بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی ڕایگەیاند، لە ئاهەنگەكانی شەوی سەری ساڵدا ١٣ حاڵەتی برینداربوون لە سلێمانی تۆمارکراون.
ئاوێنە: سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاکەوتنی خێرای سلێمانی سەبارەت بە ژمارەی برینداربوون لە شەوی سەری ساڵ لە سلێمانی بەم شێوەیە زانیاری بۆ میدیا ناوخۆییەکان خستەڕوو شەوی ڕابردوو لەکاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ لە سلێمانی ١٣ حاڵەتی برینداربوون تۆمارکران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەنێو حاڵەتەکاندا ڕووداوی هاتوچۆ، شەڕە چەقۆ، بورانەوە و تەنگەنەفەسی هەبووە، هەروەها حاڵەتیش هەبووە کە تەقەمەنی بەر چاوی کەوتووە و برینداربووە.
وتیشی، لە شەوی ڕابردوودا ١٠٠ کەس لە شوێنە جیاجیاکان چارەسەری پزیشکییان بۆ ئەنجامدراوە، کە ئازاری سەرئێشە، ددان ئێشە و چەند گرفتێکی دیکەیان هەبووە.