سودانی: عێراقمان لە شەڕ دورخستەوە
  2025-01-04       186       

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەماوەی چەند مانگی رابردودا، كارمان كرد بۆ دورخستنەوەی عێراق لە شەڕ. دەشڵێت، كەسانێك هەن هەوڵی ئەوەیان دا گۆڕانكارییەكان لە سوریا ببەستەوە بە قسەكردن لەسەر گۆڕینی سیستمی سیاسی لە عێراق، كە ئەوەش شتێكە بەهیچ شێوەیەك جێی گفتوگۆ نییە.

ئاوێنە: محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە، لەمیانی بەشداریكردنی لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی شەهیدبونی محەمەد باقر حەكیم لە بەغدا وتی، لەماوەی زیاتر لە ساڵێكدا، ناوچەكەمان پێشهاتی گەورەی بەخۆوە بینی كە گۆڕانكاری سیاسی كاریگەری بەدوای خۆیدا هێنا.

وتیشی، لە سەرەتای روداوەكانی سوریاوە، پەرۆش بوین بۆ دورخستنەوەی عێراق لە لایەنگریكردنی گروپێك یان لایەنێك و بژاردەكەمان جێهێشت بۆ سورییەكان خۆیان كە بڕیار لە چارەنوسیان بدەن.

ئەوەشی خستەڕو، كەسانێك هەن هەوڵی ئەوەیان دا گۆڕانكارییەكان لە سوریا ببەستەوە بە قسەكردن لەسەر گۆڕینی سیستمی سیاسی لە عێراق، كە ئەوەش شتێكە بەهیچ شێوەیەك جێی گفتوگۆ نییە.

ئاماژەی بەوەشدا، ئێمە سیستمێكی دیموكراسیی فرەییمان هەیە كە هەموان لەخۆدەگرێت و ئاڵوگۆڕی ئاشتیانەی دەسەڵاتی تێدایە و رێگە دەدات بە چاكسازی و چاككردنەوەی هەڵەكان لەژێر سایەی دەستورو یاساداو هیچ كەسێك مافی ئەوەی نییە گۆڕانكاری و چاكسازی لە هیچ دۆسیەیەكدا بەسەر ئێمەدا بسەپێنێت، ئیدی دۆسیەی ئابوری بێت یان دۆسیەی ئەمنی، لەكاتێكدا ئێمە خۆمان دانمان بەوەدا ناوە كە پێویستمان بە پڕۆسەی چاكسازی هەیە لە جومگە جیاجیاكاندا.

جەختیشی كردەوە، لەسەدا 60ی بەرنامەی حكومەتەكەیان جێبەجێكراوەو چاكسازییان لە پێكهاتەی كارگێڕی و داراییدا كردوە.

سودانی هێمای بۆ ئەوەش كرد، لەماوەی چەند مانگی رابردودا كارمان كرد بۆ دورخستنەوەی عێراق لەوەی ببێتە گۆڕەپانی شەڕ و وتیشی، دەبێت بەرژەوەندی باڵای عێراق لەسەرو هەمو شتێكەوە بێت و یەكڕیزی بەهێز بكرێت بۆ روبەڕوبونەوەی ئاڵەنگارییەكان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×