مەسعود بارزانی: پێویستە حكومەتی هەرێم بە زووترین كات پێكبهێنرێت
  2024-12-31       359       

مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی رایگەیاند، پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان بە زووترین كات پێكبهێندرێت بۆ ئەوەی پلان و بەرنامەكانی بۆ خزمەتكردنی خەڵكی هەرێمی كوردستان جێبەجێبكات، هەروەها دەشڵێت، "لەچوارچێوەی دەستور و ڕێككەوتنەكان لەڕێگەی دیالۆگ و هەماهەنگیەوە كێشە و گرفتەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەر بكرێن".

ئاوێنه‌: مسعود بارزانی، ئەمڕۆ سێشەممە لە پەیامێكدا بە بۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینی ڕایگەیاند، "بەبۆنەی سەری ساڵی تازەی زایینییەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە هاوڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم، پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەكەم و هیوای خێر و خۆشی بۆ هەمو لایەك دەخوازم".

ئاماژەی بەوەشكرد، جێگەی خۆشحاڵییەكی زۆرە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی (تشرینی یەكەم/10) ڕابردو بە سەركەوتویی ئەنجام درا و لەم هەڵبژاردنەدا گەلی كوردستان پەیام و ویستی خۆی بەڕونی گەیاند، هەر لەسەر ئەو بنەمایەش دەبێ وەڵامی دەنگ و داواكاریی خەڵكی كوردستان بدرێتەوە، ئەویش لەڕێگەی پێكهێنانی هەرچی زوتری كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم پلان و بەرنامەكانی بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان جێبەجێ بكات.

دەشڵێت، "جەختیش لەوە دەكەینەوە پێویستە لە چوارچێوەی دەستور و ڕێككەوتنەكان و لەڕێگەی دیالۆگ و هەماهەنگیی نێوان حكومەتی عێراقی فیدڕاڵ و حكومەتی هەرێمی كوردستان، كێشەكانی نێوان هەردولا چارەسەر بكرێن و چیتر كۆسپ و تەگەرە بۆ مافەكانی خەڵكی كوردستان دروست نەكرێن".

مەسعود بارزانی باسی لەوەشكرد، "لەكاتێكدا بەرەو دەستپێكی ساڵی تازە دەڕۆین كە ناوچەكەمان بە بارودۆخی هەستیاردا تێدەپەڕێت، ڕوداو و گۆڕانكارییەكانی سوریا لەگەڵ ئەوەی كاریگەریی لەسەر بارودۆخی ناوچەكەمان و هاوكێشەكان دادەنێت لەهەمانكاتیشدا دەرفەتێكی تازەیە بۆ گەلانی سوریا كە لە ڕێگەی دیالۆگ و لەیەكتێگەیشتندا بنەمایەكی پتەو بۆ پێكەوەژیان و ئاشتی و سەقامگیریی بنیات بنێن".

ئەوەشی خستەڕو، ناوچەكە چیتر بەرگەی كێشە و توندوتیژی و تیرۆر و توندڕۆیی و ناسەقامگیری ناگرێت، بۆیە پێویستە هەو لایەك پشت بە زمانی دیالۆگ و لەیەكترتێگەیشتن ببەستن و لە نكۆلیكاری و دەمارگیریی نەتەوەیی و ئایینی دور بكەونەوە، دەبێ هەمو لایەك بزانن خۆسەپاندن ئەنجامی نابێت.

مەسعود بارزانی ئاماژەی بەوەشكرد، "هیوادارین لەساڵی تازەدا ئاشتی و پێكەوەژیان باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت، لە خودای گەورە داواكارم گەلەكەمان لە هەمو جۆرە نەخۆشی و نەهامەتی و كارەسات بەدور بێت".

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×