دوو شه‌ممه‌, 31 ی ئازار , 2025
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان: گرنگە هەمواری یاسای بودجە پەسەندبكرێت
  2025-01-20       282       

چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان، لە كۆبونەوەی ئاسایی خۆیدا داوا دەكات یاسا گرنگەكان لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕێندرێن بەتایبەت هەمواری یاسای بودجە و هەمواری یاسای باری كەسێتی.

ئاوێنە: چوارچێوەی هەمانگی شیعەكان، ئەمڕۆ دوشەممە، بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، كۆبونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامدا. بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، تێیدا چەند دۆسیەیەك لەسەر ئاستی ناوخۆ و جیهان تاوتوێ كراون.

چوارچێوەی هەماهەنگی، پیرۆزبایی لە گەلی فەلەستین كردوە بەبۆنەی ئاگربەستی غەززەو داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كردوە، هەمو هەوڵەكان بخاتەگەڕ بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە زیانلێكەوتوەكانی شەڕ و گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و چارەسەركردنی ژێرخانی داڕوخاوی غەززە بەتایبەت بونیادنانەوەی نەخۆشخانەو قوتابخانەكان.

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی ستایشی رۆڵی ئەندامانی پەرلەمانی كردوە لە ماوەی رابردوداو جەختیشی كردۆتەوە لەسەر گرنگی تێپەڕاندنی ئەو یاسا گرنگانەی كە گەلی عێراق چاوەڕێیانەوە بەتایبەت هەمواری یاسای بودجەو هەمواری یاسای باری كەسێتی.

هەروەك جەختیشی كردۆتەوە لەسەر هاوڕایی لە بڕیارەكانی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەنێوان ئەندامانی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا.

چوارچێوەی هەماهەنگی داواشی لە پارێزگاری پارێزگاكانی عێراق كردوە ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن و ئەنجومەنی پارێزگاكانیش هاوكاری ئیدارەی پارێزگاكان بن لە پێشكەشكردنی باشترین خزمەتگوزاری.

هەروەها ستایشی سەردانە "سەركەوتوەكان"ی حكومەتی عێراقی بۆ دەرەوەی وڵات كردوەو داوای كردوە عێراق بەردەوام بێت لەسەر ئەو سیاسەتی هاوسەنگییەی كە گرتویەتییە بەر.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×