مهكتهبی سیاسیی یهكگرتوی ئیسلامیی كوردستان جهخت دهكاتهوه كه پارتی و یهكێتی بهرپرسیاری یهكهم و سهرهكین له دۆخی چهقبهستوری سیاسی و ئهگهری لهتبونی ههرێمی كوردستان و داوا دهكات كه چیتر بەرژەوەندی حزبی و كەسی نەخرێتە پێش بەرژەوەندی باڵای هاوڵاتیان و پاراستنی قەوارەی هەرێم و شكۆی هاوڵاتییەكانی لەسەروی هەمو شتێكەوە بێت. دهشڵێت، بریاریانداوه بۆ دەرچون لەم بارودۆخە چەقبەستوەی كە هەیە چەند هەنگاوێكی كردەیی بنێن.
ئاوێنه: ئەمڕۆ دوشەممە لەشاری سلێمانی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان كۆبوەوەو پاش كۆبونەوەكه راگهیهندراوێكی بڵاوكردهوه.
بهپێی راگهیهندراوهكه، كۆبونهوهكه بەشێكی زۆری كۆبونەوەكە تایبەت كراوه بەو دۆخە چەقبەستوە سیاسییەی كە له ههرێمی كوردستان ههیهو وتوشیهتی "ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی هەستیار و پڕ لە قەیرانی سیاسی، ئابوری و كارگێڕیدا تێدەپەڕێت، كە بوەتە هۆی سەختبونی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و لاوازبونی متمانە بە دامەزراوە فەرمییەكان."
مهكتهبی سیاسی یهكگرتو وتوشیهتی "هەردو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) بەرپرسیاری یەكەم و سەرەكین لە دۆخی چەقبەستوی سیاسی و ئەگەری لەتبونی هەرێم و لاوازكردنی زیاتری پێگە سیاسییەكەی و دەرهاویشتە خراپەكانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و پەكخستنی دامەزراوە شەرعییەكان، چونكە جومگە سەرەكییەكانی حوكمڕانی و داهاتی ئەم وڵاتە لەژێر دەستی ئەواندایە."
ئهوهشی خستۆتهڕو "پێویستە چیتر بەرژەوەندی حزبی و كەسی نەخرێتە پێش بەرژەوەندی باڵای هاوڵاتیان و هەنگاوی جدی بنرێت بۆ شەفافیەت لە داهات و چاكسازی ڕاستەقینە لە سیستەمی حوكمڕانیدا. پاراستنی قەوارەی هەرێم و شكۆی هاوڵاتییەكانی لەسەروی هەمو شتێكەوە بێت."
مهكتهبی سیاسی یهكگرتو هێمای بۆ ئهوهش كردوه "داواكارین لایەنەكانی دەسەڵات بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و چیتر هاوڵاتیانی كوردستان نەكەنە قوربانی ململانێ حزبییەكانیان، چونكە مێژو و گەل ڕەحم بە كەس ناكەن."
وتوشیهتی "مەكتەبی سیاسی بڕیاری وەرگرت بۆ دەرچون لەم بارودۆخە چەقبەستوەی كە هەیە چەند هەنگاوێكی كردەیی بنێت."
دهقی راگهیهندراوهكه:
بەناوی خوای بەخشندەو میهرەبان
بەلاغی كۆتایی كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان
ئەمڕۆ دوشەممە 23/11/2026 مەكتەبی سیاسی یەكگرتوی ئیسلامیی كوردستان بەسەرپەرشتی ئەمینداری گشتی كۆبونەوەی ئاسایی خۆی لە شاری سلێمانی ئەنجامدا كە تیایدا بەشێكی زۆری كۆبونەوەكە تایبەت كرا بەو بارودۆخە چەقبەستوە سیاسییەی كە هەیە كە ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان بە قۆناغێكی هەستیار و پڕ لە قەیرانی سیاسی، ئابوری و كارگێڕیدا تێدەپەڕێت، كە بوەتە هۆی سەختبونی بژێوی ژیانی هاوڵاتیان و لاوازبونی متمانە بە دامەزراوە فەرمییەكان.
ئێمە لە یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان، وەك هەمیشە لە سۆنگەی هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نیشتمانی و ئەخلاقی، لە قۆناغەكانی ڕابردودا چەندین هەنگاوی كردەیی و دەستپێشخەریمان خستوەتەڕو؛ هەر لە پێشكەشكردنی پڕۆژەی چاكسازی و هەوڵدان بۆ یەكڕیزی نیشتمانی و تەبایی نێوان لایەنەكان، تا دەگاتە بڕیاری كشانەوە لە حكومەت و هەڵبژاردنی بەرەی ئۆپۆزسیۆنبون، وەك هەڵوێستێكی مەبدەئی دژی گەندەڵی و قۆرخكاری و بۆ بەرجەستەكردنی ئیرادەی گەل. بەداخەوە لە بری بەدەمەوەهاتنی ئەو هەنگاوە دڵسۆزانەیە، دەسەڵاتداران بەردەوام بون لەسەر سیاسەتی پەراوێزخستن و درێژەدان بە قەیرانەكان.
لەم سۆنگەیەوە، مەكتەبی سیاسی یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان جەخت لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە دەكاتەوە:
1/ بەرپرسیارێتی مێژویی و یاسایی: هەردو حزبی دەسەڵاتدار (پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) بەرپرسیاری یەكەم و سەرەكین لە دۆخی چەقبەستوی سیاسی و ئەگەری لەتبونی هەرێم و لاوازكردنی زیاتری پێگە سیاسییەكەی و دەرهاویشتە خراپەكانی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان و پەكخستنی دامەزراوە شەرعییەكان، چونكە جومگە سەرەكییەكانی حوكمڕانی و داهاتی ئەم وڵاتە لەژێر دەستی ئەواندایە.
2/ كۆتاییهێنان بە قۆرخكاری: پێویستە چیتر بەرژەوەندی حزبی و كەسی نەخرێتە پێش بەرژەوەندی باڵای هاوڵاتیان و هەنگاوی جدی بنرێت بۆ شەفافیەت لە داهات و چاكسازی ڕاستەقینە لە سیستەمی حوكمڕانیدا. پاراستنی قەوارەی هەرێم و شكۆی هاوڵاتییەكانی لەسەروی هەمو شتێكەوە بێت.
3/ پشتگیریكردنی داوا ڕەواكان: یەكگرتو وەك هەمیشە لە سەنگەری بەرگریكردن لە ماف و داوا ڕەواكانی موچەخۆران و سەرجەم چین و توێژەكانی كۆمەڵگە دەمێنێتەوە و پشتیوانی هەمو خەباتێكی مەدەنی و ئاشتیانە دەكات.
داواكارین لایەنەكانی دەسەڵات بەرپرسیارانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكەدا بكەن و چیتر هاوڵاتیانی كوردستان نەكەنە قوربانی ململانێ حزبییەكانیان، چونكە مێژو و گەل ڕەحم بە كەس ناكەن.
بۆیە مەكتەبی سیاسی بریاری وەرگرت بۆ دەرچون لەم بارودۆخە چەقبەستوەی كە هەیە چەند هەنگاوێكی كردەیی بنێت.
مەكتەبی سیاسی
یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان