بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان ڕایگەیاند، بەهۆی ڕوداوێکی هاتوچوە لەسەر ڕێگای کەلار بۆ کفری، دو کەس گیانیان لە دەستداو کەسێكی دیكەش برینداربو.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی گەرمیان، ئەمڕو یەكشەممە لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دو ئۆتۆمبێلێ جۆری هۆندا سۆناتا و مارسیدس تایبەت، كە بە ئاراستەی قەزای کفری ڕۆیشتون، لە بەرامبەر گوندی "وەلی هەیەر" پێکیاندادا.
ئاماژەی بەوەشكرد، لە ئەنجامی ڕوداوەكەدا شۆفێر و سەرنشینینی ئۆتۆمبێلە مارسیدسەكە گیانیان لە دەستداوە، هەروەها شۆفێری ئۆتۆمبێلی هۆندا سۆناتاكەش بریندارە و گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، لەدوای ڕوداوەكە تیمەكانی هاتوچۆ گەیشتونەتە شوێنی ڕوداوەكە و هێڵكارییان بۆ ڕوداوەكە كردوە، هەروەها لێکۆڵینەوە دەستی پێکردوە بۆ زانینی هۆكاری ڕوداوەكە.