هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لەمیانی كۆبونەوەیدا لەگەڵ سەرۆك كۆماری عێراق، داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی کرد کە عێراق و سوریا و ئوردن و تورکیا لەخۆبگرێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان."
ئاوێنە: د.لەتیف جەمال ڕەشید، سەرۆك كۆماری عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆشکی بەغدا پێشوازیکرد لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و وەفدی هاوڕێی کە فواد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق ئامادەی ئامادەی دیدارەکە بو.
بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆماری عێراق، لەکۆبونەوەکەدا پەیوەندییە دوقۆڵییەکانی نێوان هەردو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانیان بەشێوەیەک کە یارمەتیدەر بێت بۆ پەرەپێدانی میکانیزمەکانی هاریکاری لەبوارە جیاجیاکاندا باسکرا و سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە عێراق هەر دەستێوەردانێک کاریگەری لەسەر خاکەکەی هەبێت رەتدەکاتەوەو پێویستە ڕێز لە سەروەری و ئاسایشی نیشتیمانی و سەربەخۆیی عێراق بگرێت.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە گرنگی پابەندبونی هەردو وڵات کرد بەوەی کە "هیچ کامیان سەکۆی بازدان نین بۆ هەڕەشە کردن بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ئەوی تریان" و ئاماژەی بەوەشدا کە "عێراق بەردەوامە لە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی عێراق."
وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتوە، پەرەسەندنەکانی ناوچەكەو جیهان و کاریگەرییەکانییان لەسەر ناوچەکە تاوتوێکران و هەردو جەختیان لەسەر گرنگی پشتیوانیکردن لە هەوڵەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و گرتنەبەری دیالۆگی بنیاتنەر بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان وڵاتانی ناوچەکە لەپێناو بەدیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.
سەرۆک کۆمار جەختی لەوە کردەوە کە "عێراق بەپەرۆشە بۆ دامەزراندنی پەیوەندییە پێشکەوتوەکان لەگەڵ تورکیا لەسەر بنەمای ڕێزی هاوبەش" و ئاماژەی بەوەشکرد کە "پێویستە ئەو یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەی کە لە سەردانەکەی سەرۆک کۆماری تورکیا لە ساڵی ڕابردودا بۆ عێراق لەنێوان هەردو وڵاتدا واژۆ کرابو بەمەبەستی خزمەتکردن بە بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی گەلانی عێراق و تورکیا جێبەجێ بکرێت."
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بە پێویستی بەردەوامی کاری هاوبەش و هاوکاری ناوچەیی کرد "بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەڕەشەی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لەپێناو بەدیهێنانی ئاسایش و سەقامگیری لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی."
سەبارەت بە پێشهاتەکانی سوریا، د. لەتیف رەشید هیوای خواست ئیدارەی نوێ لە سوریا کار بکات بۆ پاراستنی فرەیی نەتەوەیی و ئایینی و پێکهێنانی حکومەتێک کە نوێنەرایەتی هەموان بکات و ئاشتی و خۆشگوزەرانی بۆ هەمو پێکهاتەکانی گەلی سوریا بەدی بهێنێت و پارێزگارییان لێ بکات و مافەکانیان بۆ بەشداری سیاسی بپارێزێت بەشێوەیەک کە ئاشتی کۆمەڵایەتی بەهێز بکات و گەشەسەندن و خۆشگوزەرانی بۆ برایانی سوریا بەدی بهێنێت.
هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی تورکیا پشتیوانی حکومەتەکەی بۆ سەقامگیری عێراق و پاراستنی ئاسایش و سەربەخۆیی و گرنگی بەردەوامبونی هەوڵە هاوبەشەکان بۆ بەرەنگاربونەوەی تیرۆر دوپاتکردەوە و "داوای پێکهێنانی هاوپەیمانییەکی کرد کە عێراق و سوریا و ئوردن و تورکیا لەخۆبگرێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی داعش و لەناوبردنی خاڵە گەرمەکانیان و وشککردنی سەرچاوەی دارایییان بەشێوەیەک کە سەقامگیری وڵاتانی ناوچەکە مسۆگەر بکات."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەردو وڵات و پەرۆشی تورکیا بۆ پشتیوانیکردن لە دەرفەتەکانی هاوکاری و هاوبەشیی لە بوارەکانی ئابوری و بازرگانی و وەبەرهێنان و ئاو و ژینگە کرد و هیوای خواست ئاستی پەیوەندییە ئابورییەکان بەرەو ئاسۆیەکی فراوانتر بەرز بکاتەوە.