دەم پارتی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ ئۆجەلان ئاشکرا دەکات
  2026-11-23     

شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیێندراوێکدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی 22ی تشرینی دووەمی 2026ی لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان لە دوورگەی ئیمراڵی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە ئۆجەلان بەهێزکردنی پرۆسەکەی لە ڕێگەی یاسای دیموکراتی و سیاسەتی ئازادەوە بە کاریگەرترین ڕێکار دژی هەوڵەکانی تێکدانی پرۆسەکە ناو بردووە.

ئاوێنە: ​بەپێی ڕاگەیێندراوەکەی شاندی دەم پارتی، لە میانی سەردانەکەدا تێبینییان کردووە کە عەبدوڵا ئۆجەلان لە ناو گرتووخانەکەدا گوازراوەتەوە بۆ شوێنێکی نوێی دروستکراو، شاندەکەش ئەو هەنگاوەی وەک پەرەسەندنێکی ئەرێنی بۆ هەلومەرجی ژیان و کارکردنی هەڵسەنگاندووە. هاوکات داوایان کردووە ئامرازەکانی پەیوەندیکردن بڕەخسێندرێن، بە مەبەستی ئەوەی ئۆجەلان بتوانێت کارە دوو ساڵییەکەی تایبەت بە پێکەوەژیانی مێژوویی و ئاشتیی نێوان تورک و کورد، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و گشتگیر بۆ میدیاکان و ڕای گشتی بخاتە ڕوو.

​لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا، دەم پارتی جەختی لەوە کردووەتەوە کە لە قۆناغی ئێستای پرۆسەی "ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتی"دا، پێویستە لیژنەکانی ناو یاسای چوارچێوە کارا بکرێن و زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەکە فەراهەم بکرێت. هەروەها ئاماژە بەوەش دراوە کە ئۆجەلان لەم قۆناغەدا لە ڕۆڵی "هەماهەنگکاری ئاشتی و بەسیاسیکردن"دا پێداگرە لەسەر بەردەوامیدان و قووڵکردنەوەی کارەکانی.

​شاندەکە پوختەی هەڵسەنگاندنەکانی عەبدوڵا ئۆجەلانیشی خستووەتە ڕوو، کە تێیدا ئاماژەی بەوە داوە لە بەردەم قۆناغێکی مێژوویی و وەرچەرخاندان و نابێت سیاسەت لە تورکیا لە چوارچێوەی فشار، ورووژاندن و کاردانەوەدا قەتیس بمێنێت. بە گوتەی ئۆجەلان، داخستنی گۆڕەپانی سیاسی دەرفەت بۆ هێزە نادیموکراتییەکان دەڕەخسێنێت تا هێزەکانی ئاشتی و دیموکراسی و بەتایبەتیش کورد بکەنە ئامانج.

​سەبارەت بە پرسی کورد، وەک لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئۆجەلان ئەو پرسەی وەک پرسی دیموکراسی هەڵسەنگاندووە و ڕایگەیاندووە کە هەنگاوێکی مێژوویی بۆ چارەسەرکردنی، لە بەرژەوەندیی سەرجەم گرووپە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی تورکیادایە و دژی عەقڵییەتی ڕەگەزپەرستانە و چالاکییە کودەتاچییەکان دەوەستێتەوە. دووپاتیشی کردووەتەوە کە کورد لایەنگری ئاشتی، برایەتی و خاوەندارێتیی کۆمارە لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیی پارێزراو کە دان بە هەموو ناسنامەکاندا بنێت، بەو پێیەی کۆماری دیموکراتی تورکیا گەورە دەکات و دەیکاتە نموونە.

​لە تەوەرێکی دیکەی قسەکانیدا، عەبدوڵا ئۆجەلان ڕەخنەی لە ژمارەیەک دۆخی ئێستا گرتووە و بە بێ پاساو و قبووڵنەکراوی وەسف کردوون؛ لەوانەش گیانلەدەستدان لە گرتووخانەکان، هەڵوەشاندنەوەی مافی ئازادکردنی زیندانییان و بوونی جیاوازیی مامەڵەکردن لە نێوان گرتووخانە جیاوازەکاندا، کە بە بڕوای ئەو ئەم هەنگاوانە ورووژاندنیان دژی پرۆسەکە تێدایە.

​لە کۆتایی هەڵسەنگاندنەکانیدا، ئۆجەلان جەختی کردووەتەوە کە بونیادنانی کۆمەڵگەی دیموکراتی گرەنتیی داهاتوویەکی ئازاد و یەکسانە بۆ هەموو گەلان و باوەڕەکان لە تورکیا. ئەوەشی خستووەتە ڕوو کە ئامانجیان لەگەڵ سەرجەم دیموکراتخوازەکاندا گەیشتنە بە کۆماری دیموکراتی، تا لە ڕێگەی دابینکردنی گرەنتیی یاسایی بۆ کورد وەک توخمێکی بنەڕەتیی دامەزرێنەر، تورکیا لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببێتە نموونە.

زۆرترین بینراو
"سوپرایز به‌ڕێوه‌یه‌وه‌و سه‌ری گه‌وره‌ له‌ دۆسیه‌ی قاچاخچێتی نه‌وتدا ده‌كه‌ون به‌تایبه‌ت له‌ كه‌ركوك و رۆژئاوای نه‌ینه‌وا"
زەیدی لەگەڵ فەیاز کۆبووەوە؛ هەڵمەتی سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت لە جورف سەخرەوە بەرەو دەروازەکانی باشماخ و زاخۆ فراوان دەکرێت
مامۆستا عه‌لی ره‌ئوف بۆ جاری دوه‌م له‌ هه‌ولێر ده‌ستگیركرا
دوو ڕۆژ لە جرف ئەلسەخر؛ وێنەی ناوچە چۆڵکراوەکە و وردەکاریی گەڕانەوەی هێزە هاوبەشەکان
ئاسایشی هه‌ولێر: "نوره‌دین"ی تیكتۆك ده‌ستگیركرا
مەهەپە: دوو هەزار و 800 زیندانیکراوی پەکەکە بەر یاسای پڕۆسەی ئاشتی دەکەون
نەتەنیاهۆ و سوپای ئیسرائیل لەسەر قەبارەی هەڕەشە ئەتۆمییەکەی تاران ناکۆکن
سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم له‌باره‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی دوێنێی فالح فه‌یاز بۆ هه‌ولێر رونكردنه‌وه‌ ده‌دات
لیستی مووچەی مانگی 11 رادەستی بەغدا کرا؛ چاوەڕوان دەکرێت 840 ملیار دینار بنێردرێت
پژاك: ئێران بۆردومانی سنوری مه‌ریوانی كردو له‌ سه‌رده‌شت خۆی بۆ ئۆپه‌راسیۆن ئاماده‌ده‌كات
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×