مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق داوا دەكات رۆژی یەكشەممەی داهاتو دانیشتنی نائاسایی پەرلەمان بۆ یەكلاكردنەوەی چارەنوسی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان ئەنجام بدرێت كە رۆژی 7ی ئەم مانگە تەمەنی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆن تەواو دەبێت.
ئاوێنە: مەحمود مەشهەدانی، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، بەهۆی نزیكبونەوەی وادەی كۆتاییهاتنی تەمەنی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، بانگهێشتی پەرلەمان دەكەم بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێكی نائاسایی لە سەعات 1ی پاشنیوەڕۆی رۆژی یەكشەممە 5/1/2025.
سەرۆكی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشداوە كە بانگهێشتەكەی لەسەر بنەمای داواكارییەكی ئەنجومەنی كۆمسیاران و هەروەها پشت بەستوە بە ماددەی 58/یەكەمی دەستورو 34/سێیەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان.
مەشهەدانی وتوشیەتی، ئامانج لە دانیشتنەكەی پەرلەمان بۆ بڕیاردانە لەسەر درێژكردنەوەی ماوەی كاری ئەنجومەنی كۆمیسیاران كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان.
ئەوەش لەكاتێكدایە كە رۆژی 7ی ئەم مانگە وادەی كاری ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تەواو دەبێت.
تەمەنی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی كۆمسیۆن پێشتر دوجار درێژكراوەتەوە، یەكەمیان لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكانی عێراق و دوەمیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، ئێستاش كە تەمەنی ئەنجومەنی كۆمیسیاران نزیك بۆتەوە لە كۆتایی، لەكاتێكدایە كە بڕیارە لە مانگی ئۆكتۆبەری ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.