ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی رایگەیاند: بەپێی پێشبینییەكانی كەشوهەوا سبەینێ شەممە، بەھۆی ھاتنی ھەور لە تورکیاوە بەشێكی زۆری ئاسمانی ھەرێم بۆ نیمچە ھەور دەگۆڕێت و لەکاتەکانی نیوەڕۆدا و بۆ ماوەیەکی کورت لەناوچە شاخاویەکانی باکوری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سۆران ئەگەری نمە بارانی پچر پچر و بارینی بەفرێکی کەم لە شاخە بەرزەکان هەیە، بەڵام لە كاتەكانی شەودا كۆتایی پێدێت.
ئاوێنە: باسی لەوەشکرد، نزیکبونەوەی نزمە پاڵەپەستۆی گەرمی باکوری ئەفریقا کە لە دەریای سورەوە سەرچاوەی گرتوە، دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما، بەتایبەتی لە رۆژی سێشەمەوە پلەکانی گەرما بەرێژەیەکی زیاتر لەسەرجەم ناوچەکانمان بەرزدەبێتەوە کەشێکی فێنک و بەھاریانە ناوچەکە دەگرێتەوە .
روونیكردوەتەوە، لەرۆژی چوارشەممەوە کاریگەری نزمەپاڵەستۆیەكی دەریای سوور رو لە عێراق و ھەرێمی کوردستان دەكات و تا رۆژی شەممەی ھەفتەی داھاتوو بەردەوام دەبێت، كە بەهۆی ھەورە بەھارییەکان چالاك دەبن و ھەورە بروسکە و تاوە تەرزە و بارانی بەخوریان لەگەڵدایە.
راشیگەیاندوە: ئەو شەپۆلە كە لەدەریاری سورەوە رو لە هەرێم دەكات، سەرتاسەری ناوچەکانی عێراق و کوردستان بەرێژە و بری جیاواز بەتایبەتی ناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکوک و ئیدارەی گەرمیان و راپەرین دەگرێتەوە و ئەگەری باران و تەرزە و ھەورە بروسکەی بەھێزیان دەبێت لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو و لافاو لەھەندێ شوێندا.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، باران بارینی شەپۆلەكە زیاتر بەشێوەی تاوە باراندادەبن، بۆیە بەشێک لەکاتەکان لەدوای تاوە باران و چالاکبونی ھەورە بروسکە لەماوەی ئەو چەند رۆژەدا کەش بۆ ماوەی کورت جاروبار لەناوچەکان جێگیر دەبێتەوە، پاشان لەکاتی جیاوازدا باران و بروسکە دەستپێدەکاتەوە و ئێوارەی رۆژی شەممە کۆتایی پێدێت.