سەرکەوتنی ئیسلامییەکان لە سوریا و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو وڵاتە وایکردووە میسر نیگەران بێت و بە وریاییەوە بیر لە پەیوەندییەکانی داهاتووی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا بکاتەوە، ئەمەش چەندین ساڵ دوای ئەوەی سەرۆکی میسر عەبدلفەتاح ئەلسیسی برایەتی موسوڵمانانی لە میسر لەسەر دەسەڵات دوورخستەوە.
ئاوێنە: میسر لە دوایین ساتەکاندا پشتیوانی لە بەشار ئەسەدی سوریا کرد، لە کاتێکدا کە ئێستا تەحریری شام دەسەڵاتی ئەو وڵاتەی گرتووەتە دەست، میسر نیگەرانە لەو کاریگەرییانەی کە دەکرێت ئەو گۆڕانکارییە هەیبێت.
لەوبارەیەوە بەڕێوبەری پڕۆگرامی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ناوەندی ویڵسن لە واشنتن مێریسا خورما رایدەگەیەنێت "بۆ میسر، ئەمە نیگەرانی دروست دەکات، بەتایبەتی بەهۆی مێژووی برایەتی موسوڵمانانەوە لە وڵاتەکەدا".
چەندین وڵاتی دیکەی عەرەبی بە خێرایی دەستییان بە پەیوەندی کرد لەگەڵ بەرپرسە نوێیەکاندا لە دیمەشق، بەڵام قاهیرە وریاتر بووە لەو بارەیەوە.
لە کاتێکدا کە سێ رۆژ پێش دوورخستنەوەی بەشار ئەسەد میسر پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ ئەسەد راگەیاند، وەزیری دەرەوەی میسر بەدر عەبدڵاتی سێ هەفتە چاوەڕێی کرد پێش ئەوەی پەیوەندی بە هاوتا نوێیە سوریاییەکەیەوە بکات و داوای لە بەرپرسانی نوێی سوریا کرد "گشتگیر" بن.
وەزیری دەرەوەی سوریا ئەسەد ئەلشیبانی پەیوەندییە تەلەفونییەکەی پشتڕاست کردەوە و وتی دوو وڵاتەکە رۆڵێکی هاوبەشییان هەیە "لە هێنانەدی سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا".
وەزارەتی دەرەوەی میسر وتی "رۆژی شەممە فڕۆکەیەکی یارمەتییەکانی میسر گەیشتووەتە فڕۆکەخانەی دیمەشق و یەکەمین یارمەتییە مرۆییەکانی قاهیرەی گەیاندووەتە سوریا".