وەفدی دەم پارتی: كۆبونەوەمان لەگەڵ باخچەلی باش بو
  2025-01-02       789       

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەفدی دەم پارتی سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی گشتی مەهەپەی كردو لەدوای كۆبونەوەیان، ئەندامێكی وەفدەكەی دەم پارتی رایگەیاند، كۆبونەوەكەیان باش بوە.

ئاوێنە: ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەفدی دەم پارتی كە پێكهاتون لە پەروین بوڵدان، سری سورەیا ئۆندەر و ئەحمەد تورك، سەردانی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی گشتی مەهەپەی كردو كۆبونەوە.

بەپێی میدیاكانی كۆبونەوەكە نزیكەی 40 خولەكی خایاندوەو ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، كۆتایی هاتوە.

پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی و ئەندامی وەفدەكە لەدوای كۆبونەوەكەدا لە لێدوانێكی كورتدا بۆ ئاژانسی میزۆپۆتامیا رایگەیاند، كۆبونەوەكە بەباشی بەڕێوەچوە.

سەردانی وەفدی دەم پارتی بۆ لای باخچەلی لە چوارچێوەی كۆبونەوەیاندایە لەگەڵ لایەنە جیاجیاكانی توركیا لەبارەی پرۆسەی ئاشتی و دۆزی كورد، ئەوەش لەسەر پێشنیاری عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری گشتی پارتی كرێكارانی كوردستان كە لەم دواییەدا وەفدی دەم پارتی لە ئیمرالی سەردانیان كردبو.

بەر لە كۆبونەوەیان لەگەڵ دەوڵەت باخچەلی، هەر پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەفدەكەی دەم پارتی لەگەڵ لەگەڵ نومان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا کۆبونەوە.

 لەدوای كۆبونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی پەرلەمانی توركیا، سری سورەییا ئۆندەر لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان، وتی کۆبونەوەکە زۆر باش بو و لە کۆبوونەوەکەدا زانیارییان سەبارەت بە دیدارەکەی ئیمراڵی بە سەرۆکی پەرلەمان داوە و گوێیان لە پێشنیارەکانی سەرۆکی پەرلەمانیش گرتوە.

ئەو وتیشی"لەوانەیە رۆژی دوشەممە لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، ئاکپارتی، بە گشتی لەگەڵ تەواوی نوێنەرەکانی پەرلەمان کۆدەبینەوە و بۆ ئەم مەبەستە کاتەکان دیاری دەکرێن. دوای هەمو ئەو سەردانانە وەکو شاند لە کۆنفرانسی رۆژنامەڤانیدا رونکردنەوە دەدەین. هەر بۆیە ئێستا نایکەینە پرسیار و وەڵام".

لە وەڵامی پرسیاری ئەوەی کە ئایا هیواتان بە پرۆسەکە هەیە؟ سری سورەییا ئۆندەر وتی: "بێگومان هیوامان هەیە".

 لەبارەی ئەگەری دیداری وەفدەكەی دەم پارتی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا، ئۆندەر وتی:"ئەمە قسەی لەسەر دەکرێت".

بەپێی بەرنامەی وەفدەكە، بڕیارە دوای كۆبونەوەكان، وەفدەكەی دەم پارتی دوبارە سەردانی ئیمرالی بكاتەوەو لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان كۆببێتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×