نزار ئامێدی، سەرۆک کۆمار، هەڵوێستی خۆی سەبارەت بە دۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان و پرسی پێکهێنانی حکومەت خستە ڕوو و دژایەتیی خۆی بۆ دابەشکردنی هەرێم و جیاکردنەوەی بودجە ڕاگەیاند، هاوکات داوای لە پارتی و یەکێتی کرد لە ڕێگەی گفتوگۆوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن.
ئاوێنە: لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە، نزار ئامێدی باسی لە کێشەکانی هەرێمی کوردستان کرد و جەختی لەسەر ڕۆڵی هاوبەشی هەردوو حزب کردەوە لە پێکهێنانی کابینەی حکومەتدا. لەو بارەیەوە سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوە دا کە نە پارتی و نە یەکێتی ناتوانن بەبێ یەکتر حکومەتێک بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پێکبهێنن، هەر بۆیە داوای لە هەردوولا کرد کێشە و ناکۆکییەکانیان بە گفتوگۆ چارەسەر بکەن.
لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەدا و سەبارەت بەو دەنگۆیانەی باس لە دابەشکردنی هەرێمی کوردستان دەکەن، نزار ئامێدی، کە لەسەر پشکی یەکێتی پۆستی سەرۆک کۆماری وەرگرتووە، هەڵوێستی خۆی دووپات کردەوە و ڕایگەیاند: «نە لەگەڵ جیاکردنەوەی بودجە و نە لەگەڵ دابەشکردنی هەرێمی کوردستاندام.»