ئا: محەمەد هاوژین
بەشێکی بەرچاو لەمامۆستایان، کەرتی پەروەردە بەشکستخواردوو دەزانن، دواکەوتنی مووچەو بایکۆتو تەشەنەسەندنی سەرگەرمییەکانی سۆشیال میدیا خەریکە نەوەیەکی بێ بەرهەمو ناڕۆشنبیر بەرهەمدێت، مامۆستایەک دەڵێت "ساڵی خوێندنی رابردوو، تەنها ٤٨ رۆژ دەوام کراوە لەقوتابخانەو خوێندنگاکانی زۆنی بایکۆتداو ١٥٢ رۆژ بایکۆت بووە".
درەخشان بەکر، مامۆستایەکی تەمەن ٥٢ ساڵەو ٢٦ ساڵە کاری مامۆستایی دەکات، ئەو کە وانەی کوردی پۆلی حەوتەمی بنەڕەتی دەڵێتەوە لەقوتابخانەیەکی ناو شاری سلێمانی، بەنیگەرانییەوە باس لەوە دەکات هیچ ساڵێک هێندەی ئەمساڵی خوێندن هەستی بەخراپی ئاستی قوتابیەکانی نەکردووە، ئەم مامۆستایە بەئاوێنەی وت "لەو دوو مانگەی سەرەتای خوێندنی ئەمساڵدا کە دەوام هەبوو، هەستمکرد زۆربەی هەرە زۆری قوتابیەکان تاقەتی خوێندنو ئامادەکردنی ئەرکی رۆژانەیان نییەو هیچ ساڵێکیش هێندەی ئەمساڵ ژمارەی قوتابی تەمەڵم لەناو پۆلەکاندا بەدینەکردووە".
وتیشی "تەنانەت ژمارەیەک قوتابی پۆلی حەوتمان هەبوو بەزەحمەتو بەحونجە دوو دێڕیان بۆ دەخوێنرایەوە".
بەشێکی زۆری مامۆستایان هۆکاری ئەم پاشەکشەیەی پرۆسەی خوێندنو پەروەردەو فێرکردن دەگەڕێننەوە بۆ چەند هۆکارێکی جیاواز، گرنگترینیان دواکەوتنی مووچەی مامۆستایانە کە بایکۆتی لێکەوتوەتەوەو ماوەی ١٠ ساڵە هەموو ساڵێک چەند مانگێکی ساڵی خوێندن بەبایکۆت تێدەپەڕێتو قوتابیان وەک پێویست وانە ناخوێنن.
م.نهوشیروان حهمهغهریب، ئهندامی سكرتایهتی یهكێتی مامۆستایان، کە هاوکات مامۆستایەکی ناڕازییەو یەکێک بووە لەڕێکخەری خۆپیشاندانەکانی چەند ساڵی رابردووی مامۆستایان، پێیوایە کاریگەرییەکانی نەدانی مووچە لەسەر پرۆسەی خوێندن مەترسیدارە، بەڵام لەبەرامبەردا بایكۆتیش وەك ئامڕازێك كاریگەری نەماوەو کارتێکی سووتاوە، ئەو بەئاوێنەی وت "پرۆسەی خوێندن دەمێکە بەهاو بایەخی نەماوە، قۆناغ بەقۆناغ کار بۆ پەکخستنی کراوە، هەر لەگۆڕینی پرۆگرامی خوێندنو دەستکاریی کردنی بەناوی سیستەمی خوێندنی سویدیو ئینگلیزی تا دەگات بەدواکەوتنی مووچەو بایکۆت، ئێستا حكومهتیش دەربەست نایە خوێندن چی لێدێ یان لێینایەت، تهنیا ئهوهندهی دهوێت دهرگای خوێندنگهكانی كراوه بێت".
م.نهوشیروان ئاماژه بهوهش دهدات چیتر بایكۆت نەبوەته ئامڕازێکی فشاری کاریگەر لهسهر حكومهتو تهنیا خوێندكار لێی زهرهرمهند بوو، ئەو وتی "ساڵی خوێندنی رابردوو، تەنها ٤٨ رۆژ دەوام کراوە لەقوتابخانەو خوێندنگاکانی زۆنی بایکۆتداو ١٥٢ رۆژ بایکۆت بووە، ئەمساڵی خوێندنیش لە٢ی١٢ەوە بایکۆتە تا ئێستاو تەنها تاقیکردنەوەی وەرزی یەکەم کراوە، هێشتا دەوامی وەرزی دووەم دەستیپێنەکردووە کەوا دەگەینە مانگی سێ، ئیتر نەمامۆستا تاقەتی دەوامی ماوەو نەقوتابیو خوێندکار".
ئەم ئهندامەی سكرتایهتی یهكێتی مامۆستایان جەغت لەوە دەکات کە زۆرینەی مامۆستایان کەرتی پەروەردە بەشکستخواردوو دەزانن، جگە لەوەی کە دەستوەردانی دوو حزبە دەسەڵاتدارەکەش ئەوەندەی تر کەرتی پەروەردەی وێران کردووە، م.نەوشیروان وتی "هەموو ئەم هۆکارانە وایکردووە ئاستی زانستیو ئەدەبیی قوتابیو خوێندکار بەتەواوی دابەزێت، خوێندکارمان هەیە لەقۆناغی بنەڕەتییدا هەموو ساڵێک لەیەکەمەکان بووە، ئێستا هاتوەتە ئامادەییەکە تاقەتی خوێندنی نەماوە، ئەڵێ خۆ زانکۆش تەواو بکەم هەر ئەبێ دانیشمو هیچم بەهیچ نابێت، ئیتر پەلەم چییە!".
بەڵام بەشێکی دیکە لەمامۆستایان پێیانوایە بایکۆت هۆکاری پەکخستنی پەروەدەو فێرکردنو پرۆسەی خوێندن نییە، بەڵکو بایکۆت ئەنجامی دواکەوتنی مووچەو ئەو ناهەقیانەیە بەرامبەر بەمامۆستایانو فەرمانبەران دەکرێت، هۆکاری ئەم پاشەکشەیە حکومەتی هەرێمە.
دڵشاد میرانی، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی لەپارێزگای سلێمانی، کە یەکێک بوو لەمامۆستا مانگرتووەکانیش، کە بۆ مانگی ١٥ رۆژ لەشاری سلێمانی مانیان لەخواردن گرت، ئاماژە بەوە دەکات بایکۆتو مانگرتن کارێکی خۆڕسک بووە، تاوەکو فشاری جدی لەسەر حکومەتی هەریم دروستبکات بەهۆش خۆیان بێنەوە، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەم حکومەتە ئەوەی بایەخی پێنادات، پەروەردەو خوێندنە، بۆیە مامۆستایان ناچارن لەم رێگایانەوە ناڕەزایی خۆیان دەرببڕنو لەڕێگەی بایكۆتو مانگرتنەوە داوای مافەکانی خۆیان بکەن، وەک پێدانی مووچە لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا هەموو مانگێک، گەڕاندنەوەی پلە بەرزکردنەوەو تەوتینکردنی مووچەو بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی گرێبەست".
سەبارەت بەشکاندنی بایکۆتو گەڕاندنەوە بۆ پۆلەکانی خوێندنیش لەئێستادا، میرانی وتی "ئەوە مامۆستایان خۆیان بڕیار دەدەن، بەڵام گەر بشگەڕێنەوە دەنگی ناڕەزایەتی نابێت بمرێت".
وتیشی "ئەو پاشەکشەیەی لەبواری پەروەردەدا رویداوە لەهەموو رووییەکەوە لەئەستۆی حکومەتی هەرێمدایە، بایکۆت ئەنجامە نەک هۆکار، گەڕانەوەی مامۆستا بەدەرونێكی تێكشكاوەوە بۆ ناو پۆلەکانی خوێندن کە بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە بژێویو ژیانیان بەباشی ناچێت بەڕێوە، ناتوانن ئەركی پڕۆسەی پەروەردەو فێركردن بەباشی بەجێ بگەیەنن".
پسپۆڕانی بواری کۆمەڵناسیش ئاماژە بەکاریگەریی خاڵێکی دیکە دەکەن بەشێوەیەکی نەرێنی لەسەر پەروەردەو پرۆسەی خوێندنو ئاستی قوتابیو خوێندکاران، کە ئەویش تەکنەلۆژیای سەردەمو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانە.
بەهار رەحیم، توێژەری کۆمەڵایەتی، ئاماژە بەوە دەکات نەبوونی هۆشیاری سەبارەت بەچۆنیەتی بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەنێو قوتابیو خوێندکارانو خێزانەکانیان خەریکە پرۆسەی خوێندنی پەکدەخات، ئەو بەئاوێنەی وت "ئەو هێزەی خوێندکارەکان کێشدەکات بۆ ئینتەرنێتو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بەهێزترە لەهێزی پەروەردە بەهۆی خراپی سیستمی خوێندنەوە، ئەوە تەنها بایکۆت نییە کە کاریگەریی لەسەر پاشکشەی پرۆسەی خوێندن هەبووە، بەڵکو تەشەنەنسەندنی ئینتەرنێتو سەرگەرمییەکانی سۆشیال میدیا، شانبەشانی ئەوە پرۆسەی پەروەردەو فێرکردنی لاواز کردووە".
ئەم توێژەرە بۆ سەلماندنی بۆچوونەکەی، ئاماژە بەوە دەکات کە قوتابخانەکانی هەولێرو دهۆک کە بایکۆتیان نەکردووە، یاخود قوتابخانە ئەهلییەکان بەهەمانشێوەی قوتابخانەکانی سلێمانی لەقەیرانو پاشەکشەی گەورەدانو ئاستی قوتابیو خوێندکارەکانیان لەئاستی پێویستدا نییە، لەبەرئەوەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مێشکی ماندوو کردوونو توانای سەیڤکردنی زانیارییان کەم بووەتەوە، ئەو وتی "سۆشیال میدیا کاریگەری زۆر نەرێنی هەبووەو کاریگەری زۆر خراپی لەسەر پرۆسەی پەروەردە هەبووەو وایکردووە قوتابی بایەخو خۆشەویستی بۆ خوێندن نەمێنێت".
وتیشی "ئەگەر دۆخەکە بەم جۆرە بەردەوام بێت، ئەوا نەوەیەکی چاولێکەرو بێ بەرهەمو ناڕۆشنبیر بەرهەمدێت، نەخۆشییە دەرونیو تەندروستییەکانیش لەولاوە بوەستێ".

ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.