هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) کێن؟
  2025-01-03       1929       
هەسەدە لەپاییزی ٢٠١٥ لەشاری قامیشلۆ ڕاگەیەندرا

ئەمیرە عەباس - بی بی سی

و. لەئینگلیزیەوە: توانا محمەد نوری

 

خەڵکی سوریا لە نەتەوە و ئایین و تائیفەی جیاواز پێکهاتوون، بەهۆی ڕووداو و ململانێکانی ئەم دواییانە، وڵاتەکەیان بە کاتێکی هەستیار و سەختدا تێدەپەڕێ.

لە هێرشێکی چاوەڕوان نەکراودا ڕۆژی چوارشەممە ٢٧ی تشرینی دووەم، ڕێکخراوە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن سەرکەوتوو بوون لە دەرکردنی هێزەکانی حکومەت و توانیان کۆنترۆڵی شاری حەلەب بکەن. لێرەشەوە توانیان پێشرەوی بکەن بەرەو دیمەشق و کۆنترۆڵی بکەن.

 

١. شەڕێکی درێژخایەن

لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ هێزەکانی سوریای دیموکرات نۆیەمین ساڵیادی دامەزراندنی خۆیان تێپەڕاند.

ناوی ئەم هێزانە پەیوەستە بە شەڕی ناوخۆی سوریاوە کە لە ساڵی ٢٠١١ دەستی پێکردووە. بەڵام دامەزراندنی فەرمی لە پاییزی ساڵی ٢٠١٥ لە شاری قامیشلۆی سەر بە پارێزگای حەسەکە کە یەکێکە لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری سووریا کە زۆرینەیان کوردن، ڕاگەیەندرا. ئەم ناوچەیە گۆڕەپانی سەرەکی چالاکیی ئەو هێزانە بووە.

هەر لە سەرەتاوە هێزەکانی سوریای دیموکرات وەک هاوبەشێکی ناوخۆیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژە داعش بە سەرۆکایەتی ئەمریکا ناسێندرا. ئەم هاوپەیمانییە کە لە ئەیلوولی ٢٠١٤ پێکهێنرا، هەنگاوی بۆ پشتیوانی لە گروپەکان و هێزە چەکدارەکانی سوریا و عێراق لە دژی داعش گرتەبەر.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە یەکەمین بەیاننامەی خۆیاندا ڕایانگەیاند، هاوپەیمانییەکی سەربازی و نیشتمانین کە هەموو سوورییەکان لەخۆدەگرن، بە کورد، عەرەب، تورکمان و ئاشووریشەوە. ئامانجی سەرەکییان شکستپێهێنانی داعش و کۆنترۆڵکردنەوەی هەموو ئەو خاکانەیە کە ئەم گرووپە پێشڕەوی تێیدا کردووە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ڕێگەی پاڵپشتی دارایی و سەربازی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش توانیان ڕێگەی خۆیان لە بەرەکانی شەڕدا بکەنەوە. بەڵام پێکهێنانی ئەم هێزە و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوان و دەستکەوتەکانیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە نزیکە لە سنوورەکانی باشووری تورکیا، کاردانەوەی نەرێنی حکومەتی ئەنکەرەی لێکەوتەوە.

هێزەکانی سوریای دیموکرات سەرکەوتوو بوون لە دەرکردنی داعش لە چەند ناوچەیەکی ستراتیژی و کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەیەکی فراوان لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا. لە دیارترین شەڕەکانیان، دەکرێت باسی شەڕی کۆبانی لە ساڵی ٢٠١٥ بکرێت.

 

٢. هێزەکانی سوریای دیموکرات و چەندین کێشە

هێزەکانی سوریای دیموکرات هاوپەیمانی ئەمریکا بوون لە شەڕی ناوخۆی سوریا و بەم شێوەیە توانیان پێگەی خۆیان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بپارێزن.

دوای زنجیرەیەک سەرکەوتنی سەربازی، داعش لە مانگی ئازاری ٢٠١٩ بە شکستخواردوو ڕاگەیەندرا. بەڵام لەبری ئەوەی پێگەی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەهێزتر بکەن، نیگەران بوون لەوەی لە هەر ساتێکدا لە گۆڕەپانەکە دووربخرێنەوە.

ئەم نیگەرانیانە زیاتر بوون کاتێک دۆناڵد ترەمپ، جگە لە ژمارەیەکی کەمی سەربازی بۆ 'پاراستنی' دامەزراوە نەوتییەکانی ناوچەکە کە یەدەگی گرنگی نەوت و گازی هەیە، هەموو هیزەکانی سەربازی ئەو وڵاتەی کشانەوە.

کشانەوەکە وەک نیشانەیەک بۆ وازهێنان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات سەیر دەکرا، بەتایبەتی کە تورکیا خەریک بوو  هێرشبکاتە سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات. ئەم پرسە تا ڕادەیەک کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هێزەکانی سوریای دیموکراتیش هەبوو.

هاوکاری ئەمریکا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات یەکێکە لە خاڵی ناکۆکی نێوان واشنتۆن و ئەنقەرە. ئەنقەرە کە ماوەیەکی درێژە لە ناوچە سنوورییەکانی خۆیدا چ لە سوریا و چ لە عێراق شەڕ دژی چەکدارە کوردییەکان دەکات، ئەم هاوکارییە قبوڵ ناکات.

کێشەی هێزەکانی سوریای دیموکرات و سەرکردە کوردەکانی تەنها لەگەڵ تورکیادا نییە. حکومەتی پیشووی سوریا هاوشێوەی ئەنقەرە ڕاگەیاندنی سیستمی خۆبەڕێوەبەریی لەلایەن کوردەکانەوە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان لە ساڵی ٢٠١٦دا ئیدانە کرد.

بەهۆی نیگەرانی ئەنقەرە لە فراوانبوونی چالاکییەکانی کورد و ئەگەری لێکەوتەکانی، واتە گۆڕینی پێشڕەوی سەربازی بۆ دەستکەوتی سیاسی و بە لاوازکردنی کۆنترۆڵی هێزەکانی حکومەتی سوریا بەسەر بەشێکی زۆری ئەم وڵاتەدا، تورکیا چەندین جار هێرشی زەمینی و ئاسمانی دژی هێزەکانی سوریای دیموکرات ئەنجامداوە.

ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە لە کاتی شەڕی غەززەدا، لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستی پێکرد، هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر هێزەکانی سوریای دیموکرات چڕتر بووەتەوە.

تورکیا ئەو هێزانە بە لقی سووریای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت کە وەک "ڕێکخراوێکی تیرۆریستی" پۆلێنی کردووە و لە شەڕێکدا کە چوار دەیە بەردەوام بووە و زیاتر لە ٤٠ هەزار کوژراوی لێکەوتۆتەوە.

سەرکەوتنە سەربازییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دژی داعش بووە هۆی کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی دانیشتوانیان عەرەبن. هەروەها ئیدارەی خۆسەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەو ناوچانە دەگرێتەوە کە کەمینە مەسیحییەکان تێیدا نیشتەجێن لەوانە ئاشووری و ئەرمەنی و سریانی و هەروەها پێکهاتەکانی ئێزیدی و تورکمان و چیچانی.

لە مانگی ئابی ٢٠٢٤، هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرەزوور دەستیان بە دووەم گەڕی شەڕ لەگەڵ هۆزە عەرەبەکان کرد. پێکدادانەکە دوای ڕووبەڕووبونەوەیەکی هاوشێوە لە ئەیلولی ٢٠٢٣ ڕوویدا. هاوکات گروپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران هێرشی هەماهەنگییان کردە سەر بنکەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە چەند شارۆچکە و گوندێکی نزیک دێرەزوور.

لە لایەکی دیکەوە گرووپە جیهادییەکان کە لە شەڕی سووریادا چالاک بوون، بەتایبەتی داعش،  لەگەڵ گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا کە لە لایەن تورکیاوە پاڵپشتی دەکرێن، هەروەها گرووپەکانی پێوەندیدار بە قاعیدە و هاوپەیمانەکانیان، لە نێو دوژمنانی دیکەی هێزەکانی سووریای دیموکراتن.

لە کاتی دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە هەماهەنگی ئەمریکا، هیچ باسێک لە مەیلی ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی ئەم گرووپە نەکرا. لەگەڵ ئەوەشدا، تورکیا هێشتا ئەم هێزەی بۆ قبوڵ ناکرێ.

ڕێکخستنی هێزەکانی سوریای دیموکرات چەندین گروپ و کەتیبەی چەکداری لەخۆدەگرێت.

بۆچوونەکان سەبارەت بە پێکهاتەی سەرەکی ئەم هێزانە جیاوازن. هەندێک پێیان وایە یەکینەکانی پاراستنی گەل کە هێزێکی کوردییە، زۆرینەی ئەندامانی هێزەکانی سوریای دێموکرات پێکدەهێنن و وەک ناوەکی ئەو هێزە کاردەکەن. لە لایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتەکانی دیکە دەریدەخەن کە ژمارەی چەکدارانی عەرەب لەم هێزەدا زیادی کردووە لەگەڵ پێشڕەویکردنی هێزەکانی سوریای دیمکرات لە ناوچە عەرەبییەکان.

بەپێی ئامارێکی پنتاگۆن لە مانگی ئازاری ساڵی ٢٠١٧، کورد ٤٠٪ و عەرەب ٦٠٪ی هێزەکانی سوریای دیموکرات پێکدەهێنن. بەڵام سەرچاوەی تر ئەم ڕێژانە دەخەنە ژێر پرسیارەوە و ڕایانگەیاندووە کە ژمارەی چەکدارە عەرەبەکان لەو ڕێژەیە کەمترە. بەهەر حاڵ هەموولایەک کۆدەنگن لەسەر ئەوەی سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات بەدەست کوردەوەیە.

 

٣. هێزەکانی سوریای دیموکرات گروپی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت

یەکینەکانی پاراستنی گەل ناسراو بە یەپەگە: ئەم گروپە چەکدارە لە کۆتایی ساڵی ٢٠١١ پێکهێنرا بۆ ئازاد کردن و پاراستنی ناوچە کوردییەکانی سوریا. ئەم گرووپە لە لایەن پارتی یەکێتیی دیموکرات (سووریا) و ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردەوە دامەزرا.

ئەنجومەنی سەربازی مەسیحی سوریا: ئەم گروپە میلیشیا سورییە لە ساڵی ٢٠١٢ لە شاری قامیشلۆ بە پاڵپشتی حکومەتی سوریا پێکهێنراوە. ئەم گروپە سەرەتا لقێکی پارتی ئیتیحادی سوریا بووە کە لە پارتی کرێکارانی کوردستانەوە نزیکە و دواتر پەیوەندی بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کردووە.

هێزەکانی صەنادید: ئەم هێزە بە شێوەیەکی سەرەکی لە چەکدارانی عەشیرەتی شەمەر پێکهاتووە کە یەکێکە لە هۆزە عەرەبە دیارەکانی ناوچە گوندنشینەکانی باکووری پارێزگای حەسکە.

سوپای شۆڕشگێڕەکان: گروپێکی چەکداری فرەنەتەوەیە کە سەرەتا هاوپەیمانی هێزەکانی پاراستنی گەل بوون و دواتر پەیوەندییان بە هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە کرد. ئەم گروپە لە ساڵی ٢٠١٥ لە پاشماوەی سوپای ئازادی سوریا دروست بووە کە تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٢ پێکهاتەکەی لەناوچووە.

لیوای تورکمانی سەلجوقی: ئەم گروپە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٣ پێکهێنراوە و سەرەتا پاڵپشتی تورکیای هەبوو، بەڵام دواتر ئەم پەیوەندییە گرژی تێکەوت. لیوای تورکمانی سەلجوقی لە مانگی ئابی ٢٠١٥ پەیوەندی بە 'سوپای شۆڕشگێڕەکانەوە' کرد و دواتر بوونە بەشێک لە هێزەکانی سوریای دیموکرات. ئەم لیوایە بە پێچەوانەی گرووپە تورکمانییەکانی سەر بە تورکیا، هاوپەیمانی یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد بوو.

یەکینەکانی پاراستنی ژنان ناسراو بە یەپەژە: هاوبەشی سەرەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتە، کە لە ژنە چەکدارەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل پێکهێنرا.

تورکیا دانی بە هێزەکانی سوریای دیموکراتدا نەناوە و پێداگری دەکات لەسەر ئاماژەکردن بە دوو پێکهاتەی سەرەکی هەسەدە ئەویش یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان، لە ڕوانگەی ئەنقەرەوە دوو "ڕێکخراوی تیرۆریستی"ن.

بەگوێرەی بەشی چاودێریی بی بی سی، "ژووری ئۆپەراسیۆنی گڕکانی فورات" کە ژوورێکی ئۆپەراسیۆنی هاوبەشە، هێزەکانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و سوپای شۆڕشی ڕەقە لەخۆدەگرێت کە بە شێوەیەکی سەرەکی لە چەکدارانی عەرەب پێکهاتوون.

 

٤. مەزلوم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات، کێیە؟

ئەم فەرماندە کوردە  کە پیرۆزبایی لە دۆناڵد ترەمپ کرد پاش سەرکەوتنی لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکا، پێشتر لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتی ترەمپدا ڕەخنەی لە سیاسەتەکانی ئەمریکا بەرامبەر سوریا گرتبوو.

بەپێی ڕاپۆرتی ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، عەبدی ڕۆڵێکی بەرچاوی لە بەرەکانی شەڕ و هەروەها لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە سەرکردە ڕۆژئاواییەکان بینیوە.

عەبدی لە شاری کۆبانی لە پارێزگای حەلەب لە دایکبووە و بە چەندین نازناو ناسراوە. ناوی ڕاستەقینەی فەرهاد عەبدی شاهین، بەڵام بە نازناوی "جەنەڕاڵ مەزلوم کۆبانی" ناسراوە. دوای ئەوەی تورکیا بە تۆمەتی تیرۆریزم تۆمەتباریکرد، ناوی جۆراوجۆری دیکەی بەکاردەهێنا بۆ خۆدزینەوە لە دادگاییکردنی ئینتەرپۆل.

عەبدی لە ساڵی ١٩٩٠ پەیوەندی بە پارتی کرێکارانی کوردستان لە سوریا کردووە و دۆستێکی نزیکی عەبدوڵڵا ئۆجالانە. دەسەڵاتدارانی سوریا چەند جارێک بەهۆی چالاکییە سیاسییەکانیەوە دەستگیریان کردووە. دوای دوایین دەستگیرکردنی لە ساڵی ١٩٩٧ چووە ئەوروپا. لە ئەوروپا تا لەشکرکێشی ئەمریکا بۆ سەر عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ مایەوە و دواتر گەڕایەوە هەرێمی کوردستانی عێراق بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی سیاسی لە ئەستۆ بگرێت.

پێش دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریا، عەبدی کەسایەتییەکی ناسراوی ناو سوریا نەبووە. بەڵام کاتێک شەڕ دەستی پێکرد، بەهۆی ئەو ڕۆڵە گرنگەی کە لە ململانێکەدا بینیبووی، بە خێرایی ناوی کەوتە پێشەوە. دوای ئەوەی بە سەرکەوتوویی سەرکردایەتی شەڕەکانی باکوری سوریای کرد، لەنێویاندا دژی داعش، بووە کەسایەتییەکی دیاری سەربازی.

لەگەڵ دەستپێکردنی شەڕ لە سوریا، عەبدی بەرپرسی یەکینەکانی پاراستنی گەل بوو. لە ساڵی ٢٠١٤ سەرکردایەتی دانوستانەکانی لەگەڵ واشنتۆن بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی دژی داعش کرد. لەگەڵ دامەزراندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ساڵی ٢٠١٥، عەبدی فەرماندەی ئەو هێزانەی گرتە ئەستۆ.

پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا هەیە و بە کەسایەتییەکی متمانەپێکراو ناسراوە. کۆنگرێسی ئەمریکا پاڵپشتی عەبدی دەکەن، چونکە زۆرێک لە ئەندامانی کۆنگرێس وەک هاوبەشێکی ستراتیژی دەیبینن کە هاوکاری ئەمریکای کردووە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی داعش.

 

٥. زیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە ژێر چاودێریدایە

ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بە تایبەت ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتەکانیاندا ڕەخنەیان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات گرتووە بەهۆی بارودۆخی ئەو زیندانانەی کە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا بەڕێوەی دەبەن، هەروەها ڕەخنە لە سیستمی دەستبەسەرکردنی ئەو گرووپە دەگرن.

ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێن ئەم زیندانانە بەهۆی بارودۆخی ئەوپەڕی خراپیان، ناوبانگیان بەدەستهێناوە. ڕێکخراوەکە دەڵێت نزیکەی هیچ ڕێگەیەک نییە بۆ ئەوەی دەستگیرکراوەکان بە شێوەیەکی یاسایی تەحەدای دەستبەسەرکردنەکەیان بکەن.

ڕاپۆرتەکانی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکەن کە بەندکراوەکان بە شێوەیەکی سەرەکی ئەو کەسانەن کە گومانیان لێدەکرێت ئەندامی گروپی داعش بن و خێزان و منداڵ و کەسوکاریان لە کەمپەکانی دەستبەسەرکردندا ڕاگیراون.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×