سەرچاوەیەکی نزیک لە دەستپێشخەریەکەی ئۆجەلان ڕایگەیاند، دوای کۆبونەوەی شاندەکەی ئیمڕاڵی لەگەڵ ئۆجەلان بۆ ماوەی چوار کاتژمێر، پەیامەکەی ئۆجەلان بەشێوەی ڤیدیۆیی تۆمارکراوە، بەڵام بە هۆکاری لەبەرچاوگرتنی دۆخی ڕای گشتی لە تورکیا بڵاو نەکراوەتەوە. ئەو سەرچاوەیە ئاماژەشی بەوە کرد، پێدەچێت پەیامەکە بکەوێتە نەورۆز و تەنانەت ئۆجەلان پەیامی تریشی هەبێت لەو یادەدا.
ئاوێنە: سەرچاوە ئاگادارەکە کە داوای کرد ناوی بڵاونەکرێتەوە، ئەمڕۆ هەینی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، کۆبونەوەی شاندەکە و ئۆجەلان چوار کاتژمێری خەیاندوە، دواتر پەیامەکەی ئۆجەلان لە ڕێگەی سێ کامێراوە تۆمارکراوە، بەڵام بە هۆکاری تێکنەچونی دۆخی تورکیا و لەبەرچاوگرتنی ڕەوشەکە بڕیاردرا لە ئێستادا تەنها پەیامەکە بخوێندرێتەوە و لەگەڵ بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی ئۆجەلان کە لە ڤیدیۆکەوە وەرگیراوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، بڕیارە پەیامەکەی ئۆجەلان بخرێتە نەورۆز و لە فێستیڤاڵی نەورۆزدا بڵاوبکرێتەوە، هاوکات پێدەچێت پەیامی نوێشی هەبێت.
سەرچاوە ئاگادارەکە باسی لەوەشكردوە، بە پێی ڕێککەوتنی نێوان تورکیا و ئیمڕاڵی دەبێت تا هەفتەیەکی دیكە پەرلەمانی تورکیا مافی هیوا بۆ ئۆجەلان پەسەند بکات، ئەگەر نەیکات دەبێتە پێشێلکاری پەیامەکە، بەڵام نابێتە هۆی هەڵوەشاندنەوەی پرۆسەکە.
مافی هیوا، بریتییە لە یاسایەک یان مافێک کە لە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا دەرچوە، بە پێی یاساکە هەر بەندکراوێک ماوەی زیاتر لە 20 ساڵ زیندانی بکرێت، دوای تێپەڕبونی ئەو ماوەیە، مافی ئەوەی هەیە دوبارە پێداچونەوە بە بڕیاری سزاکەیدا بکرێت یان ئازاد بکرێت بە ئازاد بونی مەرجدار.