مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، دۆخی دارایی عێراق خراپەو وابڕوات موچە (45) رۆژ بۆ دو مانگ دوادەكەوێت. دەشڵێت، مانگانە عێراق پێویستی بە (8) تریلیۆن دینارە بۆ موچە.
ئاوێنە: مستەفا سەنەد، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەندامی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پەیامێكدا وتی، بودجەی سێ ساڵەی عێراق كارێكی هەڵەبو، چونكە پابەندییەكانی زۆرن و كاتی خۆشی وتمان جێبەجێناكرێت.
ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی، عێراق مانگانە پێویستی بە (8) تریلیۆن دینارە بۆ موچە،(6) تریلیۆن دینار بۆ موچە فەرمانبەرانی مەدەنی و سەربازی و موچەی هەرێمی كوردستان،(1) تریلیۆن و (600) ملیار دینار موچەی خانەنیشینان، (500 بۆ 600) ملیار دینار بۆ موچەی چاودێری كۆمەڵایەتییە.
ئاماژەی بەوەشداوە، وێڕای ئەوەی مانگانە سەدان ملیار دیناری تر زیادبوە بۆ خەرجییەكان، كە هیچ حسابێكی پێشتری بۆ نەكراوە.
بەپێی قسەی مستەفا سەنەد، تەنیا لە مساڵدا (11) تریلیۆن دینارمان بۆ موچەی هەرێمی كوردستان خەرجكردوە، بەڵام هەرێمی كوردستان تائێستا (4) تریلیۆن دیناری لە داهاتی ناوخۆ دەستكەوتوە، تەنیا (400) ملیار دیناری بۆ بەغدا ناردوەو داهاتی نەوتیش نزیكەی (11) تریلیۆن دیناری عێراقییە، لە نەوتی قاچاغ و نەوتی رەش و نەفتاو بەنزین.
ئەو پەرلەمانتارە وتوشیەتی"ئەو پارانانەی سەرۆك وەزیران داویەتی بەهەرێمی كوردستان پشتی تەرخانكراوە داراییەكانی عێراقی شكاندوە."
جەختیشی كردۆتەوە كە موچەی مانگانە لە عێراق دوادەكەوێت و هەندێك لە فەرمانگەكان ئەمڕۆ موچەیان وەرگرتوە، هەندێكیش تائێستا موچەیان وەرنەگرتوە.
مستەفا سەنەد پێی وایە، گەر دۆخەكە وابڕوات لەمانگەكانی داهاتودا موچە بۆ 45 رۆژ و 50 رۆژ و دو مانگ دوادەكەوێت، رەنگە هەندێك فەرمانگە هەر وەرینەگرن.
وتوشیەتی، هەندێك كەس لە ئێستادا ئەم قسانە وەرناگرن، چونكە تائێستا نەبوە بەشۆك و بەشێوەیەكی لەسەرخۆ رودەدات.
هێمای بۆ ئەوەش كردوە، نرخی نەوت بەمشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە رەنگە بەزەحمەت موچەخۆران موچەكانیان وەربگرن، نرخی نەوت چەند دۆلارێك داببەزێت، یان سێ لەسەر چواری موچەخۆران موچە وەردەگرن یان هەمومان سێ لەسەر چوار موچەكانمان وەردەگرین، یان موچە دەبێت بە (45) رۆژ جارێك یان دەبێت بە پاشكەوتی زۆرەملێ.
ئەوەشی خستۆتەڕو، خەزێنەی دەوڵەت سفرە بەهۆی سیاستەكانی حكومەتەوە، كە پارێزگاكان و وەزارەتەكانی فەرامۆش كردوەو، قاسەی وڵاتی بۆ دروستكردنی پرد لە شارێك كردوەتەوە.