرێت، وەک ئەوەی بۆ ماوەی ٦ مانگ بەشداری نەکردن لە گروپەکەو هتد.' بەڵام بە هۆکارێکەوە ڕەوانەی لیژنەی باڵای دیسپلین کرا. ئێستا، ئەوە خاڵی وەرچەرخانێکی مێژووییە. زۆر لێیانپاڕامەوە: 'مەیکەن'. بیرکردنەوەی ئاردال بەم شێوەیە بوو: ئەگەر لەحزبە گەورەکاندا جێگەی ئەم کەسانە نەدەین، حزبێک لەسەر بنەمای نەتەوە پێکدەهێنرێتو ئەوەش سوودی بۆ کەس نابێت. یەک بەیەک تەلەفۆنم بۆ ئەو پێنج کەسە کرد کە لیژنەی باڵای دیسپلین بوونو وتم: تکایە مەیکەن، دەریان مەکەن، تکایە. فیکریت ئۆڤێت هەبوو، خودا ڕۆحی شاد بکات؛ ئەندامی پەرلەمانی سینۆپ. منیش لەفیکریت پاڕامەوە، ئەگەر کەسێکی بەجێهێشتبایە، دۆخەکە بەشێوەیەکی تر کۆتایی دەهات. سەرەنجام دەرکران. ڕۆژی دواتر هەموو سەرۆک پارێزگاکانمان دەستیان لەکارکێشایەوە. ئەوە خاڵی وەرچەرخانێک بوو بۆ جەهەپە. دوای ئەوە هەموو شتێک پێچەوانە بووەوە. سەرۆکی پارێزگاکان ڕۆیشتن. گەورەترین بنکەی دەنگدەرمان کورد وعەلەوی بوون. ئێمە دۆڕاین. چونکە نەمانتوانی بەڕێوەی ببەین. کەواتە، ئەگەر دەرنەکرابایە، لەوانەیە ئەو شتانە ڕوویان نەدابا. بەداخەوە ڕووداوێکی وەها کارەسات بوو".
پاسپۆرتی دیپلۆماسیم بە بارزانی و تاڵەبانی دا
حیکمەت چەتین، وردەکاریی پشت پێدانی پاسپۆرتی دیپلۆماسی بەمەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستانو جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە ساڵی 1992 ئاشکرا دەکاتو دەڵێت "بارزانیو تاڵەبانی تەنانەت نەیاندەتوانی گەشت بۆ بەغداش بکەن، ئەو بەڵگەنامەشیان نەبوو کە پێویست بوو بۆ سەردانی وڵاتانی دیکە. سەرۆکی ئەوکات تورگوت ئۆزال تەلەفۆنی بۆ کردم و پێشنیاری کرد، 'با پاسپۆرتی دیپلۆماسی بدەین بەبارزانی و تاڵەبانی تا بتوانن گەشت بکەن". ئەوکات من وەزیری دەرەوە بووم، ئەم داواکاریەم بۆ سولەیمان دەمیرێل سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆکوەزیران ئەرداڵ ئینونۆ گواستەوەو ڕەزامەندی ئەوانم مسۆگەر کرد کە پاسپۆرتەکان ناوی خۆیان لەسەر بوو.
بارزانی و تاڵەبانی بۆ ماوەی ١١ ساڵ ئەم پاسپۆرتە دیپلۆماسیانە کە لەلایەن کۆماری تورکیاوە دەرچووە بۆ گەشتەکانیان بۆ ئەمریکا و وڵاتانی جۆراوجۆری ئەوروپا بەکار دەهێنا. ماوەی پاسپۆرتەکان جارێک درێژکرایەوە، بەڵام دواجار لەفڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٠٣ لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە دەستی بەسەردا گیرا، لەکاتێکدا هەردوو سەرکردەکە بەرەو مۆسکۆ بەڕێدەکەوتن".
پەیوەندی سەرەتایی لەگەڵ ئەم کەسایەتیانە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی تورگوت ئۆزالدا لەلایەن باڵیۆز کایا تۆپەری، سەرۆکی ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی سەرۆک کۆمارەوە دامەزراوە. ماوەیەکی کەم پێش کۆچی دوایی، تۆپەری ڕایگەیاند، "تورگوت ئۆزال پاڵپشتییان بۆ دابینکردوون- لە بەرامبەر بەڵێنەکەیان بۆ هاوکاریکردن لە خەبات دژی پەکەکە- و ئێمە پاسپۆرتمان بۆ دەرکردن. لەو کاتەدا لەژێر دەسەڵاتی سەدام حوسێندا چەقێندرابوون. دوای ئەوەی ڕژێمی سەدام ڕووخا، پشتیان لە تورکیا کرد".