2025-02-22   637     
کەیوان حوسێنی، بی بی سی
و.لەفارسییەوە: توانا محەمەد نوری
لەوەتەی هەواڵی دانوستانەکانی ئەمریکا و ڕووسیا سەبارەت بە شەڕی ئۆکرانیا بڵاوبۆوە، ئێرانییەکان بە خێرایی کەوتونەتە پرسیار: ئایا پەیوەندییە نزیکەکانی تاران و مۆسکۆ کاریگەری ئەم وتووێژانەیان لەسەر دەبێت؟ لە ماوەی کزبوونی پەیوەندییەکانی ڕوسیا لەگەڵ زلهێزەکانی ڕۆژئاوا - لەنێویاندا ئەمریکا - مۆسکۆ و تاران زیاتر لەیەکتر نزیکبوونەوە. ئێستا کە ڕووسیا و ئەمریکا لەسەر ڕێگای ئاشتەوایی و تەنانەت ئاڵوگۆڕی دیپلۆماسی بوون، ئایا مۆسکۆ ئێران دەکاتە قوربانی بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازات لە ئۆکرانیا؟ یان ڕەنگە لەژێر گوشاری ئەمەریکا دەستبەرداری هاوپەیمانێتی ستراتیجی خۆی لەگەڵ تاران بێت؟
بۆ لایەنی ئەمریکی تێکدانی هاوپەیمانی ستراتیجی نێوان مۆسکۆ و تاران ئامانجێکە کە تەنانەت بەشێک لە بەرپرسانی ئەو وڵاتەش بە ئاشکرا دەریدەبڕن. کیس کلوگ، نوێنەری تایبەتی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا لە کۆبوونەوەیەکدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن هەفتەی ڕابووردوو ڕایگەیاند، هاوپەیمانییەکی لەو شێوەیە لە سەردەمی سەرۆکایەتیی پێشووی ترەمپدا بوونی نەبووە و واشنتۆن هەوڵدەدات هەڵسوکەوتی مۆسکۆ بەرامبەر بە ئێران بگۆڕێت. تەنانەت ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا دەتوانێت بە سەپاندنی سزاکان فشار بخاتە سەر ڕووسیا بۆ ئەوەی بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا بچێتەوە.
دیارە ئەم جۆرە لێدوانانە بۆ بەرپرسانی ئێران هەواڵێکی خۆش نییە. ئاژانسی هەواڵی ئێران ڕۆژی سێشەممە ١٨ی شوبات، ڕاستەوخۆ لەگەڵ دیمیتری پسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین ئەم بابەتەی وروژاند. وەڵامی پسکۆڤ ئەوە بوو کە شتێکی وا ڕوونادات. وتیشی: ڕەوتی هاوکاری نێوان مۆسکۆ و تاران هیچ پەیوەندییەکی بە ڕەوتی پەیوەندییەکانی ڕووسیا و ئەمریکاوە نییە.
هەروەها دانی بەوەدانا کە کاتێک دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین چوارشەممەی ڕابردوو (١٤ی شوبات) بە تەلەفۆن قسەیان کرد، "بەرنامەی ئەتۆمی ئێران" یەکێک بووە لەو بابەتانەی کە لە گفتوگۆکەدا باسی لێوەکرا. هەرچەندە پسکۆڤ وتیشی پرسی ئێران "یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی" وتووێژەکە نەبووە، بەڵام لە درێژەی قسەکانیدا وتی وڵاتەکەی ئامادەیە یارمەتی "چارەسەرکردنی پرسی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران" بدات.
ڕۆژی چوارشەممە (١٤ی شوبات) ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بڵاویکردەوە، میخائیل ئولیانۆڤ، نوێنەری ڕووسیا لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە بنکەکەی لە ڤییەنایە (لەوانەش ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی) لە سۆشیال میدیادا نووسیویەتی: بۆ من ڕوونە کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران پەیوەست نابێت بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەمریکا.
ئەم لێدوانانە لە ڕاستیدا هەوڵی مۆسکۆیە بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو قسە و باسانەی کە ڕووسیا لە دانوستانەکانی لەگەڵ ئەمریکادا کارتی ئێران بەکاردەهێنێت بۆ بەدەستهێنانی ئیمتیازاتی زیاتر لە ئۆکرانیا یان پاشەکشەکردن لە هەڵوێستەکانی بەرامبەر ئێران لە بەرامبەر فشارەکانی واشنتۆن.
هەرچەندە بەرپرسانی ڕووسیا پێداگرن لەسەر ئەوەی هیچ ڕێککەوتنێکی لەو شێوەیە نابێت، بەڵام هێشتا ڕوون نییە گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئۆکرانیا بەرەو کوێ دەڕوات و هەردوولا بە تەواوی لەسەر چی ڕێکدەکەون.
بۆچی ئەگەرێکی وا هاتۆتە ئاراوە؟
بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی و ڕووسیا، ئەو پەیوەندییانەی لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا لە نێوان هەردوو وڵات پەرەی سەندووە، زۆر لە پرسی ئۆکرانیا زیاترە. وتەبێژی وەزارەتەکانی دەرەوەی هەردوو وڵات دەڵێن، ئەمریکا و ڕووسیا بڕیاریان داوە کۆتایی بە ساردی پەیوەندییەکان بهێنن.
گرژییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتۆن لە دوای لەشکرکێشی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پەرەی سەندووە. لەم ماوەیەدا ئەمریکا لەگەڵ زلهێزەکانی ئەوروپا سزای بەسەر ڕووسیادا سەپاند. جگە لەوەش واشنتۆن بە هاوکارییەکی بەرچاوی دارایی و سەربازی هەوڵیدا ڕێگری لە سەرکەوتنی سەربازی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بکات. ئەم پرسە بووە هۆی دابەزینی ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
هەر لەو ماوەیەدا بوو کە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو نزیکتر بووەوە. دواجار نزیکەی مانگێک لەمەوبەر لە سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان بۆ مۆسکۆ، سەرۆکی هەردوو وڵات ڕێککەوتنێکی بێ وێنەیان واژۆ کرد. پەیمانێکی هەمەلایەنە کە ئەگەر بڕگەکانی جێبەجێ بکرێن، دوو وڵات دەکاتە هاوبەشی ستراتیجی لە بواری ئابووری، سەربازی، کۆمەڵایەتی و تەنانەت کلتووریشدا.
ئێستا پاش هاتنی ترەمپ و گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا، ڕووسیا و ئەمریکا هەوڵ دەدەن ناکۆکیەکانیان وەلا بنێن. دوایین جار کە پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و ئەمریکا گەیشتە ئەو ئاستە، مۆسکۆ لە پاڵ ئەمەریکا وەستابوو بۆ پشتیوانی لە هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. لەو ماوەیەی کە باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا بوو، مۆسکۆ دەنگی بە هەموو بڕیارنامە توندەکانی ئەنجومەنی ئاسایش دا بۆ سەپاندنی سزای ئێران؛ ئەو بڕیارنامانەی کە سزاکانیان زۆر توندتر لە "هەڵمەتی زۆرترین فشار"ی دۆناڵد ترەمپ لە دژی ئێران سەپاند.
هەروەها نموونەی وەک هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی فرۆشتنی قەڵغانی بەرگری مووشەکی ئێس-٣٠٠ لە ساڵی ٢٠١٠ یان دواکەوتنی بەردەوامی ڕووسیا لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی بۆ دروستکردنی وێستگەی ئەتۆمی بوشەهر، لەو ڕووداوانە بوون کە لە ڕوانگەی نەیارانی مۆسکۆوە دەریانخست کە ڕووسیا هاوپەیمانێکی متمانەپێکراو نییە.
بێگومان ئێران لەم ساڵانەدا تەنیا قوربانیی ڕەفتاری لادەرانەی ڕووسیا نەبووە. یەکێک لە نموونە هەرە بەناوبانگەکانی ئەمە، پشتیوانی نەکردنی ڕووسیا بوو لە ئەرمینیا لە دوایین شەڕی قەرەباخدا. ئەمەش لە کاتێکدا ڕوویدا کە ئەرمینیا ئەندامی ڕێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵە (CSTO) کە هاوپەیمانییەکی سەربازییە بە سەرۆکایەتی ڕووسیا.
هاوشێوەی پەیمانی ناتۆ، ئەم پەیماننامەیەش جەخت لەوە دەکاتەوە کە هێرشکردنە سەر یەک ئەندام، هێرشکردنە سەر هەموو ئەندامەکان. بەڵام کاتێک کۆماری ئازەربایجان نەک هەر هێرشی کردە سەر ناوچەی قەرەباخ بەڵکو خاکی ئەرمەنیش، ڕووسیا ڕەتیکردەوە پشتیوانی لە یەریڤان بکات لە ڕووی سەربازییەوە.
جگە لەم پاشخانە مێژووییە کە سووتەمەنی ڕەشبینی لە دڵسۆزی ڕووسەکان بۆ دۆستەکانیان لە تاران دەدات، پرسی شەڕی ئۆکرانیا هێشتا پرسیاری گەورە دەخاتە ڕوو کە چارەسەرکردنیان ئاسان نابێت. ئەگەر ڕووسیا بتوانێت کۆنتڕۆڵی ئەو خاکانە بکات کە لە ئۆکرانیا داگیری کردووە، ئەوا سوودێکی بەرچاو بەدەست دەهێنێت و بە شێوەیەکی کاریگەر دەبێتە سەرکەوتووی گەورەی ئەم شەڕە.
هەروەها ئەم وڵاتە پاڵنەرێکی جددی هەیە بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە. بەپێی لێکۆڵینەوەکانی بی بی سی، ناوی نزیکەی 90 هەزار سەربازی سوپای ڕووسیا کۆکراوەتەوە کە لە ئۆکرانیا کوژراون. هەروەها بی بی سی مەزەندە دەکات کە ژمارەی وردی قوربانییە سەربازییەکانی ڕووسیا لە نێوان ١٣٥ بۆ ٢٠٠ هەزار کەسدایە، کە ئەمەش بە ئامارێکی زۆر بەرز بۆ ئەم شەڕە دادەنرێت. پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی (IISS) ڕایدەگەیەنێت، ڕوسیا تەنها لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا هەزار و ٤٠٠ تانکی لە ئۆکرانیا لەدەستداوە. ناتۆ ڕایدەگەیەنێت، ڕوسیا لە سەرەتای جەنگەوە زیاتر لە ١٠٠ هەزار ئۆتۆمبێلی سەربازی لەدەستداوە.
جگە لەوەش لە سەرەتای جەنگەوە ڕووسیا ڕووبەڕووی سزای زۆر بووەتەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی بانکی نێودەوڵەتی، لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئابووری ڕووسیا بە ڕێژەی ٢.٠١٪ بچووک بووەتەوە و سەرەڕای بووژانەوەی ساڵێک دواتر، هێشتا گەشەی ئابووریی وڵاتەکە نەگەڕاوەتەوە ئاستی پێش جەنگ. لەم ماوەیەدا بەهای ڕۆبڵ بە ڕێژەی ٤٠% دابەزیوە و لە هەمان کاتدا حکومەتی ڕووسیا ناچار بووە زیاتر لە ٤٠%ی بودجەی خۆی بۆ کاروباری سەربازی تەرخان بکات تا ساڵی ٢٠٢٤.
ئێستاش سەرەڕای ئەم تێچوونە سەرسوڕهێنەرە، ڕووسیا خۆی لە لێواری کۆتاییهێنان بە شەڕەکەدا دەبینێتەوە لە هەلومەرجێکی گونجاودا. بۆ نموونە دۆناڵد ترەمپ بە ڕوونی ڕایگەیاندووە کە هیچ ئاسۆیەک بۆ گەڕانەوە بۆ سنوورەکانی پێش ساڵی ٢٠١٤ی ئۆکرانیا نییە. لە ئێستادا نزیکەی لەسەدا ٢٠ی خاکی ئۆکرانیا لەلایەن ڕووسیاوە داگیرکراوە و ئەگەر ئەو وڵاتە بتوانێت بەشێکی بەرچاو لەو خاکانە لە کاتی ڕێککەوتنی ئاشتیدا بهێڵێتەوە، ئەوا دەستکەوتێک بەدەست دەهێنێت کە تا ئەم دواییانە بۆ زۆرێک لە چاودێران مەحاڵ بوو.
هاوکات چانسی ئۆکرانیا بۆ پەیوەستبوون بە ناتۆ لە هەموو کاتێک لاوازتر بووە. پرسێک کە ئەگەر بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ڕێککەوتنی ئاشتیدا جێگیر بکرێت، بە شێوەیەکی کاریگەر ڕووسیا بەرەو یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی بۆ دەستپێکردنی شەڕەکە دەبات.
پرسیاری گرنگ ئەوەیە: ڕووسیا لە بەرامبەر بەدەستهێنانی ئەو ئیمتیازاتە گرنگانە دەستبەرداری چ ئیمتیازێک دەبێت؟ وە هەر ئەم پرسیارەیە کە بووەتە هۆی ئەوەی قسە و باس لەسەر شتێکی گەورە بکرێت. لەم مامەڵە گەورەیەدا ئێران دەتوانێت یەکێک بێت لە دۆڕاوەکان.
لە ئێستادا ئەمریکا ڕووی لە سیاسەتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کردووە و هەوڵ دەدات ئێران ناچار بکات بە گەمارۆ تاکلایەنەکان بە بەشێک لە سیاسەتەکانیدا بچێتەوە. لە پێشەنگی ئەم سیاسەتانەدا بەدواداچوون بۆ بەرنامەی ئەتۆمییە، بەڵام داواکارییەکانی واشنتۆن تەنیا لەم بابەتەدا سنووردار نییە. ئەمریکا دەیەوێت ئێران واز لە هاوکاریکردنی میلیشیاکانی سەر بە خۆی لە ناوچەکەدا بهێنێت و تەنانەت بە جۆرێک لە جۆرەکان پەرەپێدانی بەرنامە مووشەکییەکەی سنووردار بکات.
لە ئێستادا هەڵوێستی ئێران ئەوەیە کە مل بەو فشارانە نەدات. و بێگومان بۆ بەرەنگاربوونەوەی سزا تاکلایەنەکانی ئەمریکا، تاران چاوی لە پشتیوانی زلهێزەکانی وەک ڕووسیا و چین دەبێت. واژۆکردنی پەیماننامەی هاوپەیمانی ستراتژیجی هەمەلایەنە لە نێوان تاران و مۆسکۆ یان هاوبەشی ئابووریی ٢٥ ساڵە لەگەڵ چین لە دەرکەوتە گشتییەکانی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی ئێرانە کە دەتوانێ کاریگەر بێت لە کەمکردنەوەی تێچووی سزا توندەکانی واشنتۆن.
بەڵام کاتێک کرێملین باس لە ئاسۆی سەرکەوتن دەکات لە شەڕی چارەنووسساز لە ئۆکرانیا، ئایا ڕووسیا ئامادەیە لە پشت ئێرانەوە بوەستێت تەنانەت بە نرخێکی ناڕازی دۆناڵد ترەمپ؟ لە چەند مانگی ڕابردوودا لانیکەم پێشهاتەکانی سوریا و چارەنووسی بەشار ئەسەد دەریخستووە کە ئەگەر ناکۆکی بەرژەوەندییەکان لە نێوان تاران و مۆسکۆدا سەرهەڵبدات، ئەوا ڕووسیا درێغی ناکات لە پێشێلکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران.
لە سوریا، هێرشە بێوچانەکانی ئیسرائیل بۆ سەر فەرماندە و سەربازانی سوپای قودسی سوپای پاسداران گورزی قورسی لە ئێران داوە. بەڵام ڕووسیا نەک هەر هەرگیز بەرگری لە ئێران نەکرد لە بەرامبەر ئەو هێرشانە، بەڵکو دواجار کاتێک ڕووخانی ئەسەد بە گورزێکی کوشندە لە سیستمی بەرگریی ئێران دادەنرا، بەبێ گوێدانە بەرژەوەندییەکانی ئێران، پشتیوانی سەربازیی هەمەلایەنەی بە ئەسەد ڕاگرت و تەنانەت وەک هاوکارە نزیکەکانی ئەسەد دەڵێن، ڕۆڵی ڕاستەوخۆی هەبوو لە ڕووخانی ئەسەد بە دەرکردنی لە وڵات.
لە ئێستادا هیچ نیشانەیەک نییە کە ڕووسیا لە بەرامبەر دەستەبەرکردنی سەرکەوتنەکەی لە ئۆکرانیا دەستبەرداری ئێران بێت، یان تەنانەت بەو ئاراستەیەی کە واشنتۆن لە دڵیدایە هەنگاو بنێت (بۆ نموونە مۆسکۆ فشار دەخاتە سەر ئێران بۆ ئەوەی دەستبەرداری بەرنامە مووشەکییەکەی بێت). ئێران لە کاتی شەڕی ئۆکرانیا هاوکاری سەربازیی بە ڕووسیا کرد و پەرەپێدانی چەکی ئێران بە شێوەیەکی گشتی سوودی بۆ ڕووسیا هەبووە.
بەڵام ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە ئەم هاوپەیمانییە ستراتیجیە زیانبەخشە بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و بە شێوەیەکی سروشتی ئەمریکا هەوڵی لاوازکردنی دەدات. ئایا ئەمریکا لە گەیشتن بەم ئامانجە سەرکەوتوو دەبێت یان نا، پەیوەستە بە وردەکاریی دانوستانەکانی ئۆکرانیا و پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ. دانوستانەکان لە ژێر کاریگەری چەندین هۆکاردایە و هێشتا ئەنجامی کۆتایی ڕوون نییە.