ئەمڕۆ سێشەممە، نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق زنجیرەیەک بڕیار و ڕاسپاردەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی بڵاوکردەوە کە تایبەتن بە دۆسیەی نەوت، دەروازە سنوورییەکان و گۆڕانکاری لە پۆستە ئەمنی و ئیدارییەکاندا.
ئاوێنە: سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، بڕیارەکان دوای پێداچوونەوەی سەرۆکوەزیران هاتوون بە ڕاپۆرتی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەقاچاخبردنی نەوتی کۆمپانیای نەوتی باکوور، وتەبێژەکە جەختیشی لەوە کردەوە کە پاراستنی سامانی عێراق «جەنگێکی چارەنووسسازە و سەروەریی نیشتمانی دابەش نابێت».
بڕیارەکان تایبەت بە دەروازە سنوورییەکان و هەناردەی نەوتی هەرێم
بەگوێرەی ناوەڕۆکی ڕاگەیەندراوەکە، چەند بڕیارێکی تایبەت بە دەروازە سنوورییەکان و مامەڵەکردن بە نەوت لە هەرێمی کوردستان دەرکراون، کە بریتین لە:
وەرگرتنەوەی دەروازەکان: بڕیار دراوە سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراقەوە وەربگیرێنەوە.
داخستنی دەروازە نافەرمییەکان: فەرماندەیی هێزەکانی سنوور ڕاسپێردراوە سەرجەم دەروازە نافەرمییەکان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە، دابخات.
مەرجی هەناردەکردنی نەوت: سەرۆکایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاسپێردراوە بە هیچ شێوەیەک ڕەزامەندی لەسەر هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە نەوتییەکان نەدات، مەگەر تەنها لە ڕێگەی وەزارەتی نەوتی فیدراڵییەوە نەبێت.
کێڵگە نەوتییەکان، ڕێگە لاوەکییەکان و کارگەکان لە چوار پارێزگا
لە بەشێکی دیکەی بڕیارەکاندا چەند ڕێکارێکی ئەمنی و کارگێڕی بۆ پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین، لەگەڵ دەروازەی پارێزگاکانی هەرێم دیاریکراون:
کۆنترۆڵکردنی کێڵگە نەوتییەکان: وەزارەتی نەوت و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی وزە ڕاسپێردراون سەرجەم ئەو کێڵگە نەوتییانە بگرنە دەست و بە کامێرا چاودێرییان بکەن کە دەکەونە سنووری کارگێڕیی پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین و لە ڕووی ئەمنییەوە لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستاندان.
داخستنی ڕێگە خۆڵەکان: وەزارەتی بەرگری لە ڕێگەی لیوا هاوبەشەکانەوە ڕاسپێردراوە سەرجەم ڕێگە لاوەکی و خۆڵەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و هەر چوار پارێزگای کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین دابخات.
دروستکردنی تاقیگە و گۆڕەپانی پشکنین: لە بازگەکانی دەروازەی پارێزگاکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک گۆڕەپانی تایبەت و تاقیگەی پشکنین دروست دەکرێن و تیمی هاوبەشی وەزارەتی نەوت، پۆلیسی وزە و ئاسایشی نیشتمانییان تێدا جێگیر دەکرێت.
گواستنەوەی کارگەکان: مۆڵەتی شەش مانگ دیاریکراوە بۆ گواستنەوەی سەرجەم کارگەکانی قیری ئۆکسێنراو و نەفتا لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەمنیی هەرێم لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین بۆ ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکوومەتی فیدراڵ.
دوورخستنەوە و لێپرسینەوە لە بەرپرسە سەربازی و ئیدارییەکان
بە بڕیاری عەلی زەیدی، زنجیرەیەک گۆڕانکاری، دوورخستنەوە و سزای کارگێڕی بەسەر ژمارەیەک فەرماندە و بەرپرسدا سەپێندراون:
دەستەی دەروازەکان: بەخشینی سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکان لە پۆستەکەی.
فەرماندە ئەمنییەکانی کەرکووک: دوورخستنەوەی هەریەک لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکووک و فەرماندەی پۆلیسی کەرکووک بەهۆی کەمتەرخەمی لە دۆسیەی قاچاخچێتیی نەوتدا.
پۆلیسی وزە: بەخشینی فەرماندەی لیوای یەکی پۆلیسی وزە، جێگرەکەی، بەڕێوەبەری هەواڵگری و بەڕێوەبەری بازگەکانی لیواکە.
کۆمپانیای نەوتی باکوور: دوورخستنەوەی کاتیی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور و جێگرەکانی تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان، ڕەوانەکردنی بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیاکە بۆ لێکۆڵینەوە، هەروەها بەخشینی بەڕێوەبەری بەشی پشکنین لە کەرکووک.
وەزارەتی پیشەسازی: دوورخستنەوەی کاتیی بەڕێوەبەری گشتیی گەشەپێدانی پیشەسازی و بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای پیشەسازییە کانزاییەکان لە وەزارەتی پیشەسازی.
سزای سەرزەنشتکردن: ئاراستەکردنی سزای سەرزەنشتکردن بۆ هەریەک لە بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانی و بەڕێوەبەری هەواڵگریی نیشتمانی لە کەرکووک.
لێکۆڵینەوەی دادوەری، وردبینی لە پاڵاوگەکان و سیستەمی دیجیتاڵی
هاوتەریب لەگەڵ ڕێکارە کارگێڕی و ئەمنییەکاندا، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان فەرمانی داوە سەرجەم دۆسیەکان ڕەوانەی دەستەی دەستپاکی و دادگای لێکۆڵینەوەی تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بکرێن.
بەگوێرەی بڕیارەکان، دەستەی دەستپاکی ڕاسپێردراوە وردبینی لەو بڕە نەوتەدا بکات کە دەدرێتە پاڵاوگەی بازیان و پاڵاوگەی کار، لەگەڵ ئەو بەرهەمە نەوتییانەی لە دەروازەکانی هەرێمەوە بەبێ پشکنینی تاقیگەیی هەناردەی دەرەوە کراون. هەروەها لێکۆڵینەوە و وردبینی لە گرێبەستەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور لەگەڵ کۆمپانیای «میحوەر ئەلفزی»، مۆڵەتی کارگەکان و پرسی خەرجکردنی پارە بۆ «پاسەوانە مەدەنییە وەهمییەکانی» پاراستنی بۆرییەکان دەکرێت کە لەسەر ئەرزی واقیع بوونیان نییە.
لە کۆتایی ڕاسپاردەکانیشدا، وەزارەتی نەوت ڕاسپێردراوە پێوەری ئەلیکترۆنی لەسەر سەرجەم بیرە نەوتییە کاراکانی عێراق ببەستێت و سیستەمی چاودێریی دیجیتاڵی نوێ بکاتەوە.