ئەندامێکی فراكسیۆنی پارتی پەرلەمانی عێڕاق رایگەیاند، چەند جارێک تەمەنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان درێژ کراوەتەوە، کاتی ئەوە ھاتوە کۆمسیۆنێکی تازە دابنرێت نەک جارێكی دیكە تەمەنی درێژبكرێتەوە، ئێمە وەکو پارتی لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی کۆمسیۆن نین.
ئاوێنە: محەمەد سدیق خۆشناو، ئەندامی پەرلەمانی عێڕاق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ یەكشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی وت "چەند جارێک کۆمسیۆن بۆ ماوەی شەش مانگ وادەکەی درێژ کراوەتەوە، ئەو درێژکردنەوەیە باش نییە و زیان بە دیموکراسیەت دەگەیەنێت."
ئەوەشی خستۆتەڕو"بۆیە پێمان باشە کۆمسیۆنێکی تازە دابنرێتەوە، ئەوەش لە دەسەڵاتی ئەنجومەنی باڵای دادوەرییە، پەرلەمان دەیەوێت جارێکی دیکە وادەی کۆمسیۆن درێژبکرێتەوە، ئێمەش لەگەڵ ئەوە نین، چونکە کاتێکی باش بۆ ھەڵبژاردن ماوە و دەتواندرێت لەو ماوەیە ئەو ستافەی دادەنرێت باش شارەزای ھەڵبژاردن بن."
محەمەد سدیق خۆشناو وتیشی "خۆی سەرۆکی پەرلەمان داوای کردبو ئەمڕۆ دانیشتن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی کۆمسیۆن بکرێت، بەڵام بۆ ھەر دانیشتنێک پێویستە سەرۆک و ھەردو جێگر ئیمزا لەسەر کارنامەکەی بکەن، نوێنەری ئێمە شاخەوان عەبدوڵا ئیمزای لەسەر نەکردبو و ڕازی نەبو ماوەی کۆمسیۆن درێژبکرێتەوە، چونکە پێمان باشە کۆمسیۆنێکی تازە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای دادوەرییەوە دابنرێت."
باسی لەوەش کرد، "پێشتر پارتی دیموکراتی کوردستان نوێنەری لە کۆمسیۆن ھەبو، کشایەوە، ئێستا ئەگەر کۆمسیۆن دابنرێتەوە ئێمەش مافی خۆمانە نوێنەرمان لە کۆمسیۆن ھەبێت، بۆیە باشترە کۆمسیۆنێکی تازە دابنرێت."