لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل لەبارەی دۆخی رۆژاڤا هۆشداری دەدات و رایدەگەیەنێت، ئەگەر كورد یەكگرتو نەبن لەوانەیە خاكێكی زۆر لە دەستبدەن. ئەو پێشبینیش دەكات پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان تا مانگی 2ی ساڵی داهاتو بخایەنێت.
ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، سەرۆكی بەرەی گەل، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان لەبارەی دۆخی سوریاو كوردانی رۆژاڤا، وتی"ئێمە هەندێك كارمان كردوە بۆ ئەوەی لەو دۆحەی رۆژاڤا كورد زەرەرمەند نەبێت. كورد ئەگەر وریا نەبێت و یەكگرتو نەبێت و پشتیوانی یەكتری نەكەن، لەوانەیە خاكێكی زۆر لە دەست بدەن."
لاهور شێخ جەنگی وتیشی"هیوادارین هەمو لایەنەكان لە هەرێمی كوردستان هاوكار بن لەوەی كە ئاشتەوایی كورد رابگەیەندرێت لە رۆژاڤا و هەمویان ئاشتبكەینەوە، بە ئەنەكەسەو ئەوانی تریشەوە بۆ ئەوەی بە یەكدەنگی بچنە دیمەشق."
لە بەشێكی دیكەی لێدوانەكەیدا لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم، سەرۆكی بەرەی گەل وتی"تەسەور دەكەم پێكهێنانی حكومەتی هەرێمی كوردستان تا مانگی 2ی ساڵی داهاتو بخایەنێت."