ئا: شیلان محەمەد
لەپێنج ساڵی رابردوودا، رێژەی نەزۆکی لەناو ژنانی کوردستاندا ساڵ بەساڵ زیاتر بووە، پزیشکێک دەڵێت "زۆربەی دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی ژیان کردن".
شنیار غەریب، ژنێکی تەمەن ٣٦ سالەو ماوەی ١٤ ساڵە هاوسەرگیریی کردووەو بەئاواتەوەیە مناڵی خۆی لەباوەش بکات، بەڵام تا ئێشتا ئەم ئاواتەی نەهاتوەتە دی، چەند خۆی پیشانی پزیشک داوەو هەوڵی داوە، بەڵام بێسوود بووەو چارەسەری نەبووە، ئەو کە باری ئابوری خۆیو هاوسەرەکەی باش نییە، ئێستا خوشکو براکانی بڕیاڕیان داوە هاوکاری بکەن بۆ ئەوەی منداڵی بلوری دابنتت، ئەو وتی "شەوو رۆژ بیر لەوە دەکەمەوە کە منداڵی خۆم لەباوەش بگرم، چی بکەم خوا ئەوەی پێڕەوا نەبینیم".
شنیار یەکێکە لەهەزاران ژن لەکوردستان کە لەم ساڵانەی رابردوودا تووشی نەخۆشی نەزۆکی بوون، پسپۆڕانی نەخۆشییەکانی ژنان هۆکارەکانی دەگەڕێننەوە بۆ چەند فاکتەرێکی جیاواز.
دکتۆرە سومەییە عەتا، پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنانو منداڵ بوونو نەزۆکی جەغت لەوە دەکات کە نەزۆکی لەم ماوانەی دوایدا ڕووی لەزیاد بوون کردووەو هۆکاری زۆربەشی دەگەڕێتەوە بۆ شێوازی ژیان، وەک خەوتن، خواردن، هەڵسوکەوت، ئەمە جگە لەوەی ڕێژەیەکی زۆریشی دەگەڕێنێتەوە بۆ وردەکیسی هێلکەدان یاخوود خاوی هێلکەدان ، ئەو بەئاوێنەی وت "نەزۆکی لەپیاواندا لەمنداڵی تا گەورەبوون سەیر دەکرێ، بۆ ئەوەی بزانین ئایا ئەم کەسە هیچ نەخۆشی تایبەتی گرتووە، یاخود تووشی ڕووداوێک بووە، یاخود تووشی باروودۆخێکی نەخوازراو بووە !
حاڵەتم هاتۆتە بەردەست پیاوەکە ئەشکەنجەی سەربازی بینیوە وای لێهاتووە ناوێرێ بچێتە لای ژنەکەی"!
وتیشی "لەسەدا هەشتای منداڵ نەبوون لەژناندا دەگەڕێتەوە بۆ وردەکیسی هێلکەدان، ئێستا جگە لەوەش دیاردەی نەمانی هێلکەی سەرەتایی هەیە، واتە هەر لەزگماکییەوە هێلکەی نییە، کە بەرەو زیادبوون دەچێتو نازانرێت هۆکاری سەرەکی چییە، ئایا بەهۆی خواردنە، یاخود پیسبوونی ژینگەیە، جەنگەکانە یان هۆکاری دەروونییە، شۆکو ڕاچڵەکینە، بەپێی زۆری ڕێژەی ئەو کەسانەی هاتوونەتە لام، هۆکارەکان دەگەڕێنمەوە بۆ شۆکو ڕاچڵەکینەکان، ژن هەبووە بەهۆی خەمخواردنی زۆر وای لێهاتووە، لەتەمەنێکی کەم هێلکەی پێ نەماوە، بۆ نمونە لە ۳٥ ساڵی".
دکتۆرە سومەییە ئاماژە بەوە دەکات کە زۆرکات دەرمانو چارەسەرێکی زۆر دەدەن بەو نەخۆشانەو لە ١٠ کەس کە پێشتر منداڵیان نەبووە ئێستا پێنجیان دەیانبێت بەمەرجێک بە پێی ڕێنماییەکان بڕۆن، ئەو وتی "نەخۆشێک دێتە لای ئێمە تەمەنی ٤۰ ساڵە جیاوازی هەیە لەگەڵ کەسێک کە تەمەنی ۲۰ ساڵ بێت، ئەو کەسانەی تەمەنیان گەنجترە پێویست ناکات پەلەیان لێبکەین دایدەنێین خۆی وردە وردە ببێتە خاوەن منداڵ
ئەوانەشی تەمەنێکیان هەیە پێویستە پەلەیان لێبکرێت، چونکە لەسەدا هەشتای نەزۆکییەکان بەدەرمان دەتوانرێت چارەسەر بکرێت ".
وتیشی "ئەو کەسانەی کە دێنە لای پزیشکی منداڵ بوونو بێ ئومێد دەبین لێیان، پەنا دەبەنە بەر سەنتەرەکان کە ئەو سەنتەرە بلووریانە بیانین، هەروەها زۆربەی ئەوانەی بلووری ئەنجام دەدەن ژنانو پیاوانی تەمەن سەروو ۳٥ ساڵن، هەندێک کەسیش هەن بۆ دیاریکردنی ڕەگەز بلووری ئەنجام دەدەن بۆ نموونە دایکو باوکێک منداڵی کچیان هەیە دەیانەوێت کوڕیان ببێت یان بەپێچەوانەوە ".
ئەمە لەکاتێکدایە کە پزیشکانی دەروونی ئاماژە بەوە دەکەن کاتێک بەکەسێک دەوترێت نەزۆکیت، لەڕووی دەرونییەوە کاریگەری نەخوازراوی دەبێت.
دکتۆرە نەشمیل ڕەسوڵ حەمەئەمین، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشی دەروونی گەورەو منداڵان باس لەوە دەکات کە هەندێک کەس زۆر بیر دەکەنەوەو دەیانەوێت منداڵیان ببێتو زۆر هەوڵدەدەنو هەوڵەکانیان بێئەنجام بووە، توشی جۆرێک لەدڵەڕاوکێو فشاری زۆر دەبن، کە ئەمە خۆی لەخۆیدا هۆکارێکە بۆ دواکەوتنی درووستبوونی منداڵ، ئەو وتی "نەخۆش هاتۆتە لای ئێمە چارەسەری فشارو دڵەڕاوکێکەیمان کردووە، ئەمە یارمەتیدەر بووە بۆ ئەوەی بتوانن ببنە خاوەن منداڵ ".
وتیشی "کاتێک بەژن یاخود پیاوێکی گەنج دەوترێت نەزۆک، تووشی بارودۆخی لەدەستدان دەبێت، واتا (تۆ توانای کردنی شتێکت نەبێ) بەتایبەت منداڵ درووستکردن کە زۆربەی ژنانو پیاوانیش خەون بەوەوە دەبینن ببنە دایکو باوک، ئەمە تووشی خەمهو بێهیواییەکی زۆریان دەکات".
بەپێی وتەی ئەم پزیشکە دەروونییە هەندێک لەتاکەکان ڕەنگە بتوانن لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتو ڕۆژەکانو ڕێکردنی ژیاندا خۆیان لەگەڵ ئەم بێهیواییو دڵتەنگییەدا بگونجێننو ژیانیان بە شتی دیکە پڕ بکەنەوە ، بەڵام بۆ هەندێکیشیان دەبێتە مایەی خەمۆکی درێژخایەن، ئەو وتی "ژنانو پیاوان هەندێ کات چارەسەری هۆڕمۆنی وەردەگرن ، ئەو چارەسەرە هۆڕمۆنیانەی ژنێک یان پیاوێک وەریدەگرێت بۆ درووستکردنی منداڵ کاریگەری لەسەر دەروونیان دەبێت، ڕەنگە تووشی دڵ توندی یان خەمۆکیو دڵەڕاوکێی زۆر ببن، هەندێک جار لەوانەیە هیچ چارەسەرێک لەئارادا نەبێت یان هەندێک چارەسەر هەبێت کە قورس بن بۆ ژنو پیاوەکە".
بەشێک لەپسپۆڕانی ئەم بوار ئەوە رووندەکەنەوە کە جۆری خۆراکی رۆژانەش کاریگەری ناڕاستەوخۆی لەسەر ئەوە هەیە ژنێک یاخود پیاوێک کە تووشی نەخۆشی نەزۆکی ببێت.
دکتۆرە ئەسرا کەمال شامحەمەد، پزیشکی گشتیو ماستەر لەبەریتانیا لەزانستی خۆراک، بەئاوێنەی وت "بێگومان خواردن کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر نەزۆکی نییە، بەڵکو کاریگەری ناڕاستەوخۆی هەیە واتە خۆراکی ناتەندروست ڕەنگە ببێتە هۆی چەند گۆڕانکارییەک لەلەشی مرۆڤدا، کە لەئەنجامدا ئەگەری ڕوودانی نەزۆکی زیاتر بکات، کەواتە تەنها خواردنێک نییە بەتەنها بڵێین ئەم خواردنە نەزۆکی درووست دەکات، یاخود ئەم خواردنە باشە بۆ نەزۆکی، بەڵکو تێکڕای شێوازی ژیان ڕۆڵی دەبێت لەسەر ئەوەی ئەگەری نەزۆکی زیاد یان کەم بکات".
وتیشی "بۆ نمونە شێوازی ژیانی کەسەکە تەندروست نەبێ، چالاکی باش نەبێ، خەوی باش نەبێ، خۆراکی خراپ بێت کەسەکە خۆراکی ناتەندرووست زۆر بخوات، ئەم جۆرە شێوازی ژیانە دەبێتە هۆی ئەوەی هەوکردن لە لەشدا زیاد ببێ، ئەگەری هەیە کێش زیاد ببێ، کە زیاد بوونی هەوکردن لە لەشداو کێش زیاد بوون، بوونی دڵەڕاوکێو سترێس کە بەهۆی خۆراکو ژیانی ناتەندروستەوە دروست دەبێت، کاریگەرییەکی ناڕاستەوخۆیان هەیە لەسەر زیادبوونی ئەگەری نەزۆکی".
ئەو پسپۆڕی خۆراکە باس لەوە دەکات کە کاریگەرییەکی دیکەی خۆراکی ناتەندروست لەسەر زیادبوونی ئەگەری نەزۆکی ئەوەیە خۆراکی ناتەندروست پێکهاتە خۆراکییە باشەکانی تێدا نییە، دەوڵەمەند نییە بەکانزاو ڤیتامینەکان، کە ڕۆڵی سەرەکییان هەیە لەبنیاتنانی شانەکانو هۆرمۆنەکانی لەشی مرۆڤدا، کاتێک لەشی مرۆڤ کانزاو ڤیتامینی پێویستی دەستنەکەوێت یاخود ئەو خۆراکانەی شەکرو چەوری خراپیان زۆر تێدایە، ڕەنگە ئەگەری نەزۆکی زیاد بکات".
هەروەها دکتۆر باسل سەیدۆ ئەحمەد، پسپۆڕی پێستو جوانکاریو لێزەر، بەئاوینەی وت "بێگومان ماکیاژ لەماددەی کیمیای دروست دەکرێتو کاریگەری خراپی لەسەر پێست دەبێت، لەسەر ئەو غودانەی کە هۆڕمۆنات دابەش دەکەن لە لەشی ئافرەتدا، بێگومان تێکچوونی ئەم هۆڕمۆنانەش دەبێتە یەکێک لەهۆکارەکانی درووستبوونی نەزۆکی لەئافرەتان، ئەو وتی "زۆربەی ماکیاژەکان لەماددەی کیمیایی دروست دەکرێن، لەپێکهاتەی زۆر خراپ کە بەشێکی لەنەوتدا هەیە چەندێک کوالێتی ماکیاژەکە نزم بێت ئەوا کاریگەری نەرێنی زیاتر هەیە لەسەر نەزۆکی".
ئەمە لەکاتێکدایە کە نەزۆکی هەندێکجار بووەتە مایەی دروستکردنی جۆرێک لەناکۆکیو تەنانەت توندوتیژیو ئاژاوەش لەناو خێزانەکاندا.
پارێزەری ڕاوێژکار، خالید نەقشبەندی بەئاوینەی وتی "لەماوەی ۱٨ ساڵ کارکردنم، لەم ساڵانەدا پیاوێک لەسلێمانی داوای جیابوونەوەی تۆمارکردبوو لەژنەکەی بەهۆی نەزۆکییەوە، بەڵام دوای ئەوەی ئێمە ڕاپۆرتی پزیشکیمان پێشکەش کرد، دەرکەوت ژنەکە هیچ کێشەی نییە، بۆیە دادگا داواکەی ڕەت کردەوە".
وتیشی "مافی ژنانە کە لەسەر نەزۆکی داوای جیابوونەوە بکەن، یاسا بەپێی ماددەی ٤۳ ڕێگەی داوە بەژن، لە ئاینی ئیسلامیشدا هەر بەو جۆرەیە،
چونکە چاندنی تۆو لەسەر پیاوە، بۆیە یاسای باری کەسێتی ئێراقی ئەو مافەی داوە بەژن، بەڵام بەدیاریکراوی ژنان نایەنە پێشەوە بۆ تۆمارکردنی داوای جیابوونەوە لەسەر بنەمای نەزۆکی، دەتوانین بڵێین لەملیۆنێک داوا یەک داوا هەیە لەسەر ئەو بنەمایە تۆمار کرابێت، بەڵام دێت بە شێوازی دیکە (ڕێککەوتن) داواکە تۆمار دەکات چوونکە پیاوان ئەمەیان پێقورسە لەبەردەم، دادگا باس بکرێت".
سەبارەت بەو توندوتیژییانەش کە بەهۆی نەزۆکییەوە تۆمار کراون، نەقشبەندی وتی "توندوتیژییەکان زیاتر بەشێوەی قسەن (قسەو باس) کە چ ژن یان پیاو بەشێوەی ڕوبەڕوو (ڕاستەوخۆ) یان لەپاشەملە (لەلای کەسانی دیکە) قسە دەکەن لەسەر هاوسەرەکەیان، کە گوایە نەزۆکە یان منداڵی نابێت، ئەم بابەتە کۆمەڵگای کوردی پێوەی دەناڵێنێت، لەبەرئەوەی لەناو کۆمەڵگای کوردیدا ئەم بابەتە بەئاسایی سەیر ناکرێت".
سەبارەت بەهێنانی ژنی دووەمیش بەهۆی نەزۆکییەوە، ئەو وتی "لەهەرێمی کوردستان بەپێی یاسا پیاو دەبێت ڕەزامەندی هاوسەری وەربگرێت بۆ هێنانی ژنی دووەم".
بەمەبەستی وەرگرتنی ئاماری نەزۆکی لەکوردستان، ئاوێنە پەیوەندی کرد بەنەخۆشخانەی منداڵبوونی هەولێرو نەخۆشخانەی منداڵبوونی سلێمانی، وەزیری تەندروستی هەرێم، سەرۆکو بەرپرسی سەنتەری بلوری هەولێر، ئامادە نەبوون ئامارمان پێبدەن .
ئاوێنە پڕۆژەیەکی میدیایی بەهاوبەشی لەگەڵ "قریب" بەڕێوەدەبات
ئاوێنە بۆ ماوەی دوو ساڵی داهاتوو پڕۆژەیەکی میدیایی هاوبەش بەسپۆنسەری "قەریب" بەڕێوەدەبات.
لەم پڕۆژە میدیاییەدا بایەخێکی تایبەت دەدرێت بەگەنجانو ژنانو پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمو حکومەتی ناوەندی عێراقو هەڵبژاردنی کوردستان.
لەچوارچێوەی ئەم پڕۆژەیەدا، ئاوێنە بەشێوەیەکی پیشەیی کار لەسەر ئەو بابەتانە دەکاتو چەندین راپۆرتو فیچەر پێشکەش بەخوێنەرو بینەرانی دەکات.
"قریب" بەرنامەیەکی هەرێمایەتییە بەسپۆنسەری ئاژانسی فەرەنسی بۆ پەرەپێدان "AFD"و لەلایەن ئاژانسی فەرەنسی بۆ گەشەپێدانی میدیایی CFI جێبەجێدەکرێت.