فازڵ میرانی: قاسم سولەیمانی لەڕێگای مرۆڤایەتیدا سەری خۆی دانا
  2025-01-06       648       

فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی، فەرمادەی پێشوی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداراندا رایگەیاند، "قاسم سولەیمانی لەڕێگای مرۆڤایەتیدا سەری خۆی دانا."

ئاوێنە: فازڵ میرانی، ئەمڕۆ دوشەممە، لە رێوڕەسمی ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی لە شاری هەولێر، وتەیەكی پێشكەش كردو وتی "قاسم سولەیمانی تێكۆشەرێك بو لەپێناو مرۆڤایەتیدا خەباتی دەكردو سەریشی لەو ڕێگایەدا دانا."

ئاماژەی بەوەدا"بە حوكمی ئەوەی ئێمە لە زۆر قۆناغدا لەگەڵ شەهید سەردار قاسم سولەیمانی، ئاشنا بوین و پێكە بوینە، ئەوەی ئێمە لێمان بینی، ئەم مرۆڤە بۆ خۆی هیچی مەبەست نەبو. مەبەستی یەكەمی ئەو بیروباوەڕە بو كە هەڵیگرتبو."

وتیشی"رۆژێك جەنابی كاك نێچیرڤان بە قاسم سولەیمانی وت كە بەم دواییانە لە راگەیاندنەكان زۆر دەردەكەویت، هاتوچۆ و جوڵەكانت بەرچاون، باش نییە. قاسم سولەیمانی وتی، كاك نێچیرڤان من بەدوای شەهیدبوندا دەگەڕێم. من خۆم ناپارێزم و تەمەننای ئەو رۆژە دەكەم كە شەهید دەبم لەبەرئەوە خەمی منت نەبێت."

فازڵ میرانی ئاماژەی بەوەشدا "قاسم سولەیمانی، دۆستی فەلەستینییەكان، دۆستی كوردو دۆستی ئەو میللەتانە بوە كە لەژێر ستەمدا بونە."

ئەوەشی وت"ئەگەر قاسم سولەیمانی بمایە، زۆر لەو نیگەرانی و موعاناتەی كە هەمانن، ئێستا نەمان دەبون."

فازڵ میرانی وتیشی"ئێمەی خەڵكی كوردستان و خەڵكی عێراقیش پێویستە رۆڵی ئەم مرۆڤە لە یاد نەكەین، چونكە هاوكارمان بوە لە هەمو رویەكەوە. ئێمە خۆشحاڵین بەوەی كە یادی ئەو و هاوڕێكانی لە كوردستان دەكرێتەوە."

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×