وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق تەنیا لەسەدا 48ی شایستەی لە بەشە بودجەی هەرێم بۆ ساڵی 2024 ناردوەو یەك دیناری بۆ خەرجی بەکارخستن و وەبەرهێنان بۆ هەرێم نەناردوە.
ئاوێنە: وەزارەتەكە، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكی نوێدا، وتویەتی، بەپێی کەشف حسابی بانکیمان لە بانکی ناوەندی عێراق لقی هەرێم/ هەولێر، لە 1/1/20224 تا 31/12/2024، وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ لە کۆی 20 ترلیۆن و 910 ملیار و 463 ملیۆن و 950 هەزار دینار، تەنیا بڕی 10 ترلیۆن و 26 ملیارو 883 ملیۆن و 544 هەزارو 589 دیناری ناردوە، كە دەكاتە تەنیا لەسەدا 48ی کۆی شایستەکانی هەرێم بە پێی یاسای بودجەی گشتی عێراق.
ئەوەشی خستۆتەڕو، لەساڵی 2024دا، وەزارەتی دارایی فیدراڵ یەک دیناری بۆ خەرجی بەکارخستن و وەبەرهێنان بۆ هەرێمی کوردستان نەناردوە.
وتوشیەتی، ئەو تەمویلەشی بۆ موچە ناردویەتی بەنزیکەیی دەکاتە موچەی 10 مانگی موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە تێکڕای ساڵەکە، ئەو پارەیەشی ناردویەتی بەپچڕپچڕ و بە 52 گوژمە گەیشتۆتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتمان.