تیمی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەم و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی تشرینی یەکەمی رادەستی حکوومەتی فیدراڵ کرد، بەمەش رێکارە کارگێڕی و داراییەکان بۆ ناردنی مووچەی ئەم مانگە دەستیپێکرد.
ئاوێنە: بەپێی راگەیێنراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، هەریەکە لە لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەم (11)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆران و راپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی داهات و خەرجییەکانی مانگی تشرینی یەکەم (10)، لەلایەن تیمی تەکنیکی وەزارەتەوە گەیێنراوەتە فەرمانگەی ژمێریاری لە وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ.
سەبارەت بە وردەکاریی بڕی پارەی داواکراو، لە لیستی مووچەی مانگی تشرینی دووەمدا داوای تەرخانکردنی یەک ترلیۆن و 64 ملیار دینار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کراوە. لەو بڕە پارەیەدا، نزیکەی 100 ملیار دینار بۆ مەبەستی خانەنشینیی مووچەخۆران دەبڕدرێت، هاوکات حکوومەتی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتی بە شێوەی پاکتاوکردن لە کۆی گشتی پارەکە کەم دەکاتەوە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو لێبڕینانە، پێشبینی دەکرێت وەزارەتی دارایی عێراق بڕی نزیکەی 840 ملیار دینار بخاتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.
بە شێوەیەکی گشتی، دەرکردنی بڕیاری خەرجکردنی مووچە لە بەغداوە بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی سێ پێداویستیی سەرەکییەوە:
1. لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە: ئەمە یەکەم هەنگاوی رێکارەکانە کە ئەمڕۆ رادەستی بەغدا کرا.
2. داهاتی نانەوتی: لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە بە شێوەی پاکتاوکردن لە پشکی مووچە دەبڕدرێت.
3. راپۆرتی رادەستکردنی نەوت: لە کۆتایی هەموو مانگێکدا وەزارەتی نەوتی عێراق نووسراوی تایبەت بەم بابەتە ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدراڵ دەکات.
دوای تەواوبوون و دابینکردنی ئەم سێ پێداویستییە، وەزارەتی دارایی عێراق بڕیاری پارەدارکردن دەردەکات و پارەی مووچە دەخرێتە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان.