وەزیری دەستلەکارکێشاوەی دارایی هەرێمی کوردستان هۆشداری لە بوونی مەترسییەکی گەورە بۆ سەر هەرێمی کوردستان دەدات و پێی وایە، ئەو فشار و مەترسییانەی لە قۆناغی ئێستادا لەسەر کوردن، تەنانەت لە سەردەمی سەدام حسێنیشدا هاوشێوەیان نەبووە.
ئاوێنە: ئاوات شێخ جەناب لە میانی چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی بەو ئاڵنگارییە ئەمنی و داراییانە کردووە کە بە گوتەی ئەو ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بوونەتەوە و ڕایگەیاندووە، مەترسییەکی گەورە لە ئارادایە بۆ بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە لایەنی سەربازی و ئەمنی، ناوبراو ئاشکرای کردووە کە قسە لەوە دەکرێت بە زەبری سوپا بیرە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان کۆنترۆڵ بکرێن، هاوکات باسی لەوەش کردووە کە هەوڵێک هەیە بۆ ناردنی سوپا بۆ دەروازە سنوورییەکان.
لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری دەستلەکارکێشاوەی دارایی جەختی لە بوونی فشارە داراییەکان کردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە، بە شێوەیەکی ئاشکرا لە ڕووی بودجەوە فشار دەخرێتە سەر هەرێمی کوردستان. بە گوتەی ئاوات شێخ جەناب، بەپێی ئەوەی لە پرسی بودجەدا بەدەست ئەوان گەیشتووە، "زوڵمێکی گەورە" لە هەرێمی کوردستان دەکرێت.
لە درێژەی لێدوانەکەیدا ئەوەی دووپات کردووەتەوە کە هەر بەهۆی ئەو دۆخەوە، بە بڕوای ئەو مەترسییەکی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە و ئەو فشارەی ئێستا لەسەر هەرێمە، لە سەردەمی سەدام حسێنیشدا لەسەر کورد نەبووە.