فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا(سیتنكۆم) رایگەیاند " هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پارێزگاری لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان دەكات لە سوریا".
ئاوێنە: فەرماندەیی ناوەندیی سوپای ئەمریكا(سیتنكۆم) لە نووسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوکراوەتەوە" هاوپەیمانی نێودەوڵەتی پێگەكانی بەهێزدەكات، بە گرتنبەری رێوشوێنی گونجاو بۆ ئەوەی لەوپەڕی ئامادەباشیدابێت بۆ بەگریكردن لەخۆی دژی ئەو لایەنانەی هەوڵی هێرشكردنە سەر هاوپەیمانی و هاوبەشەكانی دەدەن و هەوڵی شڵەژاندنی سەقامگیری ناوچەكە دەدەن."
لەو راگەیاندنەدا ئاماژە بەوەش کراوە، مانگی رابردوو وەفدێكی باڵای ئەمریكا سەردانی سوریایان كرد و لەگەڵ بەرپرسان گفتوگۆیان لەبارەی پرسە گرنگەكانی پەیوەست بە پرۆسەی گواستنەوەی سیاسی و سەقامگیری هەرێمی كرد.
ئەوە لە کاتێکدایە چەند رۆژێکە هاوپەیمانی دژی داعش بە سەرۆکایەتی ئەمەریکا لە سوریا سەرقاڵی کردنەوەی سەربازگەیەکی نوێی پڕ چەکن لە شاری کۆبانێ و هەموو لێدوان و ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن کە هاوپەیمانان لەو شارە بە هەمیشەیی دەمێننەوە هەتا دوای وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی نوێی ئەمەریکا دۆناڵد ترامپ.
هێرشەکانی هاوپەیمانەکانی تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین و دەوربەری شاری مینبەج ماوەی مانگێکە بە هەموو جۆرە چەکێک و بە پاڵپشتی ئەو وڵاتە بەردەوامە بەبێ بە دەستهێنانی هیچ دەستکەوتێکی سەربازی مەدەنی.