موفید محەمەد نوری
پێشـــــەکـى:
دادگای هەمیشەیی گەلان (Permanent Peopl’s tribunal) فۆرمێکی دامەزراوەییە کە لە ڕێگەی یارمەتیدانی بزووتنەوەکانی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوەکانی ترەوە کاردەکات بۆ بەفەرمیکردنی ئەو کەیسانەی دژی ئەو وڵاتانە دەخرێنەڕوو کە دەستیان لە تاواندا هەیە. شایەنى باسە مەڵبەندی سەرەکى ئەم دادگایە لە شاری ڕۆمای ئیتاڵیایە. ئەم دامەزراوەیە چوارچێوەی کارەکانی لەسەر بنەمای بەیانکردنی مافی مرۆڤ و پشتگیریکردنى قوربانییەکان داناوە. دادگای هەمیشەیی گەلان (PPT) ئامانجی سەرەکیی ئەوەیە کە میللەتەکان هۆشیار بکاتەوە لە ئەرک و چالاکییەکانیان لە کۆمەڵگادا. ئەمەش بۆ ئەوەیە کە میللەتەکان بتوانن پەیوەندییەکی بەهێز و کاریگەر لەگەڵ بناغەکانی هۆشیاری کۆمەڵایەتی دروست بکەن. بەم شێوەیە، دەتوانن کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئامانج و بڕیارەکانی دەسەڵات هەبێت.
لە سەرەتادا، دادگاى هەمیشەیی گەلان بە ترابیونی ڕوسل ناسرا بوو، کە لەلایەن دوو گەورە پیاوە ناودارەکەی ئینگلیز و فەڕەنسی، پرۆفیسۆر بێرتراند ڕەسڵ (Bertrand Russell) و پرۆفیسۆر ژان-پۆل سارتەر (Jean-Paul Sartre)دامەزرا، کە بۆ لێکۆڵینەوە لە تاوانبارانی جەنگ پێکهات. ئەم دوو کەسە ناودارە یەکەم دادگاییان بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ئەمریکا لە ساڵی ١٩٦٠ لە ڤێتنام دەستیپێکرد. دواتر، هەمان دادگا هەستا بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی ئەو وڵاتە دیکتاتۆرییانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە پشتگیرییان لێدەکرا و مافی مرۆڤیان پێشێلکردبوو، وەک بەڕازیل و ئەرجەنتین.
هەروەها لە ساڵانی ١٩٧٤–١٩٧٦، PPT لێکۆڵینەوەی کرد لەسەر ئەو تاوانانەی کە دەوڵەتی دیکتاتۆری چیلی دژی خەڵکی ئەو وڵاتە ئەنجامیدابوو لە بواری مافی مرۆڤدا. هەروەها لە ساڵانی ٢٠٠٤دا، لێکۆڵینەوە و زانیاری کۆکردەوە لەسەر کێشەکانی عێراق و فەلەستین.
دادگاى هەمیشەیی گەلان دەسەڵاتێکی گەورەی پێدراوە و سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستهێناوە لە هۆشیارکردنەوەی خەڵک لەو ستەم و تاوانانەى کە بەرامبەریان دەکرێت. ئەم دادگایە هەستی خەڵکی ڕاکێشاوە، چونکە پشتگیری ئەو خەڵکانە دەکات کە مافەکانیان زەوت کراوە. PPT لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە لەو تاوانانە دەکات کە سەروەری مافی مرۆڤیان پێشێلکردووە. ئەم دادگایە لەسەر هەمان شێوازی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) بنیات نراوە و پێکهاتووە، واتە ھاوشێوەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی (ICC) کاردەکات کە بنکەى سەرەکى لە شارى هەیگە لە هۆڵەندا. گرنگە بزانین، دەوڵەتان بە بڕیارەکانی دادگاى هەمیشەیی گەلان پابەند نین، ئەم دادگایە دەسەڵاتى ئەوەیان نیە تاوانبارانى جەنگ دەستگیربکەن، بەڵام بڕیارەکانی ئەم دادگایە زۆرجار وەک پشتگیرییەکی ڕامیاری و یاسایی کاریگەرى دروستدەکەن.
هەرچەندە PPT دەسەڵاتی یاسایی نییە، بەڵام زانیارییەکان سەبارەت بە کەیسێکى دیاریکراو کۆدەکاتەوەو دواتر دەیانخاتە بەردەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتیICC، کە (ICC) دەسەڵاتی هەیە ئەو کەسانە بهێنێتە پێش دادگا بۆ لێکۆڵینەوە کە تاوانیان ئەنجامداوە بەرامبەر گەلان، وەک تاوانی جینۆساید و تاوانی جەنگ. هەروەها لەو تاوانانە دەکۆڵێتەوە کە هەمووی دۆکۆمێنتکراوە بە پشت بەستن بە زانیاری و شایەتی قوربانییەکان. ئەمە ئەوە نیشاندەدات کە هێزی خەڵک و دەسەڵاتی خەڵک چەندە گرینگە لەو دادگایەدا. کەواتەPPT وەکو خاڵێکی وەرچەرخان وایە، جۆرێکیشە لە فشار کە وا لە ICC دەکات بەزووترین کات لەسەر ڕۆشنایی ئەو ڕاپۆڕت و دۆکۆمێنت و زانیارییانەى کە خستویەتیەڕوو کارێک بکات.
پێویستە ئەوەش بڵێین،PPT لەگەڵ ICC، پرۆسێسی کارەکانیان هەمان پەیکەری کارگێڕییان هەیە. لەوەدا کە ئەکتەرەکانیان وەکویەکە، لەوانە: شایەتحاڵەکان: کە ئەوانەن شایەتی لەسەر ڕوداوەکە دەدەن. گوێگرەکان: ئەوانیش گوێ لە شایەتییەکان دەگرن و لەکۆتایدا پرسیار دەکەن. دادوەرەکان: ئەوانەن هەموو ڕوداوەکان لە بڕیارێکی چەند پەرەگرافیدا بچوک دەکەنەوە بە پشت بەستن بە یاسا نێودەوڵەتییەکان.
یەکێک لەو کەیسانەی کە دادگاى هەمیشەیی گەلان هێناویەتە بەردەم دادگای تاوانى نێودەوڵەتى، ئەویش دادگایکردنی ئەمریکا بووە لەبەرامبەر کوشتنی خەڵکی بێتاوانی فلیپین، چونکە لەو کاتەدا ئەمریکا پشتیوانی ڕژێمى دیکتاتۆری مارکۆسى کردووە. هەروەها جێفری نایس KC، لەڕێگەى دادگای هەمیشەیی گەلانەوە توانى سەرۆکی پێشووی سیبریا (سلۆبۆدان میلۆشیڤیچ)ى بهێنێتە بەردەم دادگای تاوانی نێودەوڵەتی. جێفری نایس لە وتەیەکی زۆر ئاشکرایدا دەڵێت: "میللەتانی جیهان دەتوانن ئەوە بکەن کە هەموو خەڵکی جیهان دەیکات و پارێزگاری لە مافی خۆی بکات."
هەروەها شادی سەدر، کە پارێزەر و چالاکوانی مافی مرۆڤی ئێرانییە، یەکێکە لەو کەسایەتییە دیارانەی کە چالاکانە لە بواری پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکارییەکانی حکوومەتی ئێراندا کاری کردووە. ئەو لە ساڵی ٢٠١٠ یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی دامەزراوەی دادپەروەری بۆ ئێران (JFI)، کە ئامانجی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و سەرکوتکردنە لە ئێران. شادى سەدر بەهۆى بەشداریکردنی لە دادگای هەمیشەیی گەلان (PPT)، ڕۆڵێکی کاریگەری بینیوە لە بەهێزکردنی کەیسی مافەکانی مرۆڤ و بەرەنگاربوونەوەی پێشێلکارییەکانی حکوومەتی ئێران. ئەوە یارمەتی داوە بۆئەوەی کەیسی مافەکانی مرۆڤ لەبەرامبەر ئێراندا بەهێزتر بکرێن و ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکان و دادگا نێودەوڵەتییەکان ئەو کەیسانە بە گرینگ وەربگرن.
دادگای هەمیشەیی گەلان (PPT) بەهۆی چالاکییەکانییەوە لە بواری پاراستنی مافی مرۆڤ و ڕوونکردنەوەی پێشێلکارییەکان ڕۆڵى گرینگى هەبووە لە پاراستنى مافی ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانان. دی زیوی، یەکێک لە ڕۆژنامە بەناوبانگەکانی دادگای هەمیشەیی گەلان (PPT)، باسی ئەوە دەکات کە ترابیونی ڕۆژنامەنووسان ئەنجامێکی باشی بەخۆیەوە بینیوە. بۆ نمونە، شایەتییەکانی ڕۆژنامەنووسان لە سریلانکا کۆکرانەوە و نێردرانە بەردەم ئۆفیسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان (UN)، بوونە هۆی ئەوەی کە پرۆسەی پاراستنی مافەکان باشتر بکرێت و پشتگیرییەکی نێودەوڵەتی بۆ دەستکەوتەکان دەستەبەر بکرێت. ئەمەش نیشانەیەکی ڕوونە لە کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی چالاکییەکانی PPT لەسەر پاراستنی مافەکانی مرۆڤ.
زۆربەی دەوڵەتە پێشێلکەرەکانی مافی مرۆڤ، هەوڵدەدەن مۆنۆپۆلی چەوساندنەوەیان هەبێت بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی مەدەنی. ئەوان هەڵدەستن بە ڕاگواستن، دەستگیرکردن، و ڕێگری لە ئازادییە ڕۆژنامەنووسییەکان، بەڵام PPT ئەم سیاسەتانە بە "پێشێلکارییەکی نایاسایی" دادەنێت. ئامانجی PPT ئەوەیە کە زانیاری و شایەتییەکان کۆبکاتەوە و بەڵگە بەهێزەکان پێشکەش بکات بۆ ئەوەی ئەم پێشێلکارییانە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بخرێنەڕوو.
هەندێک لە وڵاتە پێشێلکەرەکان ڕەخنەیان لە PPT گرتووە و دەڵێن: "ئێوە ناتوانن دادگامان لێبگرن یان زانیارییەکانمان کۆبکەنەوە!" بەڵام PPT وەڵامی داوەتەوە: "ئێمە پشت بەستووین بە کۆمەڵگا و شایەتییە ڕاستەکانی خەڵک... بەسەربەخۆى کارەکانمان ئەنجامدەدەین " ئەم سەربەخۆییە وایکردووە PPT ببێتە دەنگێکی باڵا بۆ چەسپاندنى دادپەروەرى.
تورکیا لەبەردەم دادگای هەمیشەى گەلان
لە ڕۆژانی ٥ و ٦ی ئەم مانگە کە ئەکاتە بەروارى(٥و٦/٢/٢٠٢٥) لە شاری بروکسڵ، پایتەختی بەلجیکا، لەسەر داواکارییەکانی دەسەڵاتدارانی هێزەکانی یەکینەکانی پیاوان و ژنانی ڕۆژئاوا و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ڕۆژئاوا، دەوڵەتی تورکیا وەک تاوانبارێک بانگکرا بۆ بەردەم دادگای هەمیشەیی گەلان (PPT) لەم دادگاییەدا تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان خرانەڕوو.
بەرواری دادگایکردنەکە هاوکات بوو لەگەڵ حەوتەمین ساڵیادی پەلاماری عەفرین لەلایەن تورکیاوە. کارەکانی PPT وردبینیکردن بوو لەسەر هەموو ئەو هێرشانەی کە تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا کردوویەتی لە نێوان ساڵانی ٢٠١٨ تا ٢٠٢٤. لەگەڵ وردبینینى و لێکۆڵینەوە، هەموو ئەو زانیارى و دۆکۆمێنتانە وەک بەڵگەیەک سەیردەکات کە تاوانەکانى تورکیا بەرامبەر کوردانى ڕۆژئاوا دەردەخات، و لەکۆتایدا بڕیارى لەسەر دەدرێت.
دەزگا نێودەوڵەتییەکان، وەک ڕێکخراوێکی سەربەخۆ، هەموو ئەو دۆکۆمێنتانەیان ئامادەکردبوو. دەزگاکانی مافی مرۆڤی سوری و ڕۆژئاوا هەستان بەو کارانە. هەروەها ئەو ڕێکخراوانەش کە لەگەڵ چالاکوانە مەدەنییەکاندا بەردەوام پەیوەندییان هەبووە، هەموو ڕونکردنەوەیەکیان داوە بەو زانیاریانەی کە لەبەردەم دادگادا بووە.
دادگای هەمیشەیی گەلان، لەسەر مەسەلەی تورکیا وەستاوە و بە وردی لەو دەنگۆیانە دەکۆڵێتەوە کە تورکیا پێشێلکاریی کردووە بەرامبەر مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ. دادگاى هەمیشەى خەڵک دەستیکرد بە لیکۆڵینەوە سەبارەت بە هێرشەکانى تورکیا بۆسەر عەفرین کە لە مانگی مارسی ٢٠١٨ ڕوویداوە. لەو کاتانەدا، عەفرین بەر هێرشی داگیرکاری تورکیا کەوت کە تورکیا و دارودەستەکانی لە عەفرین کوشتن و فڕاندن و لاقەکردنیان دەرهەق بە خەڵکی عەفرین، بەتایبەتی و ڕۆژئاواى کوردستان بەگشتی، بە بەرنامە جێبەجێکرد.
دادگای هەمیشەیی گەلان، بە شێوەیەکی سەرەکی لەگەڵ حەوت دۆسیەی پێشێلکردنی مافی مرۆڤ مامەڵەی کرد، کە هەر حەوت دۆسیەکە تۆوی لەناوبردن و سڕینەوەی شوناسنامەی نەتەوەی کوردیان هەڵگرتبوو، کە بریتیبوون لەمانەى خوارەوە:
یەکەم: کوشتنی بەئەنقەست و لەناوبردنی خەڵکی سڤیل لە ڕۆژئاواى کوردستان، بەتایبەتی ڕۆژنامەنووسان، کەیسێکی نوێیە بۆ ئەم دادگایە. لە دادگاییکردنەکەدا، کەیسی ڕۆژنامەنووسێکی بەلجیکی خرایەڕوو کە شایەتحاڵی ئەوە بووە زیاتر لە چوار ڕۆژنامەنووس لەکاتی کۆکردنەوەی زانیاری لە مەیدانی شەڕدا لە سوریا لەلایەن سوپای سوریای ئازادەوە بە ئەنقەست کوژراون و لاشەکانیان لە شوێنی جیاجیا شێوێندراون، کە ئەم سوپایە هەموو کار و خزمەتێکی لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە بۆ دێت. بەڵگەنامە ڤیدیۆییەکان و شایەتحاڵییەکان ئەوە دەردەخەن کە تورکیا فاکتەری سەرەکییە لەم کارەساتە و لەناوبردنی ڕۆژنامەنووسان. لە یەکەم ڕۆژی دادگاییکردنەکەدا، حکومەتی تورکیا و نوێنەرەکەی لە ڕێگەی باڵیۆزخانەکانیان لە برۆکسل و ڕۆماوە بانگهێشت کراون."
دووەم: کاولکاریی ژێرخانە ئابوورییەکانی خەڵک نموونەیەکی دیاری پێشێلکارییەکانە. بۆنمونە قوتابخانەیەک لە کۆبانێ کە شوێنی فێربوونی منداڵان بوو تا تەمەنی ١٧ ساڵی، بەپێی لێدوانی شایەتحاڵەکان، ئەم شوێنە تەنها بۆ مەبەستی خوێندن بەکاردەهێنرا. بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨، تورکیا لە هێرشێکی ئاسمانیدا ئەو قوتابخانەیەی بۆردومان کرد، بەهۆیەوە حەوت منداڵ کوژران و سێزدەی تریش برینداربوون. دەزگای هەواڵگری خەبەری تورکی، بۆ داپۆشینی ئەم کارە قێزەونە، ڕایگەیاند کە ئەو شوێنە حەشارگەی تیرۆریستانی ڕۆژئاوا بووە و ئەوانەشی کە لەوێ بوون هاوکاری ئەوان بوون. بەڵام بەڵگە و شایەتحاڵییەکان ئەوە دەردەخەن کە ئەو شوێنە قوتابخانە بووە. دیمەنە ڤیدیۆییەکان نیشانی دەدەن چۆن منداڵەکان نوقمى خوێن کراون و بە پەلە لەلایەن ئەمبوڵانسەکانەوە ڕزگار دەکران.
شێوازێکی تری هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەر دامەزراوە مەدەنییەکان، هێرشکردن بوو بۆ سەر نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە نەخۆشانی شەکرە، کە ئەمەش نیشانەی ئەوەیە دەوڵەتی تورکیا بە ئەنقەست هەوڵی شێواندنی دەزگا تەندروستییەکانی داوە. هەروەها هێرشکردن و لەناوبردنی نەخۆشخانەیەکی بوژاندنەوەی گورچیلە بووە هۆی گیانلەدەستدانی نەخۆشێک. جگە لەمانەش، بنکەی پاککردنەوەی ئاوی خواردنەوە لە ڕۆژئاواى کوردستان یەکێکی تر بوو لەو شوێنانەی کە دەوڵەتی تورکیا بەئەنقەست کردییە ئامانج، کە بووە هۆی ئەوەی ملیۆنان خەڵکی ڕۆژئاوا ئاوی پاکی خواردنیان دەست نەکەوێت. نەبوونی ئاوی پاک فاکتەرێکی گەورە بوو لە نەخۆشکەوتنی زۆربەی خەڵکی ناوچەکە، بەتایبەتی لەنێو منداڵاندا، بەهۆی بەکارهێنانی ئاوی پیس.
سێیەم: بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو دژی خەڵکی سڤیل، لەگەڵ گەشەپێدانی فۆسفاتی سپی بۆ لەناوبردنی خەڵک، نموونەیەکی دیكهى تاوانکارییەکانى تورکیایە.
چوارەم: بەکارهێنانی ئەشکەنجە و هەموو جۆرە مامەڵەیەکی نامرۆڤانە دژی خەڵکی عەفرین بەردەوامى هەبووە. ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژئاوا و مافی مرۆڤ چاوپێکەوتنیان لەگەڵ چەند ئافرەتێکدا سازدا کە بەڤیدۆ نیشاندرا، کە ئەم ئافرەتانە نزیکەی دوو مانگ لە زیندانەکانی سەر بە تورکیا بوون. ئەوان باسیان لەوەکرد کە لە زیندانەکاندا ڕووبەڕووی لێدان و بریندارکردن بوونەتەوە، هەروەها دەستدرێژی سێکسییان کراوەتە سەر. کاتێک یەکێک لە دادوەرەکان پرسیاری لە قوربانییەک کرد و پێی گوت: 'دوای ئەوەی ئەو ماوەیە لە زیندان بوویت، چۆن دووگیان نەبوویت؟'، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: 'لە دواوە دەستدرێژییان کردووەتە سەرم'، ئەمەش بە پشتڕاستکردنەوەی ڕاپۆرتی پزیشکی. دادوەرێکی تر پرسیاری لە یەکێکی تر لە قوربانییەکان کرد و پێی گوت: ئامانجیان چی بووە لەوەی ئاوا لە ئێوە بکەن؟، ئەویش لە وەڵامدا گوتی: یەکەم، لەبەر ئەوەی ئێمە کوردین و تۆمەتبارمان دەکەن بە هاوکاریکردنی سوپای دیموکراتی سووریا (هەسەدە). دووەم، دەیانویست لە عەفرین نەمێنین و بچینە شوێنێک کە کوردی لێ نەبێت، و ماڵ و حاڵی خۆمان بەجێ بهێڵین.
پێنجەم: تیرۆرکردنى کورد لەعەفرین بۆمەبەستى چۆڵکردنى ماڵ و ژیانیان و نیشتەجێکردنى عەرەب لە شوێنیان بۆ سڕینەوەى کورد لە عەفرین.
شەشەم: یەکێکیتر لە تاوانەکانى تورکیا و چەتەکانی ئەوەبوو کە بە پلانی جۆراوجۆر توانیان لە ساڵی ٢٠١٩ بۆسەیەک بۆ هەڤین خەلەف (Hevrin Khalaf) دابنێن، کە یەکێک بوو لە لێپرسراوانی مافی مرۆڤی ڕۆژئاوا و سوریا. هەڤین خەلەف بە شێوەیەکی دڕندانە کوژرا، کە جەستەکەی شوێنەواری زیاتر لە پەنجا فیشەکی لەسەر بوو. وێنەی جەستەکەی لە یوتیوب بڵاوکرایەوە بۆ دڵخۆشکردنی هاوپەیمانەکانی تورکیا.
هەروەها پلاندانان بۆ کوشتنی ئافرەتی ناوداری ڕۆژئاواى کوردستان، یوسرا دەروێش (Yusra Darwish)، کە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆمبیان بۆ فڕێدا و ڕاستەوخۆ گیانی لەدەستدا. لەناوبردنی ئەم سەرکردە بەشەرەفانەی ناو خەڵکی ڕۆژئاوا، بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، وەک لاقەکردنێک وایە. دواتر لە ساڵی ٢٠٢٢، سەرکردەیەکی تر لە ئافرەتان بە ناوی زینب (Zeynep) بەهەمان شێوە پلانی بۆ دانرا. هەموو شایەتحاڵەکان ئەوەیان دەسەلماند کە ئەم سێ ئافرەتە تەنها لە بواری کارگێڕیدا کاریان کردووە و هیچ پەیوەندییەکیان نەبووە بە ڕێکخراوە سیاسییەکانەوە.
حەوتەم: سڕینەوەی شوێنەوارە مێژووییەکان و ئەو شوێنانەی کە یادەوەریی خەڵکی تێیدا هەڵگیراوە و پارێزراوە. تێکدانی هەموو ئەو کەلەپوورە مێژووییانە و شکاندنیان و گواستنەوەیان بۆ تورکیا، بەڵگەی ڤیدیۆیی ئەوە دەردەخەن کە چۆن بە فیشەک نیشانە لە هەندێک ئاسەواری مێژوویی دەگرن و دەیشکێنن. هەروەها دیمەنی ڤیدیۆیی ئەوە نیشان دەدەن کە چۆن گۆڕستانێک بە زەوییەوە تەخت کراوە. هەموو ئەمانە بە بەڵگەی وێنەیی پێش و دوای ڕووداوەکان خراونەتەڕوو.
کۆتــــــــــــــایی:
سەرەنجام، دادگای هەمیشەیی گەلان (PPT) پاش دوو ڕۆژ لە گوێگرتن و وردبینی لە دۆکیۆمێنت و شایەتحاڵەکان، بەیاننامەى کۆتاییان دەرکرد لە حەوتی ئەم مانگەدا. ئەم بەیاننامەیە لە ئۆفیسی سەرۆکی PPT، فیلیپ تێکسیێر (Philippe Texier)، دەرچوو. زمانحاڵی PPT لەلایەن چەند کەسایەتییەکی ناوداری نێودەوڵەتییەوە ئیمزاکراوە، لەوانە: لویس برونێت (Luis Brunet) لە بەڕازیل. خاڤیێر گیراڵدۆ (Javier Giraldo) لە کۆلۆمبیا. هێلێن جارڤیس (Hélène Jaffelin) لە فەڕەنسا-کامبۆدیا. شیلۆ ڕۆزى لە ئیتاڵیا.
ئەم بەیاننامەیە خاڵە سەرەکییەکانی خوارەوەی لەخۆگرتبوو:
یەکەم: هەموو ئەو شایەتحاڵییانەی کە گوێمان لێگرت و هەموو ئەو وێنانەی کە بینیمان، ئەوە دەسەلمێنن کە خەڵکی ڕۆژئاڤا لەبەرئەوەی کوردن و دەیانەوێت کۆمەڵگایەک لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی دروست بکەن، تیرۆر دەکرێن. ئامانجی سەرەکیش سڕینەوەی شوناسی کوردە، و لە ماوەی ئەو پێنج ساڵەدا سەدان هەزار کەس لە ناوچەکانی خۆیان دەرکراون و عەرەب لە شوێنی ئەوان نیشتەجێ کراون."
دووەم: شێوازەکانی لەناوبردن ئەوەمان پێ دەڵێن کە لە بۆمبارانکردن و کوشتنەوە بگرە تا ناردنی درۆن و ڕووخاندنی ژێرخانی ئابووری وەک ئاو، نەخۆشخانە، قوتابخانە و پیشەسازییەکان، هەموو ئەم تاوانانە لەلایەن دادوەرانی ترایبۆنەوە بە ترسناک سەیر دەکرێن. بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، ئەوانەی ئەم کارانە ئەنجام دەدەن، تاوانی جەنگ ئەنجام دەدەن. بەپێی هەموو شایەتحاڵییەکان، ئەوانەی بەرپرسن لەم کارانە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و هاکان فیدانن، کە هیچ کامیان ئامادە نەبوون لەبەردەم دادگای هەمیشەیی خەڵک."
سێیەم: تورکیا بە جیهان ڕادەگەیەنێت کە لەبەرامبەر تیرۆرستاندا پارێزگاری لە خۆی دەکات، لە کاتێکدا هیچ بەڵگەیەک نییە بیسەلمێنێت کە ڕۆژئاڤا بە هیچ شێوەیەک لە هێرشێکدا بۆ سەر تورکیا بەشدار بووبێت. بە پێچەوانەوە، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دامەزراوەیەکی نیشتیمانیی خەڵکی کوردانى ڕۆژئاوایە کە لە ساڵی ٢٠١٤وە دامەزراوە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییەی کە بەهۆی شەڕی ناوخۆیی سوریاوە دروست بووە. لە ڕاستیدا، تورکیایە بەردەوام هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوا.
چوارەم: دەسەڵاتی ئێستای دەوڵەتی سوریا دانی بەوەدا ناوە کە دەسەڵاتی خۆسەر ئۆتۆنۆمی خۆیان هەیە و بە ئومێدەوە کاریان لەگەڵدا دەکەن.
پێنجەم: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئاگادارە لە ئازارەکانی خەڵکی ڕۆژئاڤا و تاوانەکانی حکومەتی تورکیا، بەڵام تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکی ئەوتۆیان نەبووە. پێویستە دان بەو تاوانانەدا بنرێت کە تورکیا دژی خەڵکی کورد لە ڕۆژئاڤا ئەنجامی دەدات، و ئەوانەی بەرپرسن لەم تاوانانە بهێنرێنە بەردەم دادگا. هەروەها پێویستە دەسەڵاتی خۆسەر وەک هێزێکی دیموکراسی نێودەوڵەتی بناسێندرێت، و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دڵنیا بکرێتەوە لەوەی کە هەموو هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوا ڕادەگیرێن، تاکو خەڵکی ڕۆژئاوا لە کارەساتێکی جینۆساید ڕزگاریان ببێت.
ئەو ڕێکخراوانەی کە ئەم دادگاییەیان ئامادەکردبوو، بریتی بوون لە:
کۆمیتەی یاسا و کۆمەڵایەتی لەبەشی دەرەوەی خۆسەر (DAANES).
دەزگای لێکۆڵینەوە لە مافی ئافرەتان.
دەزگای مافی مرۆڤ لە عەفرین وئەلجەزیرە.
ڕێکخراوە نادەوڵەتییەکانی وەک:
MAF-DAI.
ELDH (European Association of Lawyers for Democracy & World Human Rights).
IADL (International Association of Democratic Lawyers).
KNK (Kurdistan National Congress)
Free University of Brussels (VUB).
Kurdish Institute of Brussels.
ئەو دادوەرانەی کە لەوێدا ئامادەبوون، بریتی بوون لە:
Domenico Gallo
Rashida Manjoo
Czarina Musni
Giacinto Bisogni
Gabrielle Lefévre
José Elías Esteve Moltó
Frances Gail Webber
![](https://mail.google.com/mail/u/0?ui=2&ik=c6f39102c2&attid=0.3&permmsgid=msg-f:1823877507934091610&th=194fb6ee1e3c795a&view=att&disp=safe&realattid=f_m72w9jop2&zw)