عێراق بەتەواوەتی ئەمنیەتی سنوری هاوبەشی لەگەڵ ئێران راگەیاند
  2024-12-31       823       

فەرماندەیی پاسەوانی سنوری عێراق رایگەیاند، سنوری هاوبەشیان لەگەڵ ئێران بەتەواوی پارێزراوە. 

ئاوێنە: ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیەندراوێکی لیوا محمد عەبدولوەهاب سوكه‌ر، فەرماندەی پاسەوانی سنوری بڵاوکردووەتەوە، کە تیایدا ئەمڕۆ شەممە ئەو فەرماندە لەمیانی دیدارەکەیدا لەگەڵ سەرکردەکانی پاسەوانی سنور لە کۆماری ئیسلامی ئێران، وتویەتی "سنوری هاوبەش ناوچەکانی لەگەڵ ئێران بەتەواوی پارێزراوه‌ و ڕێگری لەهەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی قاچاخی یان پێشێلکاری سنوورەکان گیراوە".

لیوا سوکەر جەختی لەوەش کردووەتەوە "پاسەوانی سنوری عێراق ئامادەیە هاوکاری لەگەڵ پاسەوانی سنوری کۆماری ئیسلامی ئێران بکات بۆ دەستەبەرکردنی پاراستنی سنورەکان و ئاسانکاری بۆ هاتوچۆی سەردانکەران له‌یادی ئەربەعینی ئیمام حسێن (س .خ)".

له‌ راگه‌یندراوه‌كەدا‌ ئه‌وه‌ش هاتووه‌ "ئەم دیدارە کە فەرماندەکانی پاسەوانی سنور لە پارێزگاکانی کرماشان، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، خوزستان، کوردستان، و ئیلام ئامادەی بوون، ئامانجی به‌هێزكردنی ئاستی هاوکاری و دیراسەکردنی کێشە سنورییەکان و ئەمنییەکانی نێوان دوو وڵات و پاراستنییە سنوری هاوبەش".

لای خۆیەوە، لیوا ئەحمەد عەلی گودەرزی، فەرماندەی پاسەوانی سنوری ئێران دەڵێت "هێزەکانی پاسەوانی سنور لە ئێران و عێراق شانبەشانی یەکتر لەپێناو دەستەبەرکردنی ئاسایشی گەلانی دوو وڵات کار دەکەن".

گودەرزی لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژەی بە، هاوکاری باش و پەیوەندییە سنورییە نایابەکانی نێوان پاسەوانانی سنور لە ئێران و عێراق کرد و ناوبراو ئەوەشی خستە روو "ئێران ١٦٠٩ کیلۆمەتر سنوری هاوبەشی لەگەڵ عێراقدا هەیە و ئەم سنورە هاوبەش و فراوانە بەباشی چاودێری دەکرێت و بەباشی بەڕێوەدەبرێت لە سایەی نایابەکان پەیوەندی و هاوکاری نێوان پاسەوانانی سنور لەهەردوو وڵات".
 

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×