ئا: ئاوێنە
بەڕێوەبەری پێشووی نوسینگەی راگەیاندنی "بەشار ئەسەد"، ئاماژە بەوە دەکات کە روسیا رۆڵی سەرەکی هەبووە لەڕوخانی بەشاردا، ئەو دەڵێت "ئەسەد چەند هەوڵی دا بەدرێژایی سێ رۆژ بەر لەڕوخانی رژێمەکەی پەیوەندی بەپوتینەوە بکات، نەیتوانیو وەڵامی نەدایەوە".
کامیل سەقر، بەڕێوەبەری نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی پێشووی سوریا، لەبەرنامەی بۆدکاستی "بتوقیت دمشق"ی ئەلعەرەبیە، باس لەدوا کاتژمێرەکانی بەشار ئەسەد دەکات پێش هەڵهاتنیو ڕووخانی ڕژێمەکەی لە 8ی کانوونی دووەمو دەڵێت "بەشار ئەسەد هەوڵیدا وتارێکی تەلەفزیۆنی پێشکەش بکات، سەرەتا ویستی وتارێکی دەنگی پێشکەش بکات دوای کەوتنی حەلەب. پەیوەندی بەنووسینگەی ڕاگەیاندنەکەیەوە کرد بۆ ئەوەی دەقێک بنووسن کە نزیکەی 400 وشە بێتو تیایدا تورکیا تۆمەتبار بکرێت بەداگیرکردنی سوریاو ڕەخنە لەوڵاتانی عەرەبی بگیرێت بەهۆی پشت کردنە سوریاو هەڕەشەی دابەشکردنی وڵات بکرێت ئەگەر دەستێوەردانی دەرەکی بەردەوام بێت".
دەشڵێت "ئامادەکاری بۆ ئەمە کرا لەڕۆژی پێنجشەممەدا، پاشان دواخرا بۆ رۆژی هەیینیو دواتر بۆ ڕۆژی شەممە، سەرەنجام ئەسەد وازی هەر لەبیرۆکەی وتارەکە هێنا، لەگەڵ توندبوونەوەی شەڕەکان لەدەوروبەری حومسو ریفی دیمەشق".
سەقر ئاماژە بەوە دەکات کە کارمەندێکی نزیک لەئەسەد کاتژمێر 02:15 ئاگاداری کردووەتەوە سەرۆک کۆمار ڕۆی. سەقەر دەڵێت "ئەسەد لەگەڵ وەزیری بەرگریو سەرۆک ئەرکانی سوپاو ئەمینداری گشتیی سەرۆکایەتی کۆمارو پاسەوانە تایبەتەکەی ڕۆیشتنو دڵنیا نیمو نازانم ئایا ماهیری برای پێشتر زانیاری هەبووە یان نا".
سەبارەت بە باری دەروونی بەشار، سەقر دەڵێت "ئەسەد لە ماوەی هەفتەکانی کۆتایی پێش ڕووخانی ڕژێمدا لەواقیع دابڕا بوو، تەنانەت بۆ ساتێکیش نیگەرانی دۆخەکە نەبوو، تا ئەو ساتەی هەستی بەگۆشەگیریی تەواو کردو بۆی دەرکەوت کە ئێرانو ئەوانی دیکە لەپشتیوانیکردنی کشاونەتەوە".
سەقر، ئاماژە بەوەش دەکات کە روسیا وەڵامی داواکارییەکانی بەشار ئەسەدی نەدایەوە بۆ بەکارهێنانی بنکەی حمەیمیم بۆ گواستنەوەی هاوکارییە سەربازییەکانی ئێران بۆ سوپای سوریا، دوای ڕووخانی شاری حەلەب، ئەو دەڵێت "بەشار ئەسەد بەدرێژایی سێ ڕۆژ پێش ئەوەی ئۆپۆزسیۆنی چەکداری سوریا لە 8ی کانوونی دووەمی 2024 کۆنترۆڵی دیمەشق بکات، هەوڵیدا پەیوەندی بەڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی روسیاوە بکات، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو'.
دەشڵێت "ئێرانییەکان بەشار ئەسەدیان ئاگادار کردەوە کە دڵنیا نین لەوەی بتوانن ڕێگە بەفڕۆکە ئێرانییەکان بدەن لەئاسمانی عێراقو سوریا بپەڕنەوە بۆ بنکەی ئاسمانی حمەیمیم لەسوریا کە لە ژێر کۆنترۆڵی ڕووسیادایە. بەشار ئەسەد داوای لەڕوسەکان کرد ڕێگە بدەن فڕۆکە ئێرانییەکان لەبنکەی حمەیمیم بنیشنەوە، بەڵام وەڵامی داواکارییەکەی نەدرایەوە".
سەقر ئاماژە بەوەش دەکات ئێرانییەکان بەئەسەدیان راگەیاند، ئەمریکیەکان هەڕەشەی خستنەخوارەوەی ئەو فڕۆکەیەیان کردووە کە لەئێرانەوە جوڵەی کردبوو هاتبوونە ناو ئاسمانی عێراقەوەو بەنیازبوو درێژە بەگەشتەوکەی بدات بەرەو بنکەی حمەیمیم، بۆیە بەناچار فڕۆکەکە گەڕاوەتەوە بۆ ئێران، ئەو دەڵێت "سوپای سوریا پێش کەوتنی شاری حەلەب لەدۆخێکی زۆر خراپدا بوو، نەیتوانی بچێتە نێو شەڕو ململانێکەوە، هەروەها دۆخی ئابوری لەسوریاش زۆر خراپ بوو".
ئاماژەی بەوەشکرد "ئەلێکساندەر لاڤرێنتیڤ"، نوێنەری ڕوسیا بۆ سوریا، هەوڵیدا بەشار ئەسەد ڕازی بکات لەگەڵ ئەردۆغان کۆببێتەوە، بەڵام ئەو قبوڵی نەکرد، تەنانەت نەیارى ئەنجامدانى کۆبوونەوه لەسەر ئاستى وەزیرانى دەرەوەی تورکياو سوریاش بوو، تەنها کۆبوونەوەی بەپرسانى ئەمنى دوو وڵاتى قبوڵ کرد، سەقر دەڵێت "دژایەتیکردنی ئەسەد لەگەڵ داواکارییەکەی ڕووسیا بۆ دیدار لەگەڵ ئەردۆغان، بەدڵی روسەکان نەبوو".