هاوکات لەگەڵ دەرچوونی بڕیارێکی نوێی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق بۆ ڕاگرتنی بەشە غازی نرخی پاڵپشتیکراو بۆ کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، بەرپرسێکی کەرتی سووتەمەنی لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت کە لە دوای هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر و لە ڕۆژی ٩ی ئەم مانگەوە، هیچ بڕە غازێکی شل لەلایەن بەغداوە نەگەیشتووەتە سلێمانی و شارەکانی دیکەی هەرێم.
ئاوێنە: ئەمڕۆ کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق لە ڕێگەی نووسراوێکەوە کە ئاراستەی بەشی دابینکردن و دابەشکردنی کۆمپانیاکەی کردووە، داوای کردووە بەشە غازی نرخی پاڵپشتیکراو بۆ کۆمپانیاکانی سەر بە هەرێمی کوردستان ڕابگیرێت و ڕێکارە پێویستەکان لەو بارەیەوە جێبەجێ بکرێن.
لە بەرامبەردا، عومەر عەبدوڵڵا، سەرپەرشتیاری لیژنەی دابەشکردنی غاز لە قائیمقامیەتی سلێمانی، ئاماژەی بەوە دا کە حکومەتی عێراق ئەو بەڵێنانەی جێبەجێ نەکردووە کە سەبارەت بە دابینکردنی غاز بۆ پارێزگای سلێمانی و هەرێم دابووی، جەختیشی کردەوە کە ئەو غازەی ئێستا لە بازاڕەکاندا دابەش دەکرێت، لە ڕێگەی کۆگا ناوخۆییەکانەوە دابین دەکرێت.
عومەر عەبدوڵڵا لە لێدوانەکەیدا گوتی: "لە ڕۆژی ٩ی ئەم مانگەوە تەنانەت یەک کیلۆ غازیش لە بەغداوە نەهاتووەتە شاری سلێمانی و هیچ شارێکی دیکەی هەرێم، بەڵام ئەو غازەی پێشتر وەک خەزنی یەدەگ کۆگامان کردبوو، لەم کاتەدا بە هانامانەوە هات و دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان کە تا ئێستا هیچ کێشەیەکمان نییە و غازی پێویستمان لەبەردەستدایە."
سەبارەت بە دۆخی دابەشکردنی غازی ماڵان و ئۆتۆمبێل (LPG)، سەرپەرشتیاری لیژنەی دابەشکردنی غاز لە سلێمانی ڕوونی کردەوە کە سەرجەم کارگەکانی غازی ماڵان بڕی پێویستی غازیان هەیە و لە ناوشاری سلێمانیشدا لە کۆی ١٠ بەنزینخانەی تایبەت بە غازی ئۆتۆمبێل، زۆرینەیان غازیان پێ گەیشتووە.
ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە دوای هێرشەکەی شەوی ٨ی ئەم مانگە بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر و وەستانی بەرهەمهێنان، لە ڕۆژی ٩ی مانگدا سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر داواکاریی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم، ڕەزامەندیی دەربڕی و وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی ڕاسپارد کە بڕی پێویستی غازی شل (LPG) بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات تا ئەو کاتەی بەرهەمهێنان لە کۆرمۆر دەست پێ دەکاتەوە.
بەپێی ئەو ڕێککەوتن و ڕاگەیێندراوانەی بەرپرسانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێشتر بڵاویان کردبووەوە، بڕیار بوو بەغدا ڕۆژانە ٧٦٠ تۆن غازی شل ڕەوانەی هەرێم بکات؛ بە جۆرێک ٣٠٠ تۆن بۆ هەولێر، ٢٦٠ تۆن بۆ سلێمانی و هەڵەبجە و ٢٠٠ تۆنیش بۆ پارێزگای دهۆک تەرخان کرابوو.
بەڵام وێڕای دەرچوونی بڕیارە فەرمییەکە بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی غازی ماڵان، پرۆسەی ناردنی غازەکە لە بەغداوە بە هۆکاری تەواونەبوونی ڕێکارە ئەمنییەکان و چاوەڕوانیی ڕەزامەندیی کۆتایی وەزیری نەوت دواکەوت؛ ئەمەش وای کرد لە ٩ی ئەم مانگەوە هیچ بڕە غازێک نەگاتە سلێمانی و بەرپرسانی کەرتی سووتەمەنی بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانی قەیران، پشت بە کۆگا یەدەگەکانی ناوخۆ ببەستن.