روانگەی سوری: فڕۆكەیەكی بارهەڵگری ئەمریكا چەك و كەرەستەی سەربازیی زیاتری گەیاندە حەسەكە
  2025-01-04       707       

روانگەی سوری ئاشكرایكرد، شەوی رابردو فڕۆكەیەكی بارهەڵگری ئەمریكا، چەك و كەرەستەی سەربازیی زیاتری لە عێراقەوە گەیاندە سنوری حەسەكە لە رۆژئاوای كوردستان.

ئاوێنە: روانگەی سوری بۆ مافەكانی مرۆڤ، ئەمڕۆ شەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، درەنگانی شەوی رابردو، فڕۆكەیەكی بارهەڵگری ئەمریكا لە بنكەی سەربازیی ئەمریكا لە شارۆچكەی شەدادی لە باشوری حەسەكە نیشتۆتەوە.

ئەوەشی خستۆتەڕو، فڕۆكەكە چەك و تەقەمەنی و كەرەستەی لۆجیستی هەڵگرتوەو لە عێراقەوە گەیاندویەتییە حەسەكە، ئەوەش لەچوارچێوەی بەردەوامی بەهێزكردنی بنكە سەربازییەكانی ئەمریكادایە لە ناوچەكە.

روانگەی سوری وتوشیەتی، هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی ئەمریكا، بەردەوامە لە ناردنی پاڵپشتی سەربازیی زیاتر لە رێگەی ئاسمان و وشكانییەوە بۆ ناوچەكانی باكورو رۆژهەڵاتی سوریا(رۆژاڤا).

ئەوەش لەكاتێكدایە چەند سەعاتێك بەرلەوە، فڕۆكەیەكی بارهەڵگری دیكەی ئەمریكا لە عێراقەوە چەك و تەقەمەنی گەیاندە بنكەی "خەرابی جیر" لە دەوروبەری رمەیلان لە باكوری حەسەكە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×