2024-12-31   770     
هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە ڕایگەیاند، کە بڕوایان هەیە، کە لە ساڵی نوێدا عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد دەبێت، پرسی کورد چارەسەر دەبێت و تورکیا هەرێمەکە دیموکراتیک دەبن.
ئاوینە: هاوسەرۆکایەتی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) بە بۆنەی ساڵی نوێوە پەیامێکی بڵاوکردەوەوتێیدا هاتووە، مرۆڤایەتی و گەلەکەمان پێدەنێتە ساڵێکی نوێوە، ساڵی رابردوو لە جیهان، هەرێمەکەمان و وڵاتەکەمان شەڕی دابەشکردنی جیهانی سێهەم قووڵبووەوە، زیانی گەورەی گیانی و برینداری زۆری لێکەوتەوە، ناوچەی زیاتری تەنیەوە و بەردەوام بوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتوە، "وەک بزوتنەوەی گەل و ئازادی، ئێمە رایدەگەیەنین کە روانینەکانی رێبەرایەتیمان کە لە دوا رۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٤دا وەک مانیفیستۆیە، لە ساڵی نوێدا دەبێتە رێنیشاندەری تێکۆشانمان. ئێمە داوا لە گەلەکەمان، سەرجەم دۆستانمان، هەموو بەشە سیاسییەکان و رێکخراوە جەماوەرییە دیموکراتیکەکانی لایەنگری چارەسەری پرسی کورد و دیموکراتیکبوونی تورکیا دەکەین کە لە سەر ئەو بنەمایە تێبکۆشن.
کەجەکە ڕایگەیاندووە، بە بیر و بڕوای ئەوەی کە لە ساڵی نوێدا عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد دەبێت، پرسی کورد چارەسەر دەکرێت، تورکیا و هەرێمەکە دیموکراتیک دەبێت و ئاشتی و ئارامی هەرێمەکەمان و سەرتاسەری جیهان دەگرێتەوە، ئێمە سەرەتا سەری ساڵی نوێ لە ئۆجالان، هەموو هاوڕێیان، ژنان و رەنجدەران کە لەپێناو ئازادیدا تێدەکۆشن، پیرۆز دەکەین.