سودانی لە بارەی هەڵوەشاندنەوە حەشدی شەعبییەوە وەڵامی ئەمریكای دایەوە
  2025-01-06       886       

سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، حەشدی شەعبی بەشێكە لە دەوڵەت و هێزێكی سەرەكییە لە بەرگریكردن لە عێراق، هەروەها كارمان كردووە بۆ كۆتایهێنان بە ڕۆڵی هاوپەیمانان لە عێراق، حكومەت توانی وڵات بپارێزێت لە چوونە ناو بازنەی ئەو ئاگرەی كە لە غەزەوە دەستیپێكرد.

ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەبارەی دەنگۆكانی هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی لە میانەی ڕێوڕەسمی یادكردنی كوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی موهەندیس وتارێكی پێشكەش كرد.

محەمەد شیاع سودانی ڕایگەیاند، حەشدی شەعبی بەشێكە لە دەوڵەت و لەژێر چەتری دەوڵەتدایە و بەرگریی لێدەكات، ئەمڕۆ حەشدی شەعبی هێزێكی سەرەكییە لە بەرگریكردن لە عێراق.

باسی لەوەشكرد، حكومەتەكەمان پەرۆش بوو بۆ بەهێزكردنی حەشدی شەعبی، پشتیوانی كرد وەك هێزە ئەمنییەكانی دیكە، حەشدی شەعبی هۆكارێكی سەرەكی بوو لە ئاسایش و ئاشتی، ڕێگەی بۆ حكومەت خۆشكرد بۆ دەستپێكردنی پڕۆژەی خزمەتگوزاری، گەشەپێدان و چاكسازیی بنەڕەتی ئیداریی و ئابووریی.

بەپێی زانیاریی میدیاكان دۆناڵد ترەمپ لە پەیامێكدا بۆ سوودانی جەختی لە هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەكدارەكانی سەر بە ئێران لە عێراق كردووەتەوە، بڕیارە ٨ـی كانوونی دووەم سوودانی سەردانی ئێران بكات و ئەو بابەتە لەگەڵ دەسەڵاتدرانی ئەو وڵاتە تاوتوێ بكات.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×