فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق، رایگەیاند، بەدواداچون بۆ كەیسی كۆچبەرێكی خەڵكی شاری سلێمانی بەردەوامە كە دوای دیپۆرتكردنەوەیان لەگەڵ چەند كۆچبەرێكی دیكەدا لەلایەن بولگارییەوە، لەناو خاكی توركیا ونبوە.
ئاوێنە: فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراق، لە راگەیەندراوێكدا وتویەتی، کەسوکاری شڤان محەمەد مەحمود کە هاوڵاتی شاری سلێمانییە بە فیدراسیۆنەكەیانی راگەیاندوە "شڤان لەڕێکەوتی ٢٢/٧/٢٠٢٤ لە ئیستانبوڵ لەگەڵ نۆ کەسی تر کە ژنێك و دو منداڵ و چوار پیاو و دو ڕێبەڕی سوری بون لەسنوری تورکیا لە ناوچەی ئەدرنە نزیك کۆفچاز-کرکلەریلی لەسەرو مالکۆچلار بەڕێدەکەون بۆ بولگاریاو تەلبەندی سنورەکە ئەبڕن و ئەچنە ناو خاکی بولگاریا، بەڵام لەلایەن پۆلیسی بولگاریاوە دەستگیر دەکرێن و مۆبایلەکانیان لێ دەسەنن ودیپۆرتی خاکی تورکیایان دەکەنەوە."
كەسوكاری ئەو كۆچبەرە وتوشیانە"لە بەری تورکیا شڤان ناتوانێ بڕوات ئەو کەسانەی لەگەڵی دەبن بەجێیدەهێڵن. ئەوانەی لەگەڵیدابون ئەڵێن یەك دەبە ئاومان بۆ جێهێشتوە هەر ئەوەمان پێ بوە زۆر یارمەتیمان داوە، پێشتر ئێمەش لە ڕوی جەستەیی و دەرونییەوە ماندوبوین، زۆر برسی و تینو بوین نەمانتوانی بیهێنین لەگەڵ خۆمان بۆیە لەشوێنێك بە جێمان هێشت."
ئەوەشیان خستۆتەڕو"ئەو شوێنەش شڤانی لێبوە جادەیەکی گڵە و کامێرای چاودێری لێبوە پاسەوانی سنوری تورکیا هاتوچۆی پیا ئەکەن و دەوریەیان هەیە ڕۆژانە لەو دەوروبەرە."
سەبارەت بە هەواڵەكان بۆ سۆراغكردنی کەسوکارەكەی وتویانە"باوکی شڤان و مامی بە مەبەستی گەڕان بۆ سۆراغی کوڕەکەیان، چونەتە تورکیاو زۆر شوێن گەڕاون، وەك کەمپی پەنابەران و نەخۆشخانەکانی ئەو ناوچەیە و بنكەی جەندرمە."
باوکی وتوشیەتی"شڤان بەڕەسمی چۆتە تورکیا، داوامان كردوە بە پەنجەمۆر بگەڕێن بۆمان یان بەڕەسم بگەڕێن وتویانە بە ڕەسم نابێت خەڵکی زۆر لێیە ناتوانین ئەوە بکەین باوکی، وتویەتی ئەگەر بە ناوێکیتر و نەتەوەیەکی جیاوازیشەوە خۆی ناساندبێت بە پەنجەمۆری جەوازەکەی کە ڤیزای وەرگرتوە هەر کەشف ئەبێت بە پەنجەمۆر بگەڕێن وتویانە ئەوە لە ئەمنیەت ئەکرێت بڕۆ لە ئەمنیەت شکات بکە."
لەوبارەیەوە دەشتی جەمال، سکرتیری فیدراسیۆنەكە وتویەتی"دوای ئەوەی لەسەربێسەوشۆینبونی شڤان لەلایەن کەسوکاری ئاگادارکراینەوە، دەستبەجێ پەیوەندیمان بە کونسوڵخانەو بالۆیزخانەی عێراق لە تورکیا کرد و لەڕێگەی پەیوەندییەکانمانەوە بەپەنابەرانەوە بە ژمارەیەك لەکەمپی پەنابەری تورکیاو بولگاریەوە، پەیوەندیمانگرت، بۆ هەمان مەبەست بەژمارەیەك پەرلەمانتاری عێراقی بۆ بەدواداچونی چارەنوسی شڤان لەرێگەی حکومەتەوە. پاشان سەردانێکی کەسوکاریانمان کرد لەشاری سلێمانی بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەنزیکەوە، هاوکات بە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەلەندەن و پەیوەندییەکانی دەرەوە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەهەولێر و ژمارەیەك لەبەرپرسی حکومی و تەواوی زانیاریەیکانمان خستە بەردەمیان تا بەکەناڵی فەرمی خۆیان سۆراغی شڤان و چارەنوسی دیاری بکەن لە ڕێگەی حکومەتی تورکیاوە."
وتوشیەتی"هەروەها دوای ئەوەی هەوڵێکمان پێگەیشت کە ڕەنگە لە وڵاتی بولگاریا زیندانی کرابێت بۆ ئەم مەبەستە لەرێگەی پەیوەندییەکانمان کە پیشترلەسەر چەند کەیسی تری پەنابەران بومانە، باڵیۆزخانەی بولگاریامان ئاگادارکردوە ئەوانیش لەماوەی هەفتەیەکدا پێیان ڕاگەیاندین کە هیچ کەس بەو ناوە لە گرتووانەکانی بولگاریادا نییە."
دەشتی جەمال ئەوەشی وت"هەوڵەکانمان بەردەوامن و نامەمان ئاراستەی خاچی سور و ژمارەیەك رێکخراو لەناوخۆی تورکیا کردوە لەسەر هێڵین لەگەڵ پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەهەولێر ئەوانیش ئاگاداریانکردوینەتەوە کە بەفەرمی داوایان ئاڕاستەی کۆنسوڵخانەی تورکیا کردوە لە هەولێرو چاوەڕوانی وەڵامن."
ناوەندی هەوڵگری فیدراسیۆن داوا لە مرۆڤدوستان و ڕێکخراوەی پەنابەری و هەمو ئەوانەی هاوسۆزن لەگەڵیان بەشداری بکەن لەم هەڵمەتەدا بۆ دۆزینەوەی شڤان محەمەد و هەر هەواڵ و زانیارییەکیان دەستکەوت پەیوەندی بەوان و کەسوکارییەوە بكەن.