عەلی فەتاح
دیاردەیەکی سەیری ناو دونیای ناڕەزایەتی ئێمەیە، جۆرێکە لەدەربڕینی نەرمی ناکاریگەری ناڕەزایەتی، بەبڕوای من کورد لەم جۆرە ناڕەزایەتیە هیچ سودێکی وەرناگرێت و خزمەت بەهیچ دۆزێک ناکات، بۆ یەکەمین جارە کەسێک ڕاستەوخۆ هێلکەی بەردەکەوێت، کە لەڕاستیدا شاسوار عبدالواحید بەهەموو ڕەخنەو تێبینی و گومانەکانەوە لەسەری کەسێکی مەدەنیە، من هەرگیز پشتیوانی لەهیچ هێرشێکی جەستەیی (هێلکەیی) ناکەم بۆسەر کاراکتەرە مەدەنیەکان.
هێرشکردنە سەر بکەرە سیاسیە مەدەنیەکان جگەلە بێدەسەڵاتیەکی لاواز لای من هیچیدیکە نییە.
ساڵانێکە دونیای ناڕەزایەتی هەندەرانی ئێمە سیخناخە بەدوو جۆر ناڕەزایەتی یەکەمیان (کەمینی هێلکە)و دووەمیان (پەیوەندی تەلەفۆنی بێزارکەر) هیچ کام لەم دوو ڕێگایە بەبۆچونی من ناگەنە هیچ خانەیەکی ناڕەزایەتی کاریگەر.
هەر دوو جۆرەکە ئامانجەکانیان لێڵ و ناڕونن، بکەرەکانیش ناتوانن بچوکترین کاریگەری ئەم ناڕەزایەتیانەمان پێبڵێن، هەردوو جۆرەکەی ناڕەزایەتی لەژێر کاریگەری (ئیرەیی سیاسی و خۆنمایشکردنێکی بێمانا)دان.
دوو ڕێگان بە ئامانجی دەرکەوتنی کەسی بکەر (وەک نمایشکار)
کەرامەتیم شکاند، کەرامەتیم شکاند... دوو ڕستەی جنێو ئامێزی نا لۆژێکی ناسیاسی ناکاریگەری ناڕێکوپێکی ناو ئەو دونیا لێڵ و لیخنەی ناڕەزایەتین کە بۆ فەرهەنگی زمانەوانی ئێمەش ناگونجێن.
شاسوار عبدالواحید لەناوخۆی کوردستانیش زۆر ئاسانە خەڵک بەردباران و هێلکە باران و وڵات بەدەریبکات، بەڵام ئایا تا ئێستا بۆچی خەڵکی کوردستان بەوجۆرەیان نەکردووە؟ ڕونە لەبەرئەوەیە کە کەسێکی مەدەنیەو کاراکتەرە مەدەنیەکانیش بەو جۆرە مەترسیدارنین لەسەر ژیان و داهاتوی خەڵک کە پێویست بەوەها ڕەفتارێک بکات. بڕوانن بەلێشاو پەیج و ئەکاونتەکان سەپۆرتی ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە دەکەن بەبێ ئەوەی بزانن بۆ؟
پرسیارە هەرە سادەکە ئەوەیە... ئایا دوای هێلکەبارانکردنی شاسوار عبدالواحید، کۆتایی بە ژیانی سیاسی شاسوار و جوڵانەوەکەیی و روماڵی (ئێن ئاڕ تی)یەکانی دێت؟ بەپێچەوانەوە من هیچ گومانم نییە کە نەک کاریگەری نەرێنی لەسەریان نابێت، بەڵکو تەرجومەی دەکەن بەئاراستەی گەشەکردنی زیاتری جوڵانەوەکەیان، من گومانم نییە کە خودی شاسوارو جوڵانەوەکەی ئیستسماری سیاسی و مەعنەوی ئەرێنی لەسەر ئەم کەیسە دەکەن و هاوکێشەکە لە زیانەوە بۆ سود پێچەوانە دەکەنەوە...
تێبنی:
١/ هیوادارم ئەم نوسینە سود بە ئاراستەی ناڕەزایەتیەکانی دەرەوە بگەیەنێت و هاوڕێیانی هەندەران بیر لەجۆرەکانیتری ناڕەزایەتی و گۆڕانکاری بکەنەوە.
٢/ لە شەش ساڵی رابردوودا زۆرترین ڕەخنەم لەهێزە سیاسیەکانی دوای دروستبونی گۆڕان گرتوە لەپێشیانەوە نەوەی نوێ و شاسوار عبدالواحید... بەڵام بەهیچ جۆرێک پشتیوانی لەکەمینی هێلکە ناکەم و بەدەستدرێژی و هەڵەی دەزانم.