سەرۆکی حکومەتی هەرێم و یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەخت لە دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.
ئاوێنە: حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ هەینی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیران، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە جێفری پایت، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری وزە پێگەیشت و پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانیان تاووتوێ کرد.
ڕوونیشیکردەوە کە لە پەیوەندییەکەدا، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگی چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی ئاستەنگەکانی بەردەم هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە زووترین کاتدا، چونکە وەستانی، زیانێکی زۆری لە بودجەی گشتیی عێراق داوە.
هەردوولا جەختیان لە پێویستیی دابینکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بەپێی دەستوور و ڕۆڵی گرنگی هەرێم لە برەودان بە سەربەخۆیی عێراق لە بواری وزە و گەشەپێدانی ئابووری و سەقامگیریی ناوچەکە کردەوە.