سەرۆك وەزیرانی عێراق لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ جێگری سەرۆكی ژوری بازرگانی ئەمریكادا، داوا دەكات كۆمپانیا ئەمریكییەكان بەشداربن لەو گەشەسەندنەی كە عێراق بەخۆیەوە دەبینێت.
ئاوێنە: بەپێی راگەیەنرداوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ یەكشەممە، محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێشوازی کرد لە ستیڤ لۆتس، سەرۆکی ئەنجومەنی بازرگانی ئەمریکا-عێراقی و جێگری سەرۆکی ژوری بازرگانی ئەمەریکا.
له میانی دیدارەکەدا پەیوەندییە بازرگانییەکان و هاریكاریی نێوان عێراق و ئەمریکا خرانەڕو، لەگەڵ هەوڵەكانی ئامادەکاری بۆ کۆڕبەندی نوێنەرانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان، کە بڕیارە لە ئەمساڵدا لە عیراق بەڕێوەبچێت. هەروەها بەدواداچون بۆ جێبەجێکردنی 18 ڕێککەوتن و یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن کرا، کە ساڵی ڕابردو لەمیانی سەردانەكەی سودانیدا بۆ ئەمریکا ئیمزاکران.
سودانی ستایشی هەوڵەکانی "لۆتس"ـی کرد لە سەرپەرشتیکردن و بەستنی کۆڕبەند و کۆبونەوەکان، بەتایبەتی لەگەڵ کەرتی تایبەتی عێراق و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەت هەنگاوی گرنگی ناوە لەبوارە جیاجیاکانی چاکسازی ئابوری و گۆڕانكاریی دیجیتاڵیی بازرگانی و بانکیدا و ئاماژەی بە بەردەوامیی هەوڵەکان كرد بۆ دەرکردنی یاسای خاوەندارێتی فیکری و دانانی ئەم چەمکە لە پڕۆگرامەکانی خوێندندا، بەمەبەستی بەرەوپێشچون هاوشان لەگەڵ گەشەسەندنی بازرگانی جیهانیدا.
سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەشکرد کە چاکسازییە ئابورییەكان توانیویانە ئاستی وەبەرهێنانی بیانی لەعیراقدا بەرزبکەنەوە و کۆمپانیا ئەمریکییەکان بانگهێشت کراون بۆ بەشداریکردن لەو گەشەسەندنەی کە عێراق بەخۆیەوە دەیبینێت و لە عێراق ژینگەیەكی وەبەرهێنانی سەرنجڕاکێش و دۆستی بازرگانی هەیە.
لە لای خۆیەوە لۆتوس ستایشی هەوڵەکانی حکومەتی عێراقی کرد لەبواری چاکسازیدا و جەختی لەخواستی زۆرێک لەکۆمپانیا ئەمریکییەکان کردەوە بۆ هاتنە ناو بازاڕی عێراق و ئەنجامدانی گرێبەستی هاوبەش لەگەڵ کەرتی تایبەتی عێراق و بەشداریکردن لەگەشەپێدان و پەرەپێدانی چوارچێوەی چالاکی بازرگانی و وەبەرهێنان.